Accessibility links

کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق بۆ VOA: کارەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ڕانەگیراون


لۆگۆی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عیراق
لۆگۆی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عیراق

بەڕێوبەری ڕاگەیاندنی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە ئۆفیسی هەولێر ڕەتیکردەوە ئامادەکارییەکانیان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ڕاگرتبێت، ئەمەش دوای ئەوەی چەند میدیایەکی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە، 1ی مانگی پێنجی 2024، "بەپەلە" دەنگۆی ڕاگرتنی کارەکانیان بڵاوکردەوە.

ئەحمەد مازن، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە ئۆفیسی هەولێر بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، " کارەکانمان ڕانەگرتووە ئەوەی دەوترێت تەنها دەنگۆیە، چونکە هیچ نوسراێکی فەرمی و نافەرمی نیە بۆ ڕاگرتنی کارەکان..کات دیاریکراوە بۆ هەڵبژاردن و کاتەکە تا ئێستا گۆڕانکاری بەسەردا نەهاتووە."

جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند،" ئەو هەواڵانە ڕەتدەکەینەوە کە باس لە وەستانی کارەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەکەن، لە بارەی ئەوەی ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ڕاوەستاوە، ئەمە دوورە لە ڕاستیەوە، کارەکان بە پێی ڕێکارەکان بەردەوامە، ئێستا کارتی بایۆمەتری لە 173 بنکە دابەشدەکرێت و ئەو هەواڵانە دوورە لە ڕاستیەوە."

لە دوای بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی عێراق لە 21ی مانگی دووی ئەمساڵ، سەبارەت بە نەمانی کورسی کۆتاکان و گۆڕینی سیستەمی هەڵبژاردنی پەلەمانی کوردستان، ڕۆژی 3ی مانگی سێ، سەرۆکی هەرێمی کوردستان مەرسومی سەرۆکایەتی تایبەتی دەرکرد بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان و 10ی مانگی شەشی ئەمساڵی بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەکە دیاریکرد.

بەڵام بەهۆی بایکۆتی پرۆسەکە لە لایەن پارتییەوە، تا ئێستا چارەنووسی هەڵبژاردنەکە نادیارە.

ڕۆژی دووشەممە، 29-4-2024، وتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان هەوڵەکانی گۆڕانکاری لە کورسییەکانی پەرلەمانی هەرێم پشتڕاستکردەوە و بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، دەیانەوێت "مافی پێکهاتەکان" بۆ ناو پەرلەمان بگەڕێننەوە.

یەکێتی تا ئێستا سورە لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژران لە کاتی خۆیدا و بڕیارە ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەک ئەنجامبدات.

XS
SM
MD
LG