وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە ڕاپۆرتە ساڵانەکەیدا سەبارەت بە مافەکانی مرۆڤ، کە 23ی ئەم مانگە بڵاوی کردەوە، بە وردی باس لە پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ لە سەرتاسەری سوریا دەکات.
ڕاپۆرتەکە بە تایبەتی تیشک دەخاتە سەر ئەو توندوتیژی و پێشێلکاریانەی کە لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی تورکیاوە بەرامبەر بە هاووڵاتیانی سڤیلی کورد دەکرێن.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا چەندین نموونەی پێشێلکارییەکانی ساڵی 2023ی لەلایەن گرووپەکانی ناو هێزی نیشتمانیی سوریاوە خستووەتە ڕوو. هێزی نیشتمانی سوریا گرووپێکی سەربازییە و لەلایەن تورکیاوە پاڵپشتی دەکرێت و لە هەندێک ناوچەی باکوور و ڕۆژئاوای سوریا چالاکە، لەوانە عەفرین، سەرێکانی و گرێسپی.
بەسام ئەحمەد بەڕێوەبەری ڕێکخراوی سوریاییەکان بۆ ڕاستی و دادپەروەری (STJ)بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " گرنگترین شت لەم ڕاپۆرتەدا ئەوەیە کە پێشێلکارییەکان لە ناوچە داگیرکراوەکاندا بە بەڵگە دەکات."
دەشڵێت "ئەمە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی گرووپە چەکدارە سورییەکان کە تورکیا پشتیوانیان دەکات، تا ئێستاش کارەکانی وەک کوشتن و ئەشکەنجەدان و ڕفاندن و تاڵانکردنی ماڵو حاڵی خەڵكی لە دژی کوردی عەفرین و سەرێکانی ئەنجام دەدەن".
ڕاپۆرتەکە دەریدەخات، هێزە چەکدارەکانی سوریا گومانی پەیوەندی بە یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) و هێزەکانی سوریای دیموکرات و بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر بە بیانوو بۆ دەستگیرکردنی زۆرێک لە هاووڵاتیانی کورد و هەراسانکردنیان بەکاردەهێنن.
هەروەها سەرنجی خستووەتە سەر بە ئامانجکردنی دانیشتوانی کورد لەناویاندا کوردانی ئێزدی لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریاوە. نموونەی ئەم پێشێلکاریانەشی وەک کوشتن، ڕفاندن، بێسەروشوێنکردنی خەڵکی سڤیل، توندوتیژی سێکسی، دیپۆرتکردنەوە، و کۆنترۆڵکردن و تاڵانکردنی ماڵ و حاڵی، خەڵکی ڕاگەیاندووە.
ئیبراهیم شێخۆ پارێزەر و چالاکوانی مافەکانی مرۆڤ بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "وەک چالاکوانان و ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ گرنگی بەو ڕاپۆرتانە دەدەین، چونکە بەشێکن لە هەوڵەکانی ئەو ڕێکخراو و دامەزراوانە لە بواری بە بەڵگەکردنی ئەو پێشێلکارییانەی کە لە عەفرین و سەرێکانی و شوێنەکانی دیکە بەرامبەر بە گەلەکەمان دەکرێن."
شێخۆ ئاماژەی بەوەشکرد، بوونی ئەو ڕاپۆرتانە بۆ داهاتوو گرنگ دەبن.
گوتیشی، لە داهاتوودا ئەم ڕاپۆرتانە ئاماژەیەک دەبن بۆ میکانیزمێکی نێودەوڵەتی بۆ چارەسەرکردنی دۆخی سوریا، کاتێک سکاڵا لەسەر هێزە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا دەکرێت.
سەبارەت بە هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیا بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، ڕاپۆرتەکە شەپۆلی هێرشەکانی نێوان 23 تا 27ی مانگی 12ی ساڵی 2023 بە بەڵگە دەکات. بە پێی ڕاپۆرتەکەی وەزارەتی درەوە، لەو هێرشانەی کرانە سەر حەسەکە، قامشلۆ و کۆبانێ، 10 هاووڵاتی سڤیلی کورد کوژراون و زیانێکی بەرچاو بە ژێرخانی مەدەنی وەک نەخۆشخانە و کارگەکان کەوتوو.
