وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا وەڵامی حکومەتی عێراقی و وەزارەتی نەوت دەداتەوە و سەرەڕای ئەوەی ڕەتیدەکاتەوە هەرێمی کوردستان هۆکاری دەستپێنەکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم بێت، جەخت لەسەر ئەوەدەکاتەوە کە گرێبەستە نەوتییەکانی هەرێم لە ژێر ڕۆشنایی یاسای نەوتی هەرێمی کوردستان پەسەندکراون. بە بڕوای بەشێک لە چاودێران بەیاننامەکەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان هەم توندە و هەم گەڕانەوەیە بۆ چوارگۆشەی یەکەمی کێشەکانی هەرێم و بەغداد، چونکە خودی یاسای نەوتی هەرێم بەپێی بڕیارێکی دادگای فیدراڵی لە مانگی دووی ساڵی ٢٠٢٢ هەڵوەشێنرایەەوە، بەڵام وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان دادگای فیدراڵی بە (دەستەیەکی ڕاسپـێراوی سیاسی) ناودەبات.
دەپرسین:
بۆچی هەندێک پێییان وایە زمانی نووسینی ئەو بەیاننامەیە توندە و گەڕانەوەیە بۆ چوارگۆشەی یەکەمی کێشەکان؟
ئەم بەیاننامەیە پەیوەندی بە سەردانەکەی سەرۆک کۆماری تورکیاوە هەیە؟
ئایا هیچ گەرەنتیەک لەلایەن تورکیاوە بە هەرێم دراوە بۆ دەستپێکردنەوەی نەوتی هەرێم؟
کاریگەری پابەندبوونی هەرێم بەناوەرۆکی ئەو بەیاننامەیەی وەزارەتی سامانەسروشتییەکان چی دەبێت لەسەر پەیوەندی و لێکتێگەیشتنەکانی نێوان هەرێم و بەغداد کە لەم دواییانەدا باسی لێوەدەکرا؟
لە بەرنامەی بابەتی ڕۆژ تاووتوێی ئەم پرسە کرا بە میوانداری:
1- محەمەد حسێن، توێژەر لە تۆڕی ئابوریناسانی عێراق و شارەزای کەرتی وزەی عێراق.
2 - یادگار سدیق گەڵاڵی، سەرۆکی ڕێکخراوی ڕونبین بۆ شەفافیەتی پرۆسەکانی نەوت و گاز.
هەوڵماندا لایەنی حکومەت بەشدار بێت، بەڵام ئامادەنەبوون.
یادگار سدیق گەڵاڵی:
بەیاننامەکەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێم سەپرایزی ڕۆژبوو، چونکە ئەو بەیاننامەیە بە هەمان نەفەسی دوو ساڵ لەمەوبەر نووسرابوو کە بڕیاری دادگای فیدراڵی بۆ ڕاگرتنی نەوتی هەرێم دەرجوو، لەکاتێکدا پێش چەند ڕۆژێک گفتگۆ و نزیکبونەوە هەبوو لە نێوان هەرێم و بەغداد، بەڵام ئەو بەیاننامە توندەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێم دەرچوو کەگەڕانەوە بوو بۆ خاڵی سەرەتای کێشەکان، بۆخۆی کاتی دەرچوونی بەیاننامەکە جێی پرسیارە بە تایبەت کە ڕاستەوخۆ دوای سەردانەکەی سەرۆک کۆماری تورکیا بوو بۆ هەرێمی کوردستان.
ئەوەی من دوێنێ بیستم ئەوەیە کە سەرۆکی هەرێم گوایە سەردانی بەغداد بکات، ئەویش من وەهای بۆدەچم بەشی زۆری ئەو سەردانە بۆ خاوکردنەوەی ئەو گرژییانەیە کە بەهۆی ئەو بەیاننامەیەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان دەریکردووە، چونکە هەمیشە ئەو دوو ئاڕاستەیە لە ناو حکومەت و دەسەڵاتی هەرێم دەبینرێت، ئاڕاستەیەکی توند وەک ئەوەی بەیاننامەکەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، ئەو ئاڕاستەیەی تریش بریتیە لە ئاڕاستەیەکی نەرمتر کە نایەوێت گرژییەکان دروست بێت، هەر نەبوونی زمانی دیپلۆماسی و نەفەسی قوڵی ئاڕاستەی یەکەم وایکردووە کە جاری واهەبووە بۆ دەرکردنی بەیاننامەیەکی لەو جۆرە پێویستبووە شەش جار سەردانی بەغداد بکەن هەتا گرژییەکان خاوبکەنەوە.
