Accessibility links

چارەنووسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بەرەو کوێ؟


دوای حوکمە وەلائییەکەی دادگای فیدراڵی لە هەفتەی ڕابردوو لەسەر سکاڵایەکی سەرۆکی حکومەت کە داوای کردبوو ئامادەکارییەکانی کۆمسیۆن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ڕابگرێن و دادگاکە ئەو ڕێکارانەی ڕاگرت، هەتا ئێستا چارەنووسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بە نادیاری ماوەتەوە بە جۆرێک بەشێک پێیان وایە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە کەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بەڕێوە دەچێت بووەتە مەتەڵێک، چونکە نە هەرێمی کوردستان خۆی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی ماوە، وە ماوەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراقیش لە 7ی مانگی حەوتی 2024 بەسەر دەچێت.

دەپرسین:

چارەنووسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بەرەو کوێ دەچێت و کەی هەڵبژاردن لە هەرێم ئەنجامدەدرێت؟

ئەگەر هەڵبژاردن دواخرا و لە داهاتودا ئەنجام درا، ئایە هەموو لایەنەکان بەشدار دەبن؟

لە کاتێکدا وڵاتان جەخت لەسەر گرنگی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکە دەکەن، ئەنجامنەدانی چ زیانێک لە هەرێم دەدات؟

لە بەرنامەی بابەتی ڕۆژ ئەم پرسە تاووتوێ کرا بە میوانداری:

١- دکتۆر ئارام برادۆستی، بەڕێوەبەری گشتی لە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی کوردستان .

٢-کەمال ڕەئوف، ڕۆژنامەنوس و شیکەرەوەی سیاسی.

٣- خەسرۆ گۆران، بەرپرسی پێشووی مەکتەبی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان.

٤- هۆگر چەتۆ، بەرپرسی تۆڕی شەمس بۆ چاودێری هەڵبژاردنەکان.

please wait

No media source currently available

0:00 1:13:28 0:00

دکتۆر ئارام برادۆستی

ئێمە ئێستا لەوە دەرچوین بڵێین هەڵبژاردن لە 10-6 دەکرێت یان نا، چونکە هەڵبژاردن لەو وادەیەدا ناکرێت، هەر خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاسای درێژکردنەوەی ماوەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق بۆ ماوەی یەک ساڵ کە لە هۆکاری دەرچوونی یاساکە ئاماژەی پێکردووە بۆ مەبەستی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمە بەڵگەیە کە هەڵبژاردن لە 10-6 ناکرێت، من وای بۆ دەچم و وای بۆ دەخوێنمەوە ڕێککەوتنێکی ڕانەگەیەنراو لەنێوان پارتی و یەکێتی ئیتر لە یەکێتی کام کەسیانە ئەوەیان نازانم، لەگەل لایەنە عێراقیەکانیش کرابێ کە هەڵبژاردن لەو وادەیە نەکرێت، بۆیە تا دادگای فیدراڵی بڕیار لەسەر چارەنوسی داواکەی سەرۆکی حکومەت دەرنەکات سەرۆکی هەڕێم وادەی نوێی هەڵبژاردن دیار ناکات، کەوای بۆ دەچم بەپێی ڕێککەوتنەکە کۆتایی مانگی نۆ یا دە یاخود نەگاتە کۆتایی ئەمساڵ، وە ڕێککەوتنەکە بەوجۆرەیە زەمینەسازی باشتر بکرێ بۆ هەڵبژاردن بەڕێککەوتنی هەموو لایەنەکان، وە کورسی پێکهاتەکانیش بگەڕێتەوە بەڵام چەند کورسی نازانم، وا هەست دەکەم دادگای فیدراڵی هەست بە(غوبن)دەکات لەبەرامبەر بڕیاری نەهێشتنی کورسی پێکهاتەکان بۆیە ئەمجارە ڕەنگە پێییدا بچێتەوە.

من ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردن دەبینم و دەبێت هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت، دیاریکردنی ڕۆژی هەڵبژاردنی هەرێم لەدەستی عێراق نیە، بەڵکو سبەی سەرۆکی هەرێم لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان و پێکهاتەکان کۆبێتەوە ڕێکبکەون لەسەر هەڵبژاردن ئەو ڕۆژە ڕۆژی هەڵبژاردنە نەک عێراق دیاری بکات.

کەمال ڕەئوف

ئەم دۆخەی ئێستا هەیە دۆخی هەڵبژاردن نیە، دۆخێکی خراپ و دابەشبوون هەیە، ناتەبایی لەنێوان هێزە سیاسییەکاندا هەیە، بەتایبەت لەنێوان پارتی و یەکێتی، ئەم دۆخە وایکردووە کەکاریگەری لەسەر کۆمەڵگاش هەبێت و بینیمان لەڕابردوو ڕێژەی بەشداری دەنگدەران چۆن بوو، ئێستاش کاتی هەڵبژاردن دیاریکراو نیە، ئەوکاتە دەکرێت کە کەی پارتی و یەکێتی گەیشتنە ئەو بڕوایەی کە کەی هەڵبژاردن بکرێت، من پێموایە حکومەتی عێراق حەز بکات هەڵبژاردن هەرنەکرێت لە هەرێمی کوردستان.

هەرێمی کوردستان چۆتە قۆناغێکی مەترسیدارەوە، بەهۆی ئەو شکستە ئیدارییەی 32ساڵی ڕابردووی پارتی و یەکێتی، نەمانی متمانە لەنێوانی خەڵک و دەسەڵات، وایکردووە هەڵبژاردن درۆیەکی گەورە بێ لە کوردستان، لەناو اەو درۆ گەورەیەشدا درۆیەکی گەورەتر هەبووە کە درۆی پێککهاتەکان بوو، چونکە نە پێکهاتەکان نوێنەرایەتی خۆیانیان کردووە، نەهەڵبژاردنیش بۆ دەستاودەستکردنی دەسەڵاتبووە، ئێستا هەرێمی کوردستان چۆتە قۆناغێکەوە کە دادگای فیدراڵی کردۆتە مەرجەع، هەرخودی ئەو داوایەی کاک مەسرور لە دادگای فیدراڵی تۆماریکردووە واتای داننا بەوەی دادگای فیدراڵی عێراق بۆتە مەرجەعی یەکلاییکردنەوەی کێشەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، وەک ئەوەی عێراق خۆی دۆخی لەهەرە باشتر بێت، بەڵام بەداخەوە ئەو دادگایە ئێستا بۆتە مەرجەع و کێشە ناوخۆییەکانی هەرێم دەبرێتە ئەوێ بۆ چارەسەرکردن، لەکاتێکدا تا سەرۆکی حکومەت ئەو داوایەی تۆمارنەکردبوو، ئەو دادگایە دادگای سەورە و سیاسی و کارکردن بوو بەئەجێندای وڵاتانی دەرەوە.

