Accessibility links

وتەبێژی ئاسایشی هەرێم: لە ماوەی سێ مانگدا 319 بازرگان و بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەر لە ناوچەکانی سلێمانی دەستگیرکراون


وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت لە ماوەی سێ مانگی ڕابردوودا 319 کەسیان لەسەر بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر لە ناوچەکانی سلێمانی دەستگیرکردووە کە زیاتر لە نیوەیان بازرگان بوون.

عەقید سەلام عەبدولخاق، وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "دەزگای ئاسایش تەرکیزی سەرەکی لەسەر دەستگیرکردنی بازرگانەکانی ماددەی هۆشبەرە، چونکە ئەوان ماددەی هۆشبەر بڵاو دەکەنەوە و ئالودەبووان قوربانین."

مادەی هۆشبەر بەشێوەیەک لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان بڵاوبووەتەوە، ناو بەناو دەزگاکانی ئاسایش، بازرگانانی ماددەی هۆشبەر بە سەرووی 60 کیلۆگرامەوە دەستگیردەکەن.

بەپێی ئامارێک کە دەست دەنگی ئەمەریکا کەوتووە، گرتووخانەکانی چاکسازی سەربە وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێم، سەرووی پێنج هەزار سزادراویان تێدایە، لەو ژمارەیە نزیکەی هەزارو سەد کەسیان بەتاوانی بازرگانیکردن و کێشانی ماددەی هۆشبەر سزا دراون ، (499) حوکمدراویان بازرگانی ماددەی هۆشبەرن.

عەقید سەلام عەبدولخالق دەڵێت، "هەرێمی کوردستان وەکو ترانزێتی لێهاتووە، بازرگانەکان لە وڵاتانی دراوسێوە ماددەی هۆشبەر بە هەرێمدا دەبەن بەرەو وڵاتانی ئەوروپا، بەڵام دەزگاکانی ئاسایش زۆرجار دەستگیریان دەکەن."

ئەو جۆرانەی ماددەی هۆشبەر کە لە هەرێم بڵاوبوونەتەوە، زیاتر ماددەکانی تلیاک، حەشیش، هیرۆیین، کریستاڵ و دەرمانی بێهۆشکەرن، سەرچاوەی هاوردەکردنیشیان ئێران و ناوچەکانی خوارووی عێراقە.

موقەدەم ئەردەڵان، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "هەوڵەکانمان چڕکردووەتەوە بۆ دەستگیرکردنی بازرگانانی ماددەی هۆشبەرو هەوڵمانداوە بگەینە شادەماری ئەوانەی هاوردەی دەکەن و دەمانەوێت هێڵەکانیان وشک بکەین."

ئەو وتیشی، "خەڵکمان زۆر دەستگیرکردووە لە بازرگان و بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەرو چاوپۆشی لەکەس ناکەین.

بەڕای پسپۆڕانی ماددەی هۆشبەر، بازرگانیکردن و بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر بە شاراوەیی ئەنجام دەدرێت، بۆیە ناتوانرێت داتای ورد لەبارەی ژمارەی بازرگان و بەکارهێنەرانی مادەەی هۆشبەر لە هەرێم دەست بخرێت، بەڵام مادەەی هۆشبەر تەواو بڵاو بووەتەوە.

چالاک محیەدین، ڕاهێنەر لەبواری چارەسەرکردنی ئالودەبووانی ماددەی هۆشبەر، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "شتێک لای من پێوەرە بۆ زیاتر بڵاوبوونەوەی ماددەی هۆشبەر، جاران خەڵک زۆر کەم پەیوەندی پێوەدەکردم و لە چۆنییەتی چارەسەرکردنی ئالوودەبووانی دەپرسی، بەڵام ئێستا خەڵکێکی زۆر پەیوەندی دەکات."

دەشڵێت، "ئەو جۆرە ماددانەی لە هەرێم دەست دەخرێن و بەکاردەهێنرێن، ئەوانەن کە لە کۆمەڵێک ماددەی کیمیایی و زۆر مەترسیدار دروستکراون، چونکە نرخەکانیان هەرزانە."

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:57 0:00
XS
SM
MD
LG