Accessibility links

سەرۆک بایدن لە یادی جینۆسایدی ئەرمەنییەکاندا ڕێز لە " خۆڕاگری" ئەرمەنییەکان دەگرێت


ڕۆژی چوارشەممە لە یادی 109 ساڵەی کۆمەڵکوژی ئەرمەنییەکاندا جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا، ڕایگەیاند بەڵێنەکان بۆ لە یادنەکردنی قوربانیانی جینۆسایدی ئەرمەنییەکان، نوێ دەکەینەوە.

سەرۆک بایدن دەڵێت " هەڵمەتی دڕندەیی لە 24ی چواری ساڵی 1915 دەستیپێکرد، کاتێک دەسەڵاتدارانی عوسمانی ڕۆشنبیران و سەرکردەکانی کۆمەڵگەی ئەرمەنییەکانیان لە قوستەنتینیە دەستگیرکرد."

سەرۆک بایدن لە ڕاگەیاندنەکەیدا دەشڵێت " لە کاتێکدا ئێمە ماتەمینی ئەم کارەساتە دەگرین، ڕێز لە خۆڕاگری گەلی ئەرمەنیش دەگرین. دوای ئەوەی ڕووبەڕووی یەکێک لە ڕەشترین بابەتەکانی مێژووی مرۆڤایەتیان بوونەوە ، ڕزگاربووان دەستیان کرد بە دروستکردنی داهاتوویەکی باشتر بۆ ئەم جیهانەمان. بە بوێری و پابەندبوونیان ژیانی خۆیان دروستکردەوە. کولتووری خۆیان پاراست. ئەوان پێکهاتەی نەتەوەییان لە سەرانسەری جیهان بەهێزتر کرد، بە هی خۆشمانەوە و چیرۆکەکانیان گێڕایەوە بۆ ئەوەی دڵنیابن لەوەی ئەو دڕندەییەی کە 109 ساڵ لەمەوبەر لەم ڕۆژەدا دەستی پێکرد، جارێکی تر دووبارە نەبێتەوە."

سەرۆک بایدن پابەندبوونی ئەمەریکای دووپات کردەوە بۆ بەرگری کردن لە مافەکانی مرۆڤ و هاتنەدەنگ لە دژی نەژادپەرستی.

ئەمەریکا لە ساڵی 2021دا بە فەرمی کۆمەڵکوژی ئەرمەنییەکانی لە لایەن عوسمانییەکانەوە بە جینۆساید ناساند.

پێشتر ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا لە 29 ی مانگی دەی ساڵی 2019 بڕیارێکی بۆ بە جینۆساید ناساندنی کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان پەسەندکرد و ئەنجومەنی سیناتیش لە 12 ی مانگی دوازدەی 2019 بڕیارێکی هاوشێوەی پەسەندکرد.

کۆنگرێسی ئەمەریکا دەڵێت مەزەندەدەکرێت لە نێوان ساڵانی 1915-1923 نزیکەی 1.5 ملیۆن ئەرمەنی بە دەستی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی کوژرابن و ئەمەش بۆ خۆی جینۆسایدە.

هەموو ساڵێک لە 24 ی مانگی چوار، ساڵیادی ئەم کۆمەڵکوژیـیە یاددەکرێتەوە. بەپـێی شارەزایانی مێژووی لە 24 ی مانگی چواری 1915 پـرۆسەی جینۆسایدەکە دەستیپـێکردووە.

XS
SM
MD
LG