Accessibility links

کۆهین، گەواهدەری سەرەکیی دژی دانۆڵد ترامپ


دانۆڵد ترامپ، لە دادگای نیویۆرک
دانۆڵد ترامپ، لە دادگای نیویۆرک

یەکێک لە پارێزەرەکانی دانۆڵد ترامپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا ئاماژە بەوە دەکات مایکڵ کۆهین، کە دەشێت ببێتە گەواهدەرێکی سەرەکی بۆ دادپارێزان لە پرۆسەی دادگاییکردنی ترامپدا، وەک دەڵێت "تۆڵەکردنەوە هاندەریەتی."

تیمی پارێزەرانی دانۆڵد ترامپ، لە دادگاییکردنەکەی ڕۆژی پێنجشەممەدا لە شاری نیویۆرک، باسی لەوە کردووە، کۆهین کە ڕۆژێک لە ڕۆژان پارێزەر و ڕاوێژکاری سیاسی ترامپ بووە، دژی ترامپ وەستایەوە "چونکە لە ساڵی 2017 دا کاتێک دانۆڵد ترامپ دەست بەکار بوو وەک سەرۆکی ئەمەریکا، هیچ پۆستێکی نەدا بە کۆهین لە کۆشکی سپی."

مایکڵ کۆهین، بەهۆی ئەنجامدانی ژمارەیەک تاوانەوە 13 مانگ و 15 ڕۆژ لە زینداندا بووە و یەکێک لەو تاوانانەی کۆهینی پێ گوناهبار کرابوو (پێشێلکردنی یاسای دابینکردنی دارایی بۆ هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن) بوو؛

ئەمەش ئەو بابەتە زۆر گرنگەیە کە ئێستا دانۆڵد ترامپی لەسەر دادگایی دەکرێت و کۆهین بووەتە گەواهدەر لەسەر ترامپ.

دانۆڵد ترامپ، گوناهبارکراوە بە فێڵ و تەڵەکە کردن لە تۆماری ژمێریاریی کاردارییەکانیدا و بە نایاسایی بڕی 130 هەزار دۆلاری شاردۆتەوە. کۆهین ئەو بڕە پارەیەی داوە بە ستۆرمی دانێلس، ئەکتەری فیلمە سێکسییەکان، بەر لە ڕۆژی دەنگدان لە هەڵبژاردنەکەی ساڵی 2016ی سەرۆکایەتیدا.

پارێزەرەکانی ترامپ، دەڵێن "کۆهین بە خواستی خۆی و بەبێ ئاگاداری ترامپ ئەو پارەیەی داوە بە ستۆرمی."

دانۆڵد ترامپ دەڵێت دوای ئەوەی بووە سەرۆکی ئەمەریکا، قەرەبووی کۆهینی کردۆتەوە و دەڵێت "ئەو بڕە پارەیەی داومەتێ، مافی خۆی بووە و لەبری ئەو کارە یاساییانە بووە کە کردوونی."

دادپارێزان، تۆمارێکی دەنگییان خستۆتە بەردەست و وەک دەڵێن پەیوەندییەکی تۆمارکراوی تەلەفونییە لە نێوان مایکڵ کۆهین و کیث داڤیدسن، پارێزەری ستۆرمی دانێلس و باسی پێدانی ئەو بڕە پارەیە دەکەن بۆ بێدەنگکردنی دانێلس."

داڤیدسن، لە گەواهیدانێکی پێشتریدا وتوویەتی "هەرگیز گومانی نەبووە لەوەی هەوڵدانی کۆهین بۆ جێبەجێکردنی ئەو سەودایە لەگەڵ دانێلس، لەسەر داوای دانۆڵد ترامپ بووە."

بێ لەوە، کۆهین بەر لە هەڵبژاردنەکان بە نهێنی پەیوەندییەکی تەلەفونی لەگەڵ ترامپدا تۆمارکردووە و باسیان لە وردەکاریی پێدانی 150 هەزار دۆلار کردووە بە کارۆل مکدۆڵ، کە لە ساڵی 1998دا بە کەسی گۆڤاری پلەی بۆی ناسێنراور

مکدۆڵ دەڵێت "لە ساڵی 2006 و 2007دا بۆ چەند مانگێک، پەیوەندی سۆزداری و نهێنی هەبووە لەگەڵ ترامپدا."
دانۆڵد ترامپ، نکوڵی لەمەش دەکات.

XS
SM
MD
LG