Accessibility links

وتەبێژی کۆمەڵی دادگەری: ئەو مامۆستا ئاینییەی دەوترێت ملیۆنان دۆلاری هاووڵاتیانی بردووە ئەندامی ئێمە نییە


محەمەد حەکیم وتەبێژی فەرمی کۆمەڵی دادگەری هەرێمی کوردستان
محەمەد حەکیم وتەبێژی فەرمی کۆمەڵی دادگەری هەرێمی کوردستان

وتەبێژی کۆمەڵی دادگەری سەبارەت بەو مامۆستا ئاینییەی کە دەوترێت ملیۆنان دۆلاری هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستانی خورادووە و ڕایکردووە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، ئەو کەسە "هەرگیز" ئەندامی کۆمەڵی دادگەری نەبووە و بڵاوبوونەوەی دەنگۆی ئەندامبوونی لە کۆمەڵی دادگەری دەبەستێتەوە بە پڕۆپاگەندەی هەڵبژاردن.

ئەمڕۆ 24-4-2024 چەند هاوڵاتیەک لە شاری هەولێر لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایانگەیاند، پاش بە ئەندام بوونیان لە پرۆژەیەکی بازرگانیدا، خاوەنی پڕۆژەکە کە ناوی محەمەد برایەتییە و مامۆستایەکی ئاینییە، پارەکەیانی بردووە و ڕایکردووە بۆ بەریتانیا.

دواتر لە بەشێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی هەرێمی کوردستان وا بڵاو کرایەوە گوایە ئەو کەسە ئەندامی کۆمەڵی دادگەری یان ڕاوێژکاری عەلی باپیری سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریە.

محەمەد حەکیم، وتەبێژی کۆمەڵی دادگەری کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "مامۆستا عەبدولقادر کەسایەتییەکە پێشتر بزوتنەوە بووە، بەڵام لە ساڵی 1997ەوە مامۆستا کوردستانی بەجێهێشتووە و بەسەردان هاتۆتەوە کوردستان. تەسەور ناکەم ڕۆژێک خۆی بە کۆمەڵ زانیبێت یان لە کۆبونەیەکی کۆمەڵدا دەرکەوتبێت یان سەر بە ئۆرگانێکی کۆمەڵ بوو بێت."

وتیشی، " کۆمەڵی دادگەری چونکە چەند ساڵێکە ئۆپۆزسیۆنە و کاری لەسەر گەندەڵیەکان کردووە و بەردەوام داکۆکی لە مافی خەڵک کردووە، پێدەچیت هەر کەسێک بە هەڵوێستەکانی کۆمەڵ زەرەرمەند بووبێت پڕووپاگەندە دەکات و شتی هاوشێوەی ئەمە بە کۆمەڵەوە دەبەستێتەوە، بەتایبەت کە نزیکی هەڵمەتی هەڵبژاردنە پڕووپاگەندە بۆ کۆمەڵ دەکەن."

کوڕێکی کەسایەتییە ئاینییەکە ئەو تۆمەتانە ڕەتدەکاتەوە و بە دەنگی ئەمەریکا دەڵێت بە تۆمەتی ناوزڕاندنیان سکاڵا تۆماردەکەن.

دەنگی ئەمەریکا پەیونەدی کرد بە کەسایەتیە ئاینیەکەوە کە لە ئێستادا دانیشتووی وڵاتی بەریتانیایە، بەڵام کوڕەکەی بە ناوی محەمەد عەبدولقادر ڕایگەیاند بە هۆکاری خراپی تەندروستی ناتوانێت لێدوان بدات.

کوڕی مامۆستا ئاینییەکە ئەو تۆمەتانەی ڕەتکردەوە و بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئەو بابەتە دوورە لە ڕاستیەوە. شەریکەی سەلوانە لقی وەبەرهێنانی بە فەرمی لە هەرێم کردەوە لە ڕێگەی دەزگا فەرمیەکانی هەرێمەوە، باوکمیان پێشنیار کرد کە بەڕێوەی ببات، بەڵام لەبەر بارودۆخی ئاسایشی هەرێم وتیان ناتوانین وەبەرهێنان لە هەرێم بکەن. باوکم بە شەریکەی وت ئەگەر ئیش ناکەن کارمەندێکی تر دابنێین، چونکە خۆی دەستبەکار نەبوو لێرە. دواتر لقی عێراق داخرا بەڵام لە وڵاتانی تر ماوە."

بە گوێرەی وتەکانی محەمەد عەبدولقادر، پرۆژە بازرگانیەکە لە بواری وەبەرهێنان و نێتوێرکینگدا کاری کردووە، “سەلوانەشێر" کە کۆمپانیایەکی ئیماڕاتیە و لە هەرێمی کوردستان لە بواری نێتوێرکینگ کاری کردووە و لە بەرامبەر بەشداریان هاووڵاتیان پارەیان داوە بۆ بوون بە ئەندام یان کڕینی پشک لە کۆمپانیاکە کە بە قسەی کوڕەکەی پەیوەندی نەبووە بە باوکیەوە، بەشەکەی تر کەودواتر کراوەتەوە ناوی “سەلوانە دایمۆندبووە” لە بواری وەبەرهێناندا کاری کردووە، مامۆستا عەبدولقادر وەک بەڕێوەبەر ڕاسپێردراوە، بەڵام دەستبەکار نەبووە، چونکە هیچ پرۆژەیەکی وەبەرهێنانی لە هەرێم ئەنجامنەداوە.

وتیشی، "ئێمە لەسەر شەریکەکە داوای یاساییمان تۆمارکردووە، خاوەنی شەریکەکە دەستگیرکراوە لە ئیماڕات، ئێمەش لە ڕێگەی دادگاوە سکاڵا دەکەین کە ناومان زڕاوە. باوکم ئەندامی کۆمەڵ نەبووە، ئەوانەی ناویان زڕاندووین دەبێت لە بەردەم دادگا سبەی وەڵامیان هەبێت بۆ ئەو بوختانانە."

کۆمپانیاکە لە پرۆژەکانی ماسی، باخ، ئاڵتوون و وەبەرهێنانی تریش کاری کردووە و بەگوێرەی زانیارییەکان کەمترین پارە دوو هەزار دۆلارە کە هاوڵاتیان بەشداریان کردووە و بونەتە ئەندام لە پرۆژەکەدا. سەرچاوە هەواڵییەکانی هەرێمی کوردستان دەڵێن "دەیان ملۆن دۆلاری" بەشداربوان دیارنەماوە.

دەنگی ئەمەریکا لەسەر ئەم دۆسیەیە پەیوەندی کرد بە کارزان ئەمیر وتەبێژی پۆلیسی هەرێم. ئەو ڕایگەیاند، "هیچ ڕاپۆرتێک لەسەر ئەو بابەتە نەگەشتۆتە دەست ئێمە و لێکۆڵینەوەش لەسەر بابەتەکە دەکەین."

وتەبێژەکەی کۆمەڵی دادگەری داوای کرد ئەم دۆسیانە لە ڕێگەی دادگاوە یەکلایی بکرێنەوە و ڕایگەیاند، "دەبێت ئەم شتانە بهێڵێنەوە بۆ دادگا و کەس لەکەدار نەکرێت. ئەو کارانە کە کاری کەسین هیچ حزبێکی پێ تۆمەتبار نەکرێت. ئەهەرچەندە مامۆستا لەو کەسانە نییە پارەی خەڵک ببات و بیخوات، خەڵک تا قازانج بکات بێدەنگە بەڵام کە پارەکە نەما لە زەرەر و نەمانی پارەکە دێتە دەنگ."

XS
SM
MD
LG