ئەم شەڕەی ئێستای پارتی و یەکێتی نەلەسەر پێکهاتەیە، نەلەسەر هەڵبژاردن، وە نە هیچ لەوانەی باسی دەکەن، بەڵکو شەڕە لەسەر دەسەڵاتی ڕەهایی و گەڕانەوەی پەنجا بەپەنجایە لەنێوان خۆیاندا، هەروەک چۆن پێشتر ئەو شەڕەیان کرد، ئەم مامەڵەیەتی پارتی و یەکێتی هەرێمی کوردستانی ڕووبەڕووی چەندین مەترسی کردۆتەوە، پارتی و یەکێتی ئەگەر بیانخەیتە بەردەم دوو بژاردە، بەوەی پێییان بوترێت، هەڵبژاردن بکرێ حزبەکەت دەدۆڕێ، یا هەڵبژاردن نەکرێ هەرێمی کوردستان تێدا دەچێت، بێگومان ئەوە هەڵدەبژێرن کە هەرێم تێدابچێت پێییان باشترە لەوەی حزبەکەیان لەهەڵبژاردن بدۆڕێ،واتە تێگەیشتنی ئەو دوو حزبە تێگەیشتنێکی تەواو حزبیانەیە بەرامبەر کوردستان، تێگەیشتنێکە کەئێمە بەرەو هەڵدێر دەبات و هەرێمی کوردستان دەکاتە قەوارەیەکی بەتاڵ کە بۆ هەموو شتێک پەنا بۆ دادگای فیدراڵی دەبات، دوای ئەوە خۆ دادگای فیدراڵی لەسەر ئەوە ناوەستێت بڵێ ئیتر تەواو، بەڵکو ئنجا داوای هێزی چەکدار، سەرچاوەی دارایی، خاڵەسنورییەکان و فڕۆکەخانەکانیش دەکات، شتەکە ڕوونە ئیتر بەغداد بەهێزی نەرم مامەڵە لەگەڵ هەرێم دەکات جارێکی تر چەکدار نانێرن بۆسەر هەرێم شەڕ بکەن، ئنجا هێزی چەکداریشییان لێدەسێننەوە چونکە بەندی یاسایی و دەستوری هەیە کە حزب نابێت هێزی چەکداری هەبێت، کەچی هەرێمی کوردستان بەئەندازەی سێ وڵاتی عەرەبی هێزی چەکداری هەیە، ئەم هەموو هێزە چەکدارە چییە لەخۆیانیان کۆکردۆتەوە!!کێ چاوەڕێی دەکرد دادگای فیدراڵی بەوجۆرە بەسەر حەلبوسیدا بهێنێت؟! یا پەرلەمانی هەرێمی کوردستان هەڵبوەشێنێتەوە،ئێستاش دەبێت چاوەڕێی کۆمەڵێک بڕیاری تری دادگای فیدراڵی بین هاوشێوەی بڕیارەکەی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی هەرێم و حەلبوسی چونکە ئێمە کردمانە مەرجەع خۆ ناکرەث لێی پەشیمان ببینەوە.ئێمە لەبەردەم ئایندەیەکی نادیارداین هۆکارەکەشی ٣٢ساڵی مامەڵەی پارتی و یەکێتییە،ئێستا لەناو کۆمەڵگای ئێمەدا خەڵکانێک هەن بەهۆی ئەوەوە پێی خۆشە بەیانی عێراق بێتەوە هەولێر و سلێمانی، پێیی خۆشە دادگای فیدراڵی بڕیاری کەلەپچەکردنی ئەو سەرکدانەی حکومڕانی ئێستای کورد بدات، ئەم خواستە دروستبووە لەناو خەڵکدا

خەسرۆ گۆران

لە کوردستان هەڵبژاردن دەبێت بەڕێککەوتن بکرێت، ئێستاش دۆخەکە لەبار نیە بۆ دەمودەست ڕێککەوتن، بەڵام بابزانین دادگای فیدراڵی چ بڕیارێک دەدات ئەوکات هەوڵی ڕێککەوتن بدرێث، چونکە بێ ڕێککەوتن هیچ هەڵژاردنێک لە کوردستان ناکرێث، بۆیە کاتی هەڵبژاردن دیار نیە، ڕەنگە هەروەک کاک کمال وتی، بکەوێتە ساڵی داهاتوو، پارتی هەندێک گومانی لادروستبووە هەرکات ئەو گومانانە بەهەند وەرگیران هەڵبژاردن دەکرێت، بێگومان خۆ هەردەبێت هەڵبژاردنیش بکرێت، چونکە وێنەی کوردستان خراپ دەبێت لەدەرەوە، بابەتی کۆتاکان بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان گرنگە نەک هەر بۆ پەرلەمان و هەڵبژاردن بەڵکو هەمیشە نوێنەری پێکهاتەکان لەسەرکردایەتی حزب هەبووە، لەدواین کۆنگرەش کە هیچ یەزیدییەک دەرنەچوو بەکۆی دەنگ بڕیاردرا ئێزیدییەک زیاد بکرێت بۆ سەرکردایەتی.