بەسام ئەحمەد، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی STJ ڕایگەیاند، واشنتن دەتوانێت فشار بخاتە سەر تورکیا تا پێشلێلکارییەکان لە باکووری سوریا ڕابگرێت.
دەشڵێت "ئەو گرووپە چەکدارانەی ئەم پێشێلکاریانە ئەنجام دەدەن سەر بە تورکیان، تورکیاش ئەندامی ناتۆ و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعشە، واتا هاوپەیمانی ئەمەریکاشە. جا ئێستا واشنتن دەتوانێت فشار بخاتە سەر تورکیا و یەکێک لە پێشنیازەکانیش دەبێت ڕاگرتنی ئەو پێشێلکارییانە و کۆتاییهێنان بە داگیرکاریی تورکیا و دەرکردنی ئەو گرووپە چەکدارانەی سوریا بێت بۆ ئەوەی ناوچەکە بگەڕێندرێتەوە بۆ گەلی ڕەسەنی خۆی."
سەبارەت بە ڕژێمی بەشار ئەسەد، سەرۆک کۆماری سوریا، ڕاپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا باس لەوە دەکات کە ڕژێم تا ئێستاش بە سیاسەت و کردارەکانی خەڵکی سڤیلی بێتاوان دەکاتە ئامانج. لە ڕاپۆرتەکەدا جگە لە دەستگیرکردن و ئەشکەنجەدانی هاووڵاتیانی سڤیل، ئاماژە بەوەکراوە کە هێزەکانی ڕژێمی سوریا ئەو پەنابەرانەشیان دەستگیرکردووە کە لە ساڵی 2023دا گەڕاونەتەوە بۆ ئەو وڵاتە و بەبێ هیچ هۆکارێک ئەشکەنجە دراون.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، تا ئێستاش دەیان هەزار هاووڵاتی سڤیل لە زیندانەکانی ڕژێمی سوریادا زیندانی کراون و زۆربەیان لە سەرەتای شەڕی سوریاوە دەستگیر کراون. جگە لەوەش تا ئێستا زیاتر لە 112 هەزار هاووڵاتی بێسەروشوێنن و کەس نازانێت چارەنوسیان چییە. لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە ڕژێمی ئەسەد بەرپرسیارە لە 85%ی ئەو حاڵەتانە.
ڕاپۆرتەکە لەلایەکی ترەوە تیشکی خستووەتە سەر دۆخی زمانی کوردی لە سووریا. لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، ڕژێمی سوریا هێشتا بە شێوەیەکی توند بەکارهێنانی زمانی کوردی سنووردار کردووە و ڕێگە بە هاووڵاتیانی کورد نادات زمان و کولتووری خۆیان بە ئازادی بەکاربهێنن.
دەشڵێت لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە (هێزەکانی سوریای دیموکراتیک)، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کوژرانی 74 کەسیان لە ساڵی 2023دا لەلایەن هێزەکانی هەسەدەوە ڕاگەیاندووە. هەروەها لە ڕاپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکادا هاتووە، لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدەدا 20 زیندان هەیە کە نزیکەی 9 هەزار چەکداری داعشی تێیدا زیندانیکراون و بە پێی پێویست دەستیان بە نان و ئاو و چاودێری تەندروستی ڕاناگات. بەڵام دەشڵێت، هەسەدە هەندێک ڕێگەی داوە بە کۆمیتەی نێودەوڵەتی خاچی سوور بۆ سەردانی هەندێک لە زیندانەکانی و چاودێریکردنی دۆخی زیندانییەکان.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە ساڵی 1977ەوە ساڵانە ئەم ڕاپۆرتە بڵاودەکاتەوە و ڕۆشنایی دەخاتە سەر دۆخی مافی مرۆڤ لە زیاتر لە 200 وڵات و ناوچەی جیهاندا.