سەرەک وەزیری عێراق لە نوسراوێکی تایبەتدا داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات هەتا 18 مانگی تر کۆتایی بە ئەرکی یونامی بهێنرێت لە عێراقدا.
لەو نوسراوەدا وەک ئاماژەی پێکراوە، داوا لە سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانیش کراوە، هەتا ئەو کاتەی بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایش دەدرێت لەسەر ئەگەر و نەگەری مانەوەی یونامی، کارەکانی یۆنامی سنوردار بکرێن. ئەم داوایانەش وەک کاربەدەستانی عێراقی دەڵێن، ڕەوشی عێراق لە هەموو ڕوویەکەوە بەرەوپێشچووە و پێویست بە مانەوەی یونامی ناکات.
فەرحان حەق، وتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت "ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو، ئەو پەیامەی سەرەک وەزیری عێراقمان پێگەیشتووە و ئێمەش ناردومانە بۆ سەرۆکی ئەم خولەی ئەنجومەنی ئاسایش. ئەنجومەنی ئاسایش بڕیار دەدات لەسەر ئایندەی یونامی."
بەڕێز حەق دەڵێت " لە ساڵی پاردا ئەنجومەنی ئاسایش داوای لێکردین تا هەڵسەنگاندن و پێداچوونەوەیەکی سەربەخۆیانەی ستراتیژی بکەین بۆ کار و ئەرکەکانی یونامی. ڕۆژی 24ی مانگی 3ی ئەمساڵ، سکرتێری گشتی یو ئێن ڕاپۆرتی خۆی داوە بە ئەنجومەنی ئاسایش و لەو ڕاپۆرتەدا بەرەنجامەکانی ئەو پێداچوونەوە سەربەخۆیەی تیادا بووە و ئەنجومەنی ئاسایش ئەو بەرەنجامانەش بە هێند وەردەگرێت هاوکاتی بڕیاردان لەسەر ئەگەر و نەگەری کاری ئایندەی یونامی بۆ یارمەتیدانی عێراق."
بەپێی لێدوانی وتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەو وادەیەی بۆ یونامی دانراوە لەم مانگەدا کۆتایی پێدێت، فەرحان حەق دەڵێت "ئێمە بڕوامان بە ئەنجومەنی ئاسایش و بە حکومەتی عێراق هەیە بۆ دۆزینەوەی ڕێگەی بەرەوپێشچوون و هاوکاتی ئەمەش ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش، پێشنیازەکانی پێداچوونەوە سەربەخۆ ستراتیژیەکە بە هێند وەردەگرن."
لەو ڕاپۆرتەدا کە سکرتێری گشتی یو ئێن داویەتی بە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئاماژە کراوە بەوەی "یو ئێن ئامانجی ئەوەی نییە بۆ وادەی نادیار لە هیچ وڵاتێکدا بمێنێتەوە و لە هەوڵداین بۆ دانانی پلانێک بەپێی ئەو هەلومەرجانەی هەن بۆ کشانەوەی یونامی."
وتەبێژی حکومەتی عێراق، هەر لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا باسی لەوە کردووە، ئەو داوایەی سەرەک وەزیری عێراق بەشێکە لە کارنامەی حکومەتەکەی کە ئەنجومەنی نوێنەران پەسەندی کردووە.
باسم ئەلعەوادی، لە لێدوانەکەیدا دەڵێت "ئەم هەنگاوە بە ئامانجی بەرز ڕاگرتنی ڕۆڵی دامەزراوە دەستورییەکان و ڕێکخستنی پەیوەندییەکانی عێراقە لەگەڵ نێوەندە نێونەتەوەییەکان بەو شێوەیەی ڕەنگدانەوەی بەرەوپێشچوونەکان و پەرسەندنەکان بن لە ساڵی 2003وە."
وتەبێژی حکومەتی عێراق ئاماژەش بەوە دەکات ئەو هەلومەرجانەی لە ساڵی 2003دا یونامی لەسەر پێکهێنرا، چییدی وەها نەماون و گۆڕانی بەرچاویان بەسەردا هاتووە.
یونامی لە ساڵی 2003 دامەزاروە بەپێی بڕیاری ژمارە 1500ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، دامەزراندنی یونامی لەسەر داوای حکومەتی عێراق بووە. لە ساڵی 2007دا بەپێی بڕیاری ژمارە 1770 ئەرکی یونامی لە عێراقدا زیاتر بەرفراوان کرا.
ئەرکی یونامی لە عێراقدا بریتییە لە یارمەتیدانی عێراق، وەک پێدانی ڕاوێژ و کۆمەککردنی حکومەت و گەلی عێراق بۆ بەرز ڕاگرتنی دیالۆگی بەرفراوانی سیاسی و ئاشتەوایی نیشتمانی و کۆمەڵایەتی، یارمەتیدانی عێراق لە بواری هەڵبژاردن و کارئاسانیکردن بۆ دیالۆگی نێوان عێراق و وڵاتانی دراوسێی و هەروەهاش بەرز ڕاگرتنی دۆسێی مافەکانی مرۆڤ و چاکسازییەکانیش لە دەسەڵاتی دادوەریی و یاساییدا.
ئەم داوایەی سەرەک وەزیری عێراق بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکی یونامی لە کاتێکدایە کە وڵاتەکەی لەبەردەم دوو هەڵبژاردنی گرنگدایە، هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان کە بڕیارە ڕۆژی 10ی مانگی 6 بکرێت، هەروەهاش هەڵبژاردنی ساڵی داهاتووی پەرلەمانی عێراق. ژینگەی سیاسیش لە عێراقدا، هێشتا پڕە لە ناکۆکی و ناتەبایی نێوان پێکهاتەکان و لایەنە سیاسییەکانی وڵاتەکەش.
سەرچاوە: نەتەوە یەکگرتووەکان، حکومەتی عێراق