بەپێی یاسای ناوبژیوانی کە ڕێککەوتنێکی نێوان عێراق و تورکیایە هەتا ئێستاش ئەو ڕێککەوتنە بەرکارە هەرێمی کوردستان ناتوانێت خۆی نەوت بفرۆشێت وەک جاران، بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵیش گرێبەستەکانی هەرێم نایاسایین.
محەمەد حسێن:
بە ڕاستی منیش بە هەمان شێوە پرسیارم هەیە هەم لەسەر کات هەم لەسەر زمانی بەیاننامەکە، بەڵام پاش ڕێککەوتنی هەرێم و بەغداد لەسەر هەمواری یاسای بودجە کە تاڕادەیەک پرسی خەرجی کۆمپانیاکانی وەبەرهێنان ڕێککەوتنی لەسەر کرابوو بڕیاربوو لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا بخڕێتەوە ناو گفتوگۆی پەرلەمانی عێراق و هەموار بکرێت بەڵام ئێستا لەسەر ڕەفەی هەردوو سەرۆک وەزییانە و کەس باسی هەمواری یاسای بودجە ناکات کە هەتا ڕادەیەک دەروازەیەکی دانابوو بۆ پرسی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم، بۆیە ڕەنگە ئەو بەیاننامەیەی هەرێم پاڵپێوەنانی کێشەکە بێت بە مەبەستی باسکردنەوە و هێنانەوە ئارای پرسی هەناردەی نەوت، چونکە ئەو بۆچونە لای بەرپرسانی هەرێم دروستبووە مانەوەی دۆخەکە بەم بێدەنگی و بەم جۆرە لە قازانجی کەرتی نەوتی هەرێم نییە، هەرچەندە دەرکردنی ئەم جۆرە بەیاننامەیە جۆرێکە لە قوماری سیاسی، ئەنجامەکەی چی دەبێت بەڕاستی نازانم، تەنانەت ڕەنگە بەرپرسانی هەرێم خۆشییان ئەنجامەکەیان زامن نەکردبێت، تەنها ویستویەتی گۆمەکە بشەڵەقێنێت، بەڵام بەڕاستی بەبۆچونی من ئەم بەیاننامەیەی وەزارەتی سامانەسروشتییەکانی هەرێم دۆستەکانی کوردی لە بەغداد ئیحراج کردووە لەپێش هەموویانەوە سودانی کەدەیەوێت کێشەکانی هەرێم و بەغداد بەرەو باشی ببات، بەڵام تەسعیدکردنەوەی ئەم دۆخە بەو بەیاننامەیە جگە لە زیان خزمەت بەهیچ لایەک ناکات لەمکاتەدا، گومان هەیە و ڕەنگە کاتەکەشی بەریئ نەبێ لەو سەردانەی ئەردۆغان بۆ عێراق و هەرێم، هەرچەندە نازانرێت بە دروستی چونکە کۆبوونەوەکانی سەرۆک کۆماری تورکیا و شاندەکەی لەگەڵ بەرپرسانی عێراق و هەرێمیش لە چوارچێوەی بازنەیەکی داخراو و سنوورداردابووە.
ئێستا حکومەتی هەرێم پێویستی بەو شەڕە نییە بیکات، هیچ کەسێک نیە بیانوییەکی عەقڵانی بدۆزێتەوە کە بۆچی ئەو بەیاننامەیەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی دەرکردووە؟! بۆچی حکومەتی هەرێم ئەو شەڕە بەلاشە دەکات! کە ڕەنگە کێشەی دارایی دروست بکاتەوە لە نێوان هەرێم و بەغداد، ئەو زمان و ئەو ڕێگایانە پێشتر تاقیکراونەتەوە بینیمان هەرێمی گەیاندووە بەم کێشانە، ئەو بەیاننامەیە زیاتر لە هەوڵێکی خۆکوژی دەچێت، بەڵام هیچ لۆجیکێک نییە بتوانین بیدۆزینەوە کە هەرێمی کوردستان لەم کاتەدا ئەو بەیاننامەیەی بۆ دەرکرد! وە چ سوودێک دەبینێ لەو زمانەی بەیاننامەکە کە کێشەکان بەرەو زیاتر دەبات!