Accessibility links

بەهۆی هێرشێک بۆ سەر مزگەوتێک لە ئەفغانستان 5 کەس دەکوژرێن


وتەبێژی پارێزگاری هیرات ڕایگەیاند، شەوی دووشەممە لە کاتی نوێژکردندا کۆمەڵێک چەکدار هێرشیان کردە سەر مزگەوتێک لە ڕۆژئاوای ئەفغانستان و لە ئەنجامدا لانیکەم پێنج کەس کوژران.

مۆلوی نیسار ئەحمەد عەلیس، وتەبێژی پارێزگاری هیرات، ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند، لە نێو کوژراوەکاندا ژنێک و منداڵێک هەن و سێ کەسیش بریندارن، تاکو ئێستا ناسنامەی هێرشبەرەکان ئاشکرا نەکراوە.

تاڵیبان ڕایگەیاندووە، لە دوای کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان، لە ساڵی 2021، سەرنجیان لەسەر گەڕاندنەوەی ئاسایشە بۆ وڵاتەکە، بەڵام سەرەڕای کۆتایی هاتنی شەڕی 20 ساڵە، هێرشەکان بۆ سەر مزگەوت و خوێندنگا ئایینیەکان و باڵەخانە حکومییەکان بەردەوامن.

گرووپی چەکداری دەوڵەتی ئیسلامی ( داعش) بەرپرسیارێتی خۆی لە زۆرێک لەو هێرشانە ڕاگەیاندووە.

پارێزگای هیراتی ڕۆژئاوا کە هاوسنوورە لەگەڵ ئێران، شوێنی کەمینەیەکی ئایینی شیعەیە کە لە مێژووی خوێناوی ئەفغانستاندا هەندێک لە توندوتیژترین هێرشەکانی بۆ سەر خەڵکی سڤیل بەخۆوە بینیوە.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG