Accessibility links

ئازادی ڕۆژنامەگەری لە نێو بەرداشی هەلومەرجە سیاسییەکانی عێراقدا


هەلومەرج و ڕووداوە سیاسییەکان لە وڵاتێکی وەک عێراقدا، ناکرێت هەر تەنها لە ڕەهەندی سیاسییەوە خوێندنەوەیان بۆ بکرێت چونکە کاریگەرییەکانی ئەو ڕووداوانە فرە لایەنن.

بۆ نمونە، ژینگەی پاش ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر لە ناوچە جێناکۆکەکانی عێراقدا، وەک چۆن لە بواری سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتیدا ڕەنگیداوەتەوە، بەهەمان شێوە کاریگەریشی هەبووە بەسەر بواری فەرهەنگییەوە، ڕۆژنامەوانیی بە نمونە.

کاروان ساڵحی، ڕۆژنامەوانە لە شاری کەرکوک و ئاماژە بەوە دەکات کاریگەریی ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر بە ئەندازەیەکە دەشێت وەک تەگەرە سەیر بکرێت لەسەر ڕووماڵێکی زۆر سادەی ڕۆژنامەوانی و دەڵێت " لە دوای 16 ئۆکتۆبەرەوە قوتابخانەکانیش ئەوانەی کە لە ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی کەرکوکن، چالاکییش بکەن، وەکو ڕۆژنامەنووس ناتوانیت ڕووماڵی بکەیت."

لە 16ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017، پاش ڕیفراندۆمەکەی هەمان ساڵی هەرێمی کوردستانی عێراق، هێزەکانی عێراق و حەشدی شەعبی هێرشیان کردە سەر ئەو ناوچانەی لە دوای شەڕی داعشەوە هێزی پێشمەرگەی کوردستانی لێبوو و لە ئەنجامدا فشارخرایە سەر هێزەکانی پێشمەرگە لە ناوچە جێنانکۆکانەی نێوان بەغدا و هەرێمی کوردستانیان بکشێتەوە.

ئەمیر خانەقینی، ڕۆژنامەوانی ماڵپەڕی کەرکوک ناو، وەک باسی دەکات، پێدەچێت لە شاری خانەقین ڕەوشەکە بە شێوەیەکی تر بێت و دەڵێت " بە گشتی هیچ جیاوازییەکی ئەوتۆ نابینم لە پێش 16ی ئۆکتۆبەر و دوای 16ی ئۆکتۆبەر، پێشتر حزبێکی دیاریکراو ڕێگری لە ڕۆژنامەوانان دەکرد و ئێستاش لایەنێکی تر ئەم کارە دەکات، هەرچەندە تا ئیستا لە خانەقین کار نەگەیشتووەتە تیرۆرکرنی (ڕۆژنامەوان) و ئەو جۆرە شتانە."

نێوەندی شاری خانەقین
نێوەندی شاری خانەقین

ئەمیر، دانیشتووی خانەقینە دەشڵێت "بەڵام ڕەنگە لە دوای 16 ئۆکتۆبەرەوە ڕێگرییەکان لەسەر ڕۆژنامەوانان زیاتر بووبن، هەندێک جاریش ئەم ڕێگرییە بە ڕێگای یاساوە دەکرێت. بۆ نمونە لە ساڵی 2022 لە ماوەی یەک ساڵدا، پێنج سکاڵا دژ بە ڕۆژنامەوانان کراوە. زۆربەی ئەو سکاڵا یاساییانەش لەلایەن فەرمانگە حکومییەکانەوە کراون."

تەگەرە و گرفتەکانی بەردەم ڕۆژنامەوانان لە ناوچە دابڕێندراوەکاندا هەر تەنها لە پێنەدانی زانیارییەکاندا سنوردار نییە، وەک ڕۆژنامەوان ساڵحی دەڵێت "هەندێک دۆسێ هەن سەختە نزیکی ببینەوە وەک ڕۆژنامەوان، بۆ نمونە ئەو دۆسێیانەی کە پەیوەندییان هەن بە بەرپرسانی ئەمنی ئیدارەی کەرکوکەوە. لەم ماوەیەی ڕابردوو دا یەکێک لە دەزگا ئەهلییەکانی کەرکوک بابەتێکی گەندەڵی بڵاو کردبووەوە، بابەتەکە پەیوەندی هەبوو بە ئیدارەی کەرکوکەوە ، پاشان هێزێکی ئاسایشی نیشتمانی دای بە سەر دەزگاکەدا و سەرجەم کارمەندەکانیان دەستگیر کرد و پاش چەند ڕۆژێک خرانە بەردەم دادگا و دواجار بە کەفالەت ئازاد کران."

بەپێی زانیارییەکانی دەنگی ئەمەریکا، لە کۆتایی ساڵی ڕابردوودا هێزەکانی ئاسایش لە کەرکوک دایان بەسەر نووسینگەی ماڵپەڕی (کەرکوک نیوز) پاش بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێک لەسەر ڕاکان جبوری، پارێزگاری کەرکوک. هەرچەندە لایەنە پەیوەنددارەکان ڕایانگەیاند ئەو هەڵمەتە بەهۆی نەبوونی مۆڵەتەوە بووە و هیچ پەیوەندییەکی بەو ڕاپۆرتەوە نەبووە کە لەسەر جبوری بڵاوکرابووەوە.

