پرسی دواکەوتنی مووچە لە هەرێمی کوردستان دووبارە سەرهەڵدەداتەوە و سەرچاوە هەواڵییەکان بە دەنگی ئەمەریکا دەڵێن حکومەتی هەرێم لە ژێر فشاردایە بۆ ڕازیبوون بە ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە ڕێگەی بانکە فیدڕاڵییەکان و ڕادەستکردنی داهاتی ناوخۆ بەرلەوەی بەغدا مووچەی مانگی چوار بنێرێت.
ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بە تەوتین و لە ڕێگەی بانکی تی بی ئایەوە دەکرێت و پەیوەندی بە هەژماری منەوە نییە، بەڵکو مووچەکە دەخرێتە سەر هەژماری فەرمانبەران.
سۆران عومەر، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "سەرۆکوەزیرانی عێراق وتی، 'مووچەی مانگی مانگی دوو و سێم بۆ هەرێم نارد، چونکە ژیان و گوزەرانی خەڵک خراپبوو، ئەگینا دادگای فیدراڵی ڕەخنەی لێگرتم کە چۆن بە بێ تەوتین مووچەم خەرجکردووە."
پێشبینی دەکرا تا کۆتایی مانگی چوار لەلایەن حکومەتی عێراقەوە مووچەی مانگی چواری کەرتی گشتی هەرێم ڕەوانە بکرێت، بەڵام تا ئێستا حکومەتی عێراق هیچ پارەیەکی بۆ هەرێمی کوردستان ڕەوانە نەکردووە.
سەرچاوەیەکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "وەزارەتی دارایی عێراق ئامادە نییە مووچەی مانگی چواری فەرمانبەرانی هەرێم ڕەوانە بکات، بە بیانووی ئەوەی حکومەتی هەرێم پابەند نەبووە بە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی کە هەردوولای پەیوەستکردووە بە کۆمەڵێک پابەندی."
دەشڵێت، "حکومەتی هەرێم ڕەزامەندی دەربڕیووە لەسەر تەوتین بۆ چۆنیەتی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، بەڵام هێشتا هەرێم دەستی لە هەژماری من هەڵنەگرتووە، ڕەنگە لە کۆتاییدا فەرمانبەر سەرپشک بکرێت بەوەی تەوتین یان هەژماری من کامیان هەڵدەبژێرێت."
بەپێی وتەی سەرچاوەکە، حکومەتی هەرێم ڕەزامەندی لەسەر ڕادەستکردنی داهاتی نا نەوتی بە حکومەتی عێراق دەربڕیووە، لە ڕۆژانی داهاتوودا گفتووگۆ لەبارەی چۆنیەتی ڕادەستکردنی داهاتی نا نەوتی بە عێراق دەکرێت.
سەرچاوەکە وتیشی، "حکومەتی هەرێم گفتووگۆدەکات لەسەر ئەوەی کام داهات دەبێت ڕادەستی بەغدا بکرێت و ئەو بڕەی ڕادەست دەکرێت چەندە، چونکە داهاتی وەزارەتی کارەبا و خوێندنی باڵا و هەندێک وەزارەتی تر فیدراڵی نین و نابێت بدرێنە بەغدا."
ڕۆژی 2ی مانگی چواری 2024، وەفدێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی، بۆ گفتووگۆکردن لەسەر شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێم و پرسی بودجەی هەرێم سەردانی بەغدایان کرد.
دوو ڕۆژ دوای سەردانەکە، حکومەتی عێراق مووچەی مانگی سێی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی ڕەوانە کرد. ئەوکات بەرپرسانی عێراق و هەرێم ڕایانگەیاند، ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بەردەوامی دەبێت.
بەڵام پێچەوانەی چاوەڕوانییەکان، هێشتا حکومەتی عێراق مووچەی مانگی چواری ڕەوانە نەکردووە و دەنگۆی دووبارە سەرهەڵدانەوەی خۆپیشاندانی ناڕەزایی لە هەرێمی کوردستان هەیە.
ڕۆژی شەممە، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی هەرێم، بە ڕۆژنامەوانانی ڕاگەیاند، "لای ئێمە هیچ ئاستەنگێک نەماوە."
لە وەڵامی پرساری ڕۆژنامەوانان کە ئایا مووچەی مانگی چوار کەی دابەشدەکرێت، ئاوات شێخ جەناب وتی، "ئەو زانیارییە لای وەزارەتی دارایی عێراقە."
وەزیری دارایی حکومەتی هەرێم سەبارەت بە سیستەمی دیجیتاڵی هەژماری من ڕایگەیاند، "تی بی ئای هاتۆتە ئێرە، بەشدارە لە پرۆسەی هەژماری من، چونکە هەژماری من سیستەمە بانک نییە وەکو هەندێک کەس بە بانک تێیگەیشتووە. ئەو سیستەمە چەندین بانک تێیاندا بەشدارن و ئەو بانکانە هەموویان دانپێداندراون لە لایەن بانکی مەرکەزی. تی بی ئایش هاتووە، کە هەم بانکێکی حکومییە و هەم لە تەوتینی عێراق بەشدارە. هەموو بانکەکانی تریش کە لە هەژماری مندان بەشدارن لە تەوتیندا، چونکە هەنگاوی یەکەمیش لە هەژماری من بە تەوتین دەستپیدەکات."
دەنگی ئەمەریکا سەبارەت بە وردەکارییەکانی پرۆسەی ناسراو بە تەوتین و چارەنووسی سیستەمی هەژماری من پەیوەندی بە پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە کرد، بەڵام تا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە پەیوەندییەکەی بەردەست نەبوو.
سەرچاوە ئاگادارەکەی حکومەتی هەرێم بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "حکومەتی هەرێم لەسەر تەوتین لە ڕێگەی بانکی تی بی ئایەوە ڕەزامەندی نیشانداوە، ڕەنگە لە کۆبوونەوەی سبەینێ چوار شەمەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم دا، مەسەلەی ڕادەستکردنی داهاتی نا نەوتیش بە عێراق یەکلایی بکرێتەوە."
لای خۆشیەوە سۆران عومەر، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق وتی، "حکومەتی هەرێم لە ڕێگەی دوو نوسراوەوە ڕەزامەندی لەسەر تەوتین و ڕادەستکردنی داهاتی نا نەوتی بە عێراق نیشانداوە."
ڕۆژی 21ی مانگی دووی 2024، دادگای فیدراڵی عێراق لەسەر سکاڵای سێ هاوڵاتی نیشتەجێی هەرێمی کوردستان، سەرۆکوەزیرانی عێراق و هەرێمی پابەندکرد بەچەندین بڕیاری کارگێڕی و دارایی و بڕیاری ڕادەستکردنی نەوتی هەرێمیشی بە حکومەتی عێراق دەرکرد.