Accessibility links

پۆلیس هەنگاو دەنێت بۆ هەڵوەشاندنەوەی خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی لایەنگرانی فەلەستینییەکان لە زانکۆی کالیفۆرنیا


پۆلیس بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە دژی کەمپی خۆپیشاندەرانی لایەنگری فەلەستینیەکان لە زانکۆی کالیفۆرنیا لە لۆس ئانجڵس هەنگاوی نا و بەربەستێکی تێکشکاند و چەندین کەسی دەستگیرکرد دوای ئەوەی فەرمانی بڵاوەپێکردنی خەڵکەکە دەرچوو.

چالاکییەکەی پۆلیس لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا ڕوویدا، سەرەتا پۆلیسەکان لە نزیک کەمپی ناڕەزایەتییەکان وەستابوون و هاواریان دەکرد، پاشان پۆلیسەکان ڕۆشتن.

دوای نزیکەی کاتژمێرێک، کۆمەڵێک ئەفسەری پۆلیسی باڵاتر گەڕانەوە و لە کاتێکدا سەرەتا لە سەرێکی یەکێک لە گۆڕەپانەکانەوە وەستان و لەلایەن سەدان خۆپیشاندەرەوە کە ڕێگەی دەربازبوونیان لێ داخرا، پۆلیسەکان لە ئاڕاستەیەکی دیکەوە چوونە نێو کەمپی سەرەکی ناڕەزایەتییەکان و بە خێرایی دەستیان کرد بە تێکشاندنی بەربەستەکان.

خۆپیشاندەران کە داوا دەکەن زانکۆکە ئیسرائیل بایکۆت بکات و هیچ پەیوەندی بە ئیسرائیلەوە نەمێنێت، بە دروشمی "ناڕەزایەتی ئاشتیانە"یان بەرزکردەوە، لەکاتێکدا پۆلیس بە قەڵغان و کڵاو و باتۆنەوە هەوڵیان دەدا بڵاوە بە خەڵکەکە بکەن.

ناڕەزایەتییەکە ی زانکۆی کالیفۆرنیا (UCLA) یەکێکە لە زۆرێک لە خۆپیشاندانەکانی لایەنگری فەلەستینیەکان لەنێو کۆلێژەکانی سەرانسەری وڵاتدا، کە بووەتە هۆی دەستگیرکردنی سەدان کەس لەوانە.

پۆلیس لە ستانی نیو هامشەر شەوی چوارشەممە لەسەر پێنجشەممە چادرەکانی لە کۆلێژی دارتمث لادا.

خۆپیشاندانی سەر بە فەلەستینییەکان لە زانکۆی کالیفۆرنیا لە لۆس ئانجڵس 1ی پێنجی 2024
خۆپیشاندانی سەر بە فەلەستینییەکان لە زانکۆی کالیفۆرنیا لە لۆس ئانجڵس 1ی پێنجی 2024

ڕۆژی چوارشەممە کەمپێکی ناڕەزایەتی لایەنگری فەلەستینیەکان لە دارتماوس سەریهەڵدا، کاتێک کارگێڕان هۆشدارییان دا لەوەی کەمپێکی لەو شێوەیە سیاسەتی زانکۆکە پێشێل دەکات.

لە نامەیەکدا بۆ کۆمەڵگەی زانکۆکە کە تیشک دەخاتە سەر سیاسەتەکە، پرۆڤۆست دەیڤید کۆتز وتی دامەزراوەکە "بە قووڵی پابەندە بە گفتوگۆ لەسەر تەواوی جیاوازییەکان و کراوە و ئامادەیە بەشداری گفتوگۆ بکات لەسەر بابەتگەلێکی سەخت."

دوو خوێندکار لە مانگی دە لە دارتمث دەستگیرکران، دوای ئەوەی لە چوارچێوەی ناڕەزایەتیەکەیاندا کە داوای بچڕاندنی پەیوەندی زانکۆکەیان لەگەڵ ئیسرائیلدا دەکرد، چادریان لە ناو زانکۆکە هەڵدا.

دواتر کۆمەڵێک خوێندکاری دارتمث بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە دەستگیرکردنەکان مانیان گرت و هەفتەی ڕابردوو گردبوونەوەیەکی پشتیوانی بۆ غەززە لە ناو زانکۆکەدا زیاتر لە 100 کەسی کۆکردەوە.

