Accessibility links

هۆکاری بەردەوامبوونی دواکەوتنی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان چییە؟


هەرچەندە پێشتر بەرپرسانی حکومەتی هەرێم و بەشێک لە پەرلەمانتاران لە کۆتایی مانگی ڕەمەزان و لەسەروبەندی هاتنی دوو موچەی موچەخۆرانی هەرێم پێکەوە لە بەغدادەوە مژدە و جەژنانەی ئەوەیان دەدا بە موچەخۆرانی هەرێم کە سەرەڕای ئەو دوو موچەیە، لە مانگی چوار موچەی سێیەمیش کە هی مانگی چوارە وەردەگرن، بەڵام مانگی چوار تەواوبووە و نزیک بووینەتەوە لە نیوەی مانگی پێنج و هێشتا هاتنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە ئەمڕۆ و بەیانیدایە.

لە نوێترین پێشهاتیشدا ڕاگەیەنرا کە بەغداد بڕە پارەیەکی بۆ موچەی چەند توێژێکی کۆمەڵایەتی ناردووە و لە هەمان کاتدا داوای ناردەنی لیستی فەرمانبەرانی هەرێمی کردووە بە چاپکراوی، واتە لەسەر کاغەز. دواکەوتنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەکاتێکدایە کە پێشتر بڕیار درابوو فەرمانبەرانی هەرێم هاوشێوەی فەرمانبەرانی عێراق مانگانە لە کاتی خۆیدا موچە وەربگرن بە بێ دواکەوتن و بەدەر لەکێشەکانی نێوان هەرێم و بەغداد.

please wait

No media source currently available

0:00 0:54:30 0:00

دەپرسین:

هۆکاری چەندبارەبوونەوەی دواکەوتنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بۆچی دەگەڕێتەوە و کێ بەرپرسە؟

ئایا پێشتر هیچ ڕێککەوتنێکی کۆنکرێت لەسەر موچەی فەرمانبەرانی هەرێم کراوە؟

لەسەر چ بنەمایەک وترا کە کێشەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم کۆتایی هاتووە؟

بۆچی پەرلەمانتاران و نوێنەرانی کورد و حکومەتی هەرێم بۆ پرسی نەناردنی موچە پەنا نابەن بۆ دادگای فیدراڵی؟



لە بەرنامەی بابەتی ڕۆژ تاووتوێی ئەم پرسانە بە میوانداری شوان کەلاری، بڕیاردەری فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق و شێروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی لە خولی ڕابردووی پەرلەمانی عێراق دەکەین.

شوان کەلاری
'قەیرانی متمانە هەیە، ئەم بەغدادە و ئەم حکومەتەی فیدراڵە نەجێگای باوەڕن و نەئیلتیزامیان بەبەڵێن و نەبەدەستورو نە بەڕێککەوتن هەیە، تەنانەت دادگای فیدراڵیش خەیاڵ و ئەندێشەیان لای ئەوەیە کە بەدوای ئەو فاکتەرانەدا بگەڕێن کە کوردی پێبچەوسێننەوە، ئەم عەقڵیەت و دەسەڵاتە بونیان هەیە لەبەغداد، حکومەتن لەناو حکومەتدا، لەکاتی پێکهێنانی حکومەتدا وەرەقەی سپییان بۆ کورد واژۆ کرد، چونکە ئەوکات عێراق لەبارودۆخێکی سەیردا بوو، سەدر کشابوەوە و پێویستییان بەپارتی و سوننە بوو بۆ ناو حکومەت، بەڵام ئێستا دەبینین هیچ لەو بەڵێن و ڕێککەوتنانە جێبەجێنەکراون، جەخت دەکەمەوە کە ئەوان جێگای متمانەنین، هەرئەوەندەی ئیشیان پێتە لێت دێنە پێشەوە و بەڵێنی گەورە دەدەن، بەڵام دواتر بیانوو دەهێننەوە، دواتر پەرلەمانتار بەناوی سەربەخۆوە دژ بەهەرێم هاندەدەن."

بڕیاردەری فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق دەشلێت "هۆکاری نەهاتن و دواکەوتنی موچە سیاسییە، دروستکردنی کێشەیە بۆ هەرێمی کوردستان، ئەوان چاوییان بەپێشکەوتن و سەرکەوتنەکانی هەرێمی کوردستان هەڵنایەت، ئەوەتا بڕیاری دادگای فیدراڵی هەیە کەنابێت موچەی فەرمانبەرانی هەرێم تێکەڵ بەململانێی سیاسی نێوان هەرێم و بەغداد بکرێ. فەرمانبەر هەیە کە ڕەنگە خۆشی لەحکومەتی هەرێم و تەنانەت پارتی و یەکێتیش نەیەت، بۆچی بێ موچە بکرێت و تاوانی چیە ببێتە قوربانی کێشەی نێوان هەرێم و بەغداد؟!"

دەشڵێت "گریمان (تەوتین)بەو شێوەیە کرا لەهەرێمی کوردستان کە تەیف سامی دەیەوێ، لەبانکی ڕەشید و تی بی ئای و ڕافیدەین، ئەوکاتیش کە وەزارەتی دارایی عێراق مانگانە موچەی نەخستە سەر حسابی ئەو بانکانە بۆ فەرمانبەرانی هەرێم، خۆ ئەو بانکانە نایەن پارەی خۆیان وەک موچە بدەن، ئەوەتا ئێستا وەزارەتی دارایی عێراق لەسەر لیستی چاