بە پێی زانیارییەکانی دەنگی ئەمەریکا، لەسەر ڕوودانی ئاگرکەوتنەوەکەی ڕۆژی 7ی مانگی سێی ئەمساڵی بازاری لەنگەی هەولێر، زیاتر لە 20 کەس دەستگیرکراون و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت. هەروەها بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی حاڵەتەکانی ئاگرکەوتنەوە لە بازارەکاندا، ئاسایشی پارێزگاری بازارەکان لە کۆمپانیا ئەمنییەکان وەرگیراوەتەوە و لەمەودوا پۆلیس دەیانپارێزێت.
سەرچاوەیەک لە هێزە ئەمنیەکانی هەولێر کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "زیاد لە 20 کەس لە سەر ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەی دوایین جاری بازاری لەنگەی هەولێر لەلایەن هێزەکانی ئاسایشەوە دەستیگرکراون و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت و بەشێک لە دەستگیرکراوان لە دوکاندارەکانی نێو بازارەکە پێکهاتوون."
ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو، "کۆمپانیا ئەمنییەکان کە لە ڕابردوودا بازارەکانیان بە شەوان دەپاراست کەمتەرخەمبوونە، بۆیە حکومەتی خۆجێی پارێزگای هەولێر بڕیاری داوە کۆمپانیاکان نەمێنن و پۆلیس ئەمنیەتی بازارەکان بپارێزێت."
نەبەز عەبدولحەمید قایمقامی ناوەندی هەولێر لەسەر دەستگیرکراوەکان و پرسی گواستنەوەی پاراستنی بازاڕەکان ئامادەنەبوو زانیاری زیاتر بدات.
قایمقامی ناوەندی هەولێر بە دەنگی ئەمەریکا وت، "ناتوانین هیچ لەسەر لایەنە ئەمنییەکە بڵێن، چونکە لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن و هەرکات لێکۆڵینەوەکان ئەنجامی کۆتاییان وەرگرت، ئەوکات بۆ ڕای گشتی هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکان لە بازارەکانی هەولێر دەخەینە ڕوو."
دەنگی ئەمەریکا پەیوەندی بە هەریەک لە پارێزگاری هەولێر وتەبێژانی ئاسایش و پۆلیسەوە کرد، بەڵام پەیوەندیەکان بەردەست نەبوون.
لە ماوەی پێنج مانگی ڕابردوودا چوار ئاگرکەوتنەوەی گەورە لە بازاڕەکانی هەولێر تۆمارکراون و دووئاگریان لە بازاری لەنگەی هەولێر بوون کە، بە گوێرەی سەرچاوە فەرمییەکان، بەهۆیانەوە 220 دوکان سوتان.
جگە لە ئاگرەکانی لەنگە، جارێکیش ئاگر لە کۆگایەکی پیشەسازی هەولێر کەوتەوە کە بە وتەی خاوەنەکەی بووە هۆی زیانی 10 ملیۆن دۆلار و دواتر هێزە ئەمنیەکان ڕایانگەیاند ڕووداوەکە بە مەبەست بووە و چەند کەسێکیان لەسەری دەستگیرکردووە.
دواین جاریش درەنگانێکی شەوی یەکشەممە، 5ی مانگی پێنجی 2024، ئاگر لە بازاڕی قەیسەری کەوتەوە و بەهۆیەوە زیاتر لە 100 کەس برینداربوون و 227 دوکان و 7 کۆگای بچووک سوتان.
دووبارەبوونەوەی ئەو ڕووداوانە بووەتە جێگەی گومان نەک هەر بۆ دوکاندارەکان و زیانلێکەوتووان بەڵکو بۆ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و داوای لێکۆڵینەوەی ورد دەکرێت.
دوای ئاگرکەوتنەوە لە بازاری قەیسەری، حکومەتی خۆجێی هەولێر دوو لیژنەی پێکهێنا بۆ خەمڵاندنی قەبارەی زیانەکان و دیاریکردنی هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە. بەڵام هەر زوو وەزارەتی کارەبا تیمێکی بۆ بازاڕەکە نارد و لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی کرد بۆ ئەوە کە "هیچ بەڵگەیەکی ئەوتۆ نەبینرا لەوەی بەهۆی کارەباوە ئاگرەکە کەوتبێتەوە."
دوێنی یەکشەممە 12ی مانگی پێنج، دیوانی پارێزگای هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە کە لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئومید خۆشناو پارێزگاری هەولێربە ئامادەبوونى بەرپرسانى لایەنى پەیوەندیدار لە دیوانى پارێزگا، لەگەڵ سەرجەم دوکاندار و کاسبکارانى زیانلێکەوتووى بازاڕی قەیسەری هەولێر کۆبوونەوە.
پارێزگارى هەولێر لەسەر بنەمای کۆبوونەوەکە بڕیارێکی 11 خاڵی دەکرد بۆ لێکۆڵینەوە لە بارەی دروستبوونی ئاگرەکە و "بە زوترین کات" نۆژەنکردنەوەى ئەو دوکان و شوێنانەی زیانیان بەرکەوتووە.
هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتوووە پارێزگار بڕیاری لێخۆشبوونی لە کرێى شەش مانگى خۆڵ و خاشاک و تابلۆی دوکاندارە زیان لێکەوتووەکان دەرکرد، سەرەڕای لێخۆشبوونی باج بە ڕێژەی 50% بۆ ساڵى 2023 و بە ڕێژەی 100% بۆ ساڵى 2024. هەروەها دەڵێت دوکاندارەکان دەتوانن لە وەرگرتنى قەرزى بێ قازانج لە بانکى جیهان سوودمەند ببن.
دوکاندارەکان هەنگاوەکانی نۆژەنکردنەوەی شوێنە سوتاوەکان بە گرنگ دەبینن، بەڵام لە هەمان کاتدا داوا دەکەن بڕیاری قەرەبووکردنەوەی زیانەکانیان بدرێت.
غەریب محەمەد، یەکێک لە دوکاندارە زیانلێکەوتووەکانی نێوبازاری قەیسەری هەولێر، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "زیاد لە 70 هەزار دۆلار زیانم بەرکەتووە ئێستا چاوەڕوانی ئەوەین حکومەت بەشی دەرەوە و ناوەوەی بازارەکە نۆژەنبکاتەوە، ئەوکات ئێمەش پەنا دەبەینە بەر قەرزکردن تا بتوانین دوکانەکانمان نۆژەنبکەینەوە و کەلوپەلی تێدا دابنێینەوە"
ئەو دوکاندارە وتیشی، " ساڵانێکی زۆرە سەرقاڵی کار و کەسابەتین و هیچ دەسەڵاتێکمان نیە، تەنها ئەوەندە نەبێت داوا دەکەین هۆکارەکەی بخرێتەڕوو و کارئاسانی بۆ دوکاندارەکان بکرێت بۆ سەرلەنوێ کردنەوەی دوکانەکانیان.