Accessibility links

تورکیا چالاکییەکانی جەژنی کرێکاران لە مەیدانی تەقسیمی ئەستەنبوڵ قەدەغە دەکات


پۆلیسی تورکیا ڕۆژی سێشەممە مەیدانی تەقسیمی ناوەندی ئەستەنبوڵی داخست بۆ ڕێگریکردن لە هەر جۆرە خۆپیشاندانێکی ناڕەزایی بەبۆنەی یەکی ئایار جەژنی کرێکارانەوە لە کاتێکدا دەیان هەزار پۆلیس لە دەوروبەری شارەکەدا بڵاوە پێدەکرێن.

ڕۆژنامەنووسانی ئاژانسی فرانس پرێس ڕایانگەیاندووە، دەوروبەری ئەو مەیدانە بە بەربەستی ئاسنین گیراوە.

عەلی یەرلیکایا وەزیری ناوخۆی تورکیا ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند دەسەڵاتداران 40 ناوچەیان بۆ چالاکییەکانی جەژنی کرێکاران دیاری کردووە جگە لە مەیدانی تەقسیمی بەناوبانگ.

یەرلیکایا ئاماژەی بەوەشکرد، هەندێک لە سەندیکاکان داوای بەکارهێنانی ئەو گۆڕەپانەیان کردووە کە ناوەندی خۆپیشاندانەکانی ساڵی 2013 بوو دژی حکومەتەکەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، بەڵام ڕێگەیان پێنەدراوە.

وتیشی " گۆڕەپانی تەقسیم و دەوروبەری بۆ هیچ گردبوونەوەیەک گونجاو نییە".

پارتی جەهەپەی ئۆپۆزسیۆنی سەرەکی تورکیا کە لە هەڵبژاردنە خۆجێییەکانی 31ی ئازاردا سەرکەوتنی بەدەستهێنا، فشاری خستە سەر حکومەت بۆ ئەوەی گۆڕەپانەکە بۆ گردبوونەوەی کرێکاران بکاتەوە.

ئۆزگور ئۆزێل، سەرکردەی جەهەپە، دووشەممە داوای لە وەزیری ناوخۆی تورکیا کرد، بە بڕیارەکەی خۆیدا بۆ قەدەغەکردنی مەیدانی تەقسیم بچێتەوە، کە لە ماوەی ڕابردوودا بەکارهێنراوە.

وتیشی " داخستنی تەقسیم یەکسانە بە نکوڵی کردن لە دەستوور."

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتیش کە ڕێکخراوێکی مافی مرۆڤە ڕایگەیاندووە پێویستە قەدەغەکردنەکە هەڵبوەشێتەوە چونکە "لەسەر بنەمای بانگەشەی تەواو ناڕاست سەبارەت بە ئاسایش و نەزمی فەرمانی گشتی " دانراوە.

ڕێکخراوەکە دەڵێت "شوێنێک کە گرنگییەکی سیمبولی گەورەی هەیە بۆ ماوەی زیاتر لە دە ساڵە دەسەڵاتدارانی تورکیا مافی کۆبوونەوەی خەڵکیان بە شێوەیەکی نایاسایی سنووردار کردووە تیایدا و ئەو ناڕەزایەتییە ئاشتیانەی کە لە گۆڕەپانەکەدا ڕوودەدەن بە تاوان دەزانن".

بۆ 1ی ئایاری ئەمساڵ زیاتر لە 42 هەزار پۆلیس لە ئەستەنبوڵ جێگیر دەکرێن.

سەرچاوە: فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG