Accessibility links

سەرکردەیەکی تورکمان: فشار لە سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکرێت خۆی پارێزگارێک بۆ کەرکوک دابنێت


سەرکردەیەکی سیاسی تورکمانی ڕایدەگەیەنێت فشار لە سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکرێت پارێزگارێک بۆ کەرکوک دابنێت، تا ئەوکاتەی لایەنەکان لەسەر چۆنییەتی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی کەرکوک ڕێکدەکەون.

نەجات حسێن، سەرکردەی سیاسی تورکمانی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"تا ئێستا هیچ ڕێککەوتنێک لەنێوان پێکهاتەکانی کەرکوک لەسەر پۆستی پارێزگار نەکراوە، ڕێککەوتنیش ئەنجام نادرێت، مەگەر هەڵبژاردن ئەنجام بدرێتەوە یاخود دەستوەردان بکرێت بۆ ڕێکخستنی نێوان لایەنەکانی کەرکوک."

دەشڵێت،"عەرەب پۆستی پارێزگار بە هی خۆی دەزانێت و کوردیش داوایدەکات، ڕێککەوتن هەیە دوو ساڵ بە دوو ساڵ، بەڵام هیچ لایەک متمانەی بەویتر نییە و کورد داوا دەکات دوو ساڵی یەکەم پۆستی پارێزگار بۆ ئەو بێت و عەرەبیش هەمان داوای هەیە."

بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، کورد 7 کورسی، عەرەبی سونە 6 کورسی، تورکمان 2 کورسی و کوتلەی بابلیۆنیش کورسییەکی لە کۆی 16 کورسی ئەنجومەنی پارێزگاکە بەدەستهێناوە.

بڕیاربوو لە ڕۆژی 5 ی مانگی 2 ی 2024، ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک یەکەم کۆبوونەوەی خۆی ئەنجام بدات، بەڵام بەهۆی بایکۆتکردنی کۆبوونەوەکە لەلایەن کوتلەی عەرەبی و تورکمانییەوە کۆبوونەوەکە شکستی هێناو تا ئێستا حکومەتی خۆجێی کەرکوک پێکنەهێنراوە.

ئیسماعیل حەدیدی، سەرکردەی سیاسی عەرەبی سونە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"تا ئێستا هیچ ڕێککەوتنێک لە نێوان لایەنەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکوک ئەنجام نەدراوە، بەڵام لەدەرەوەی گفتووگۆ فەرمییەکان لێکتێگەیشتن هەیە."

ئەو وتیشی،"لە دەرەوەی گفتووگۆی فەرمی، عەرەب ڕازی بووە دوو ساڵی سەرەتا پۆستی پارێزگار بۆ کورد بێت، بەڵام هێشتا نەبووەتە ڕێککەوتنی فەرمی."

ڕۆژی 3 ی مانگی 3 ی 2024، محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ دووەمجار لەگەڵ نوێنەری کورد، عەرەب و تورکمان کۆبوویەوە. بە پێی ڕاگەیەنراوی ئەوکاتی نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق، ڕێککەوتن کرابوو لەسەر بەردەوامیدان بە دیالۆگی نێوان لایەنە براوەکان لە پێناو گفتووگۆکردن لەسەر کارنامەکانیان تا لەماوەی دوو هەفتەدا لەسەر کارنامەیەک ڕێکبکەون.

دوا تێپەڕبوونی زیاتر لە دوو مانگ بەسەر کۆبوونەوەی نێوان سەرۆکوەزیرانی عێراق و لایەنە براوەکانی کەرکوک، بەڵام هێشتا کۆبوونەوەی سێهەم ئەنجام نەدراوەو حکومەتی خۆجێی کەرکوکیش پێکنەهێنراوە.

سەرچاوەیەک لە مەڵبەندی کەرکوکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان کە داوایکرد ناوی ئاشکرا نەکرێت، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"ململانێی نێوان عەرەب و کورد لەسەر ئەوەیە پۆستی پارێزگار سەرەتا لای کامییان بێت، گەر ڕێککەوتن ئەنجامدرا پۆستەکە هەردووساڵ جارێک لای پێکهاتەیەک بێت،ئەمە بووەتە گرفت و هێشتا ماوە."

هاوکات لەگەڵ ڕێککنەکەوتنی لایەنەکانی کەرکوک لەسەر پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکوک، محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق نوسینگەیەکی تایبەت بە خۆی لەو پارێزگایە کردەوە، گوایە لە ڕێگەی نوسینگەکەیەوە چاودێری پرۆژەکانی کەرکوک دەکات.

XS
SM
MD
LG