Accessibility links

سەرچاوەیەکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان: لە گفتوگۆکانی بارزانی و بەرپرسانی ئێراندا باس لە دۆسێی حزبە کوردییە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران کراوە


سەرچاوەیەکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، بەرپرسانی باڵای ئێران داوای چارەسەرکردنی کێشەی حزبە کوردییە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران و ڕەواندنەوەی گومانەکانیان لە جوڵەی ئیسرائیل لە هەولێر لە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کردووە.

سەرچاوە باڵاکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە نەیویست ناوی بڵاوبکرێتەوە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"سەرۆکی هەرێم و بەرپرسانی باڵای ئێران گفتووگۆیان لەسەر مەسەلەی ئەمنی کرد، بابەتی ئەمنی حزبە کوردییەکان و گومانی ئێران لە جوڵەی ئیسرائیل و زۆر شتی تریش دەگرێتەوە."

دەشڵێت،"لە گفتووگۆکاندا بەڕوونی باسی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنانەی نێوان ئێران، عێراق و هەرێمی کوردستان کرا کە گرێدراوە بە حزبە کوردییە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێرانەوە."

کۆبونەوەی شاندی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم لە تاران لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران
کۆبونەوەی شاندی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم لە تاران لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران

ڕۆژی 19 ی مانگی 3 ی 2023، عەلی شەمخانی سکرتێری پێشووی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی ئێران و قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق ڕێککەوتنی ئەمنی نێوان هەردوو وڵاتیان واژۆ کرد، یەکێک لە خاڵەکانی ڕێککەوتنەکە تایبەتبوو بە دوورخستنەوەی هێزە کوردییە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران لە ناوچە سنورییەکانی نێوان هەرێم و ئێران.

دوێنێ یەکشەممە، شاندێکی باڵای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم، سەردانی وڵاتی ئێرانیان کرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتەدا چەندین کۆبوونەوەیان ئەنجامدا.

سەبارەت بە داواکارییەکانی شاندەکەی هەرێم لە ئێران، سەرچاوە باڵاکەی حکومەتی هەرێم وتی،"وەفدی هەرێم داوای ڕێزگرتنیان لە یەکتری کرد، داوایانکرد کێشەکان لە نزیکەوە چارەسەر بکرێن و دابڕان دروست نەبێت، هەروەها داوا لە ئێران کرا نێوەنگیری لە نێوان هەرێم و بەغدا بکات لەسەر مەسەلەی مووچە و نەوت و کێشە هەڵواسراوەکان."

لە سەردانەکەی شاندی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستاندا بۆ ئێران، جگە لە کۆبوونەوە لەگەڵ عەلی خامنەئی ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران، لەگەڵ ئیبراهیم رەیسی سەرۆک کۆماری ئێران و بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتەدا کۆبوونەوە.

بەگوێرەی ئاژانسی فەرمی ئێران (ئیسنا)، ڕەیسی بە نێچیرڤان بارزانی وتووە،"هیوادارم سەردانەکەت ببێتە هۆی پەرەپێدانی پەیوەندی سیاسی، ئابووری و ئەمنییەکانی نێوانمان. ئەمن و ئاسایشیش پێویستییەکی بنەڕەتییە بۆ هەر جۆرە هاوکاری و پێکەوە کارکردنێک."

دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ عەلی خامنەئی ڕابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران، نێچیرڤان بارزانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نوسیویەتی،"لەکۆبوونەوەکەدا جەختمان لەسەر ئامادەیی و خواستی عێراق و هەرێم بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئێران کردەوە."

لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی نێوان ڕابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران و نێچیرڤان بارزانی، سەرچاوە باڵاکەی حکومەتی هەرێم وتی،"کۆبوونەوەکە دوو قۆڵی بوو."

سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ئێران لە کاتێکدایە، لە دوای هەڵگیرسانی شەڕی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس لە مانگی 10 ی ساڵی 2023، چەندینجار شاری هەولێر لەلایەن ئێران و میلیشیا شیعەکانی نزیک ئەو وڵاتە بۆمبارانکراوە.

زیرەک کەمال ڕاوێژکاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"هەرێم و ئێران دراوسێی یەکترن، وڵاتانی دراوسێ بە لایەنی ئەرێنی و نەرێنی کاریگەرییان لەسەر یەکتری هەیە، هەرێم بە بایەخەوە سەیری ڕۆڵی وڵاتانی دراوسێ دەکات و بۆ هەماهەنگی بەردەوامیش، ئەنجامدانی دیدارو کۆبوونەوە گرنگە."

دەشڵێت،"هەرێم چاوی لەوەیە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران و وڵاتانی دراوسێ لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش جێگیر بکات."

سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم بۆ ئێران هاوکاتە لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، کە بڕیارە لە ڕۆژی 10 ی مانگی 6 ی ئەمساڵ ئەنجام بدرێت، بەڵام هێشتا پارتی دیموکراتی کوردستان بەشداریکردن لەو هەڵبژاردنە ڕەتدەکاتەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە سەردانەکەی سەرۆکی هەرێم بۆ ئێران، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"کێشە سیاسییەکانی ناوخۆی هەرێم و مەسەلەی هەڵبژاردن تەوەرێکی گفتووگۆی نێوان وەفدی هەرێم و ئێران دەبێت."

بەڵام زیرەک کەمال، ڕاوێژکاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت،"هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پرسێکی ناوخۆییەو پەیوەندی بە سەرۆکایەتی هەرێم و حکومەت و لایەنەکانەوە هەیە، هەرێم لەو چوارچێوەیە سەیری هەڵبژاردن دەکات."

ئەو وتیشی،"گفتووگۆکان بەردەوامن تا بتوانرێت هەڵبژاردنێکی تەندروست بە بەڕەزامەندی هەموو لایەنەکان ئەنجام بدرێت، هەڵبژاردنێک ببێتە مایەی قوڵبوونەوەی پرۆسەی دیموکراسی و بەرەوپێشچوونی هەرێمی کوردستان."

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:12 0:00

XS
SM
MD
LG