Accessibility links

ئیسرائیل دوو لیوای سەربازی لە غەززە جێگیردەکات


سوپای ئیسرائیل ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند دوو لیوای سەربازی لە کەرتی غەززە جێگیر دەکات، لە کاتێکدا ئیسرائیل خۆی بۆ هێرشی زەمینی بۆ سەر شاری ڕەفەح لە باشووری وڵاتەکەی ئامادە دەکات.

سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند لیواکان "ئەرکی بەرگری و تاکتیکی" ئەنجام دەدەن، بەبێ ئەوەی وردەکاری زیاتر لەسەر پلانەکان بخاتەڕوو.

کاربەدەستانی ئیسرائیل ڕایانگەیاند هێرش بۆ سەر ڕەفەح پێویستە لە پێناو گەیشتن بە ئامانجەکەیان کە لە ناوبردنی تاقمی چەکداری حەماسە.

ئەمەریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان و چەند وڵاتێکی دیکە نیگەرانی خۆیان سەبارەت بەو لەشکرکێشییە زەمینییە دەربڕیوە و دەڵێن، دەکرێت کارەساتی مرۆیی لە ڕەفەح لێبکەوێتەوە، لەکاتیكدا زیاتر لە نیوەی دانیشتوانی غەززە پەنایان بۆ ئەم ناوچەیە بردووە.

سوپای ئیسرائیل، ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند "لە ماوەی ڕۆژی ڕابردوودا سەربازەکان زیاتر لە 50 ئامانجیان لە غەززە پێکاوە."

هەروەها هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر پێگەکانی حزبوڵا لە باشووری لوبنان ئەنجام دراون، لەوانەش لە وەڵامی زنجیرەیەک هێرشی موشەکی لەلایەن حزبوڵاوە، کە بە گوتەی ئەو گرووپە چەکدارە، لە وەڵامی کوژرانی هاووڵاتیانی سڤیل بووە لە چەند هێرشێکی پێشووی ئیسرائیلدا.

هەردوو گرووپی چەکداری حەماس و حزبوڵا لە لایەن ئەمەریکاوە وەک ڕێکخراوی تیرۆریستی دەستنیشان کراون.

XS
SM
MD
LG