Accessibility links

دەزگای ئاسایشی هەرێم دەستگیرکردنی قاچاخچییەکی نێودەوڵەتی ناسراو بە "دووپشک" لە شاری سلێمانی ڕاگەیاند


دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە بڵاوکراوەیەکدا ڕایگەیاند، گەورە بازرگانێکی کوردی لە بواری بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە دەستگیرکردووە و لە ئێستادا لەژێر لێکۆڵینەوەی هێزەکانیاندایە.

بە پێی بڵاوکراوەکەی دەزگای ئاسایش کەسە دەستگیرکراوە کە ناسراوە بە "دووپشک" لە وڵاتانی دەرەوە داواکراو بووە و بازرگانی بە مرۆڤەوە کردووە، لەسەر داوای پۆلیسی ئینتەرپول ئاسایشی سلێمانی دەستگیری کردووە.

لە بڵاوکراوەکەی ئاسایشدا هاتووە، " پاش بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەی هێزەکانی ئاسایش، لەسەر بنەمای ئاڵۆگۆڕی زانیاری هەواڵگری و لەسەر داوای پۆلیسی نێودەوڵەتی ( ئینتەرپول ) بە فەرمانی دادوەر توانرا لەرۆژی 12ی پێنجی 2024 گەورە بازرگانێکی قاچاخچی و بازرگانیکردن بەمرۆڤەوە، بەناوی (ب،ک،م) ناسراوە بە (دووپشک) دەستگیربکات و ڕادەستی یاساکرا."

بە پێی زانیاریەکان، ئەو بازرگانەی دەستگیرکراوە کوردە و ناوی "بەرزان مەجید" ناسراوە بە دوپشک و لە بواری گواستنەوەی پەنابەراندا بە نایاسایی ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبووە و یەکێکە لە بازرگانە گەورەکان بە مرۆڤ.

بە پێی ڕاپۆرتێکی کەناڵی بی بی سی، دوپشک لە دادگایەكی بەلژیكا 121 تۆمەتی بەسەردا ساغكراوەتەو بە دە ساڵ زیندانی سزادراوە. داواكاری گشتی بەلژیكا وتویەتی، "لە كۆتایدا هەر دەكەوێتە دەستمان."

بە پێی ڕاگەیێندراوەکەی دەزگای ئاسایشی هەرێم ، "لەئێستادا تۆمەتبار بە ماددەی 5 لە یاسای ژمارە 28ی ساڵی 2012 دەستگیرکراوە و لێکۆڵینەوە لەدۆسیەکەی بەردەوامە."

یاسای عێراقی ژمارە 28ی ساڵی 2012ی بەرەنگاربونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان بە یاسای ژمارە 6ی ساڵی 2018 بەرکار کراوە و لە 14 مادە پێکهاتووە و تێیدا بازرگانیکردن بە مرۆڤی وەکو تاوان لەقەڵەمداوە.

دەزگای ئاسایشی هەرێم سەبارەت بە دەستگیکردنەکە ئامادەنەبوو زانیاری زیاتر بدات بە دەنگی ئەمەریکا "چونکە بابەتەکە لەژێر لێکۆڵینەوەدایە."

please wait

No media source currently available

0:00 0:01:49 0:00
XS
SM
MD
LG