Accessibility links

سەرۆک و سەرۆک وەزیرانی هەرێم پێشوازی لە ئەردۆغان دەکەن


سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان گەیشتە فڕۆکەخانەی هەولێر و لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی و سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانییەوە پێشوازی لێکرا.

چاوەڕوان دەکرێت لە ماوەی داهاتوودا ئەردۆغان لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمدا کۆبوونەوەی تایبەت ئەنجام بدات بەر لە گەڕانەوەی بۆ تورکیا.

نێچیرڤان بارزانی لە تویتێکدا پێش گەیشتنی ئەردۆغان بۆ هەولێر ڕایگەیاند ”سه‌ردانى مێژووييى سه‌رۆك ئه‌ردۆغان بۆ به‌غدا و هه‌ولێر له‌ كاتێكى هه‌ستيارى ناوچه‌كه‌دا دێت‌ که‌ ئاماژه‌یه‌ بۆ په‌يوه‌نديى سياسى و ئابوورى و ئه‌منيى به‌هێزى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ توركيادا. خۆشحاڵم كه‌ له‌ هه‌ولێر پێشوازى له‌ سه‌رۆك ئه‌ردۆغان ده‌كه‌م و له‌سه‌ر چه‌ند پرسێكى گرنگى وه‌ك ئاشتى و سه‌قامگيرى و په‌ره‌پێدانى ئابوورى، گفتوگۆ ده‌كه‌ين."

ئەم سەردانەی ئەردۆغان بۆ هەولێر لە چوارچێوەی سەردانە پلان بۆ دارێژراوەکەیدایە بۆ عێراق لە پاش نزیکەی 13 ساڵ. لە بەغدا ئەردۆغان لەگەڵ سەرۆک عەبدول لەتیف ڕەشید و سەرۆک وەزیران محەمەد شیاع سودانی کۆبوویەوە.

لە بەغدا پاش کۆبوونەوەیەکی چەند کاتژمێری و واژۆکردنی ڕێککەوتنامە و یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان هەردوو وڵات، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، رەجەب تەیب ئەردۆغان ڕایگەیاند، "پێشوازی لەوە دەکەین پەکەکە وەکو ڕێکخراوێکی قەدەغەکراو لە عێراق دانراوە، گفتووگۆمان کرد لەبارەی هەنگاوی هاوبەشمان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پەکەکە."

لای خۆیەوە محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق وتی، "ڕێگە بە هیچ هێزێک نادەین خاکی عێراق بەکاربهێنێت بۆ هێرشکردنە سەر خاکی دراوسێمان."

سەردانەکەی سەرۆک کۆماری تورکیا بۆ عێراق لەکاتێکدایە، بەرپرسانی باڵای تورکیا ئاماژە بە ئەنجامدانی هێرشێکی بەرفراوان لە ماوەکانی داهاتوودا بۆ سەر ناوچە سنورییەکانی هەرێم دەکەن بە بیانووی بوونی چەکدارانی پەکەکە لەو ناوچانە.

XS
SM
MD
LG