من وای بۆدەچم سەرۆکی هەرێم لەگەڵ لایەنەکان قسەیان کردبێت وە هەوڵێکی جدی هەیە لەگەڵییان بۆ ئەوەی وادەیەکی نوێ بۆ هەڵبژاردن دیاری بکرێت،بڕواناکەم هیچ وادەیەکی هەڵبژاردن دیاریبکرێت هەتا ڕێککەوتنی موتڵەق نەکرێت لەنێوان لایەنەکان،لەو چەندجارەی جاری پێشوو کە وادەی هەڵبژاردن دەیاریکرا، کەپێشتر من لەکۆبونەوەکانی سەرۆکایەتی هەرێم و نوێنەری نەتەوەیەکگرتووەکان بەشدار بووم، ڕێککەوتنی کۆنکرێتی نەکرا لەنێوان لایەنەکان کێشەکان لەنێوان لایەنەکان هەرمابوون بەڵام ئومێد دەکرا چارەسەر بکرێن.

هیچ ڕەگەیەک لەبەردەم هەرێم و لایەنەکانی هەرێم نیە جگە لەڕێککەوتن و ئەنجامدانی هەڵبژاردنێک کە هەموو لایەنەکان ڕێککەوتنیان لەسەر کردبێت و دڵنیابن، ئەگەر وانەکرێت ئەوا هەرێمی ئێمە ڕووبەڕووی مەترسی دەبێتەوە، بەغذاد هەلەکانی ئێمە دەقۆزێتەوە و زیاتر دەسەڵاتی خۆی دەسەپێنێ، بۆ هەنگاوی کرداری نا چونکە لەوە زیاتر بەغداد چی دەکات، پەرلەمان و کۆمسیۆنی هەڵوەشاند، حکومەتمان کاربەڕێکەرە، بەڵام دەسەڵاتی خۆی زیاتر بەسەرماندا دەسەپێنێ و هەرێم لاوازتر دەبێت.

هۆگر چەتۆ

لەئێستادا دوو ئاماژەی باش هەن بۆ ئەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێم ئەنجامبدرێث لەماوەیەکی دیاریکراودا، یەکەم ئاماژە، خوێندنەوەی یەکەم بۆ درێژکردنەوەی ماوەی کارکردنی کۆمسیۆن بۆ یەک ساڵ بەمەبەستی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێم دووەم، هەوڵێک هەیە لەگەڵ دادگای فیدراڵی کە ئەو داوایەی سەرۆکی حکومەت بەزوویی یەکلایی بکاتەوە و سیناریۆی سکاڵاکەی یەکێتی دووبارە نەکاتەوە کە بەیانزە دانیشتن یەکلاییکردەوە، ئەگەر ئەمانە وەک خۆی ڕۆیشتن ئەگەری هەیە هەڵبژاردن لەمانگی ١٠ی ئەمساڵ یا مانگی دوانزە ئەنجام بدرێت، بەڵام ئیتر عێراق خۆی وڵاتی موفاجەئاتە، هەرەمی کوردستانیش وڵاتی ناکۆکییە، کورد هەم دۆستی هەیە هەم نەیار، کورد لەسەر هەڵبژاردن دۆستەکانی خۆیشی ئیحراج کردووە، کێشەکان ئەوەندە گەورە نین چارەسەر نەبن، ئەگەر بڕیاری دادگای فیدراڵیش وەک خۆی مایەوە با جێگری سەرۆک وەزیران یا دوو وەزیر بدرێتە پێکهاتەکان، یاخود ئەنجومەنی پێکهاتەکان پێکبهێنرێت کە لەشوێنی تریش هەیە، بۆ ڕازیکردنی پێکهاتەکان، مۆدێلی چەند کورسییەک تێپەڕێنرێت، کەلەگەڵ حزبی ئرلف یا حزبی تر دەست بەرزبکاتەوە،بۆیە دەبێت ئەمە کۆتایی پێبێت هەم لەکوردستان وە هەم لە عێراقیش.

XS
SM
MD
LG