ڕۆژنامەوان خانەقینی، سەرنج دەخاتە سەر دۆسێ هەستیارەکان لە خانەقین، وەک دۆسێی گەندەڵی و کارکردن لەسەر ئەو دۆسێیە بە قورس ناودێر دەکات و دەڵێت " لە خانەقین زانیاری هەیە لەسەر گەندەڵییەکان بەڵام بەڵگەی تەواو لەبەردەستدا نین هەتا بتوانرێت دەست ببرێت بۆ ئەو زانیاریانەی لەسەر گەندەڵی هەن؛ بێگومان هەر ڕۆژنامەوانێکیش دەست بۆ هەر دۆسێیەکی گەندەڵی ببات و بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ داکۆکی لە کاری ئەو ڕۆژنامەوانە نەکرێت، ئەوا ڕووبەڕووی دادگاییکردن دەبێتەوە. ڕۆژنامەوان هەن لەسەر دۆسێی زۆر ئاسایی وەک هەڵبژاردن کە ڕاپۆرتێکی ڕاستەخۆی هەبوو، ئیتر بابەتەکە گەیەندرایە دادگای تاوانەکانی دیالە و وەک تاوانبارێکی داعش ڕەفتاری لەگەڵدا دەکرا."

ئەمیر خانەقینی، لەگەڵ ئەوەشدا کە دەڵێت ڕەوشی ڕۆژنامەوانی پێش و پاش 16ی ئۆکتۆبەر، هیچ جیاوازییەکی نییە، بەڵام دەشڵێت " پێشتر تەنها یەکێتی دەسەڵاتی باڵای هەبوو لە خانەقین و ڕێگری دەکرد و هەڵەشە بوو، بەڵام ئێستا لایەنی زیاتر هەن و حزبی زیاتر هەن و گرووپی چەکدار هەیە، بارێکی ناجێگیری ئاسایشیی هەیە، نازانیت چ لایەنێک هەڕەشەت لێدەکات، ڕەنگە لەو ڕووەوە ڕەوشەکە ئاڵۆزتربێت بەڵام بەشێوەیەکی گشتی ژینگەی ئیشکردن بۆ ڕۆژنامەوانان گۆڕانکارییەکی ئەوتۆی بەسەردا نەهاتووە."

پێدەچێت جوگرافیای کارکردنیش بەشێک بێت لە گرفتەکان لەو هەلومەرجانەدا.

ڕۆژنامەوان ساڵحی، نکوڵی ناکات لەوەی ئەو جوگرافیایەی ڕۆژنامەوان کاری تیادا دەکات، جا لە هەر کوێیەکدا بێت، یەکێکە لە هۆکارەکانی سنوردارکردنی ڕاپۆرت ئامادەکردن وەک ئەرکێکی ڕۆژنامەوانیی و دەڵێت.

"لە هەرێمی کوردستانی بۆ نمونە لە هەولێر هەندێک بابەت ناتوانیت دەستی بۆ ببەیت و لە سلێمانیش هەندێک بابەتی تر. لە کەرکوکیش تەنها لەسەر ئەو بابەتانە دەتوانیت کار بکەیت کە ڕێگە پێدراون بۆ نمونە ناتوانیت ڕاپۆرتێک بکەیت و لێدوانی تایبەت وەربگریت لەسەر کۆمپانیای نەوتی باکوور دەبێت تۆ ڕێگە پێدراوبیت (ڕێگەپێدارو لەلایەن دەزگا فەرمییەکان بۆ کاری ڕۆژنامەوانی) بۆ کارکردن لەسەر ئەو شوێنانە و بۆ نمونە ناشتوانیت وەکو ڕۆژنامەوانێکی ئازاد بچێتە ئەوێ و ڕووماڵی بابەتەکانی بکەیت."

ڕۆژنامەوان ساڵحی، ئێستا بۆ (کەناڵی 964) کاردەکات، باسیش لەوە دەکات کە چۆن ئێستا بەدەستهێنانی زانیارییەکانیش بووەتە ئەرکێکی قورس بۆ ڕۆژنامەوانان و دەڵێت " پێشتر هەندێک لە دەزگاکان هاوکاربوون لە پێدانی زانیاری بۆ نمونە دەزگاکانی ئاسایش، بەڵام لە دوای 16 ی ئۆکتۆبەرەوە بەو پێیەی هێزە کوردییەکان لە کەرکوک ئەو دەسەڵاتەیان نەماوە، دەزگا عێراقییەکان زانیارییەکی ئەوتۆت پێنادەن، بۆیە دەبێت زیاتر چاوەڕوانی بەیاننامەکانیان بکەیت کە زانیاری تێدا بڵاو بکەنەوە."

بەدەستهێنانی زانیاری، یەکێکە لە مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ کە پێویستە ئاگاداربێت لێیان هەتا هەر هیچ نەبێت بزانێت وردەکاریی ڕووداوەکان یان هەلومەرجە نوێیەکان چین و چی نین. لە وڵاتە پێشکەوتوو و دیموکراتییەکاندا ئەو مافە بە یاسا دیاریکراوە. بە دڵنیاییەوە ئەم مافە بۆ ڕۆژنامەوان گرنگە، تا بتوانێت زانیارییە ڕاست و دروستەکان بخاتە ڕوو و بیانگەیەنێتە وەرگر.

دڵشاد ئەنوەر هاوکار بووە بۆ زانیارییەکانی ئەم ڕاپۆرتە

XS
SM
MD
LG