لە زانکۆی تەکساس لە داڵاس، پۆلیس دوای دەستگیرکردنی لانیکەم 17 کەس چادرەکانی کە خۆپیشاندەرانی لایەنگری فەلەستینییەکان دایاننابوو تێکشکاند.

لە نیویۆرک، پۆلیس ڕۆژی چوارشەممە لانیکەم 15 کەسی لە زانکۆی فۆردهام لە دەستگیرکرد.

لە زانکۆی مینیسوتا، ڕێکخەرانی خۆپیشاندانەکان درەنگانی ڕۆژی چوارشەممە ڕایانگەیاند کە کەمپەکەیان بەردەوام دەبێت، دوای ئەوەی پێشتر هەمان ڕۆژ، لەگەڵ جێف ئیتینگەر سەرۆکی کاتی زانکۆکە گفتوگۆیان ئەنجامدا. وەک زۆرێک لە زانکۆکانی تر ئەوانیش داوای ئەوەیان کردبوو زانکۆکە پەیوەندی بە ئیسرائیلەوە نەمێنێت. ئیتینگەر ئەو وتووێژانەی بە "دیالۆگێکی بنیاتنەر" وەسف کردووە.

کارگێڕانی زانکۆی کۆڵۆمبیا ڕۆژی چوارشەممە ڕایانگەیاند کە هەموو چالاکییە ئەکادیمییەکانی کە بۆ ئەم وەرزە ماوەتەوە، بە ڕێگای ئۆنلاین بەڕێوەدەچێت دوای ناڕەزایەتییەکان کە داگیرکردنی بینایەکی کەمپەکەی لەخۆگرتبوو. پۆلیس درەنگانێکی سێشەممە خۆپیشاندەرانی بڵاوە پێکرد و نزیکەی 300 کەس دەسگیرکران.

لە کۆبوونەوەیەکی ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی چوارشەممە سەبارەت بە دەوڵەتی فەلەستین، باڵیۆزی ئیسرائیل ئیدانەی خۆپیشاندانی خۆێندکارانی کرد.

گیلاد ئەردان وتی "هەمیشە دەمانزانی کە حەماس لە قوتابخانەکاندا خۆی حەشارداوە - تەنها درکمان بەوە نەدەکرد کە ئەوە تەنها قوتابخانەکانی غەززە نییە، بەڵکو هارڤارد، کۆڵۆمبیا و زۆرێک لە زانکۆ 'باڵاکانی'یشە" لە ئەمەریکا.

کارین جان پیێر، گوتەبێژی کۆشکی سپی ڕۆژی چوارشەممە بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند کە خەڵک "مافی خۆیانە بە شێوەیەکی ئاشتیانە ناڕەزایەتی دەرببڕن بە مەرجێک لە چوارچێوەی یاسادا بێت و ئاشتیانە بێت."

ژان پیێر گوتیشی"ئێمە مەبەستمان لە پارێزراوی خوێندکارانە لە ناو زانکۆکاندا و دڵنیابین لەوەی کە هەست بە سەلامەتی دەکەن ، ئێمە باس لە کۆمەڵەیەکی بچووکی خوێندکاران دەکەین کە ئەو توانایە تێکدەدەن بۆ ئەوەی خوێندکاران ئەو ئەزموونە ئەکادیمییەیان هەبێت."

ژان پیێر وتیشی بەڕێوەبەرایەتی بایدن " بڕیار دەدات هەر هەوڵێکی دژە جوو ئیدانە بکات."

هێرشە فراوانەکانی ئیسرائیل دژ بە حەماس لە کەرتی غەززە، پاش هێرشیکی بێپێشینەی حەماس دەستی پێکرد بۆ سەر ئیسرائیل کە لە 7ی مانگی دە ئەنجامی داو تیایدا نزیکەی 1200 کەس کوژران کە زۆربەیان خەڵکی سڤیل بوون و 250 کەسیشیان بە بارمتە گرت. بە پیی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی غەززە لە هێرشەکەی ئیسرائیلدا

زیاتر لە 34 هەزار و 500 فەلەستینی کوژراون کە زۆربەیان ژن و منداڵن.

XS
SM
MD
LG