Accessibility links

سەرۆکی ئەمەریکا پڕۆژە یاسای پێشکەشکردنی هاوکاری نوێ بۆ ئۆکرانیا واژۆ دەکات


جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا ئەمڕۆ چوارشەممە یاسایەکی واژۆکرد کە ڕێگە بە یارمەتییە سەربازییە زۆر پێویستەکان دەدات بۆ ئۆکرانیا و ڕایگەیاند، واشنتن لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا دەست دەکات بە ناردنی هاوکاری نوێ بۆ کیێڤ.

پەسەندکردنی پاکێجێکی 95 ملیار دۆلاری کە هاوکات یارمەتییەکانی ئیسرائیل و تایوان و ڕێوشوێنێک بۆ قەدەغەکردنی قەدەغەکردنی تیک تۆکیش لە ئەمەریکا لەخۆدەگرێت -- دوای چەند مانگێکی دواکەوتنێتی لە کاتێکدا هێزەکانی ئۆکرانیا چەک و تەقەمەنییان لە گۆڕەپانی شەڕدا کەمبووەتەوە.

بایدن لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەوانان گوتی "تازە پاکێجی ئاسایشی نیشتمانیم واژۆکرد کە ئەم کۆتایی هەفتەیە لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە پەسەندکرا، و دوێنێش لەلایەن ئەنجومەنی سیناتەوە پەسەندکرا."

بایدن سەبارەت بە یاساکە دەڵێت گوتی "ئەمە ئەمەریکا پارێزراوتر دەکات، جیهان پارێزراوتر دەکات و سەرکردایەتی ئەمەریکا لە جیهاندا بەردەوام دەکات و هەمووانیش دەزانن."

سەرۆک بایدن گوتیشی ئەمە "پشتیوانییەکی گرنگ دەدات بە هاوبەشەکانی ئەمەریکا بۆ ئەوەی بتوانن بەرگری لە خۆیان بکەن دژ بە هەڕەشەکان بۆ سەر سەروەری خۆیان و بۆ سەر ژیان و ئازادییەکانی هاووڵاتیانیان."

یاسای یارمەتییەکان دوای چەند مانگێک لە مشتومڕێکی توند لە نێوان یاسادانەراندا لەسەر چۆنیەتی یارمەتیدانی ئۆکرانیا و تەنانەت ئەوەش کە ئایا پێویستە یارمەتی ئۆکرانیا بدرێت، لە ئەنجومەنی نوێنەران پەسەندکرا.

پاکێجێکی هاوکاری هاوشێوە لە مانگی دوو لە ئەنجومەنی سینات پەسەندکرا، بەڵام لە ئەنجومەنی نوێنەراندا چەقی بەستبوو لە کاتێکدا مایک جۆنسنی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران کە کۆمارییە بە گوێگرتن لە داواکانی دانۆڵد ترامپ سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا و هاوپەیمانە توندڕەوەکانی - داوای لە بایدن کرد لە بەرامبەردا سەبارەت بە سیاسەتەکانی کۆچبەری، سازشبکات.

ئەمەریکا پشتیوانێکی سەرەکی سەربازی ئۆکرانیا بووە، بەڵام کۆنگرێس نزیکەی ساڵ و نیوێک بوو هاوکاری دارایی فراوانی بۆ کیێڤ پەسەند نەکردبوو و دابینکردنی پارە شەڕەکە بووەتە خاڵێکی مشتومڕ لە پێش هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا لە مانگی یازدەدا.

ڕووسیا لە مانگی 2 ی ساڵی 2022وە هێرشێکی داگیرکاری بۆ ناو ئۆکرانیا دەستپێکردووە و لەو دەمەوە ئۆکرانیا لە شەڕێکی فراواندایە بۆ بەرگریکردن لە خۆی.

XS
SM
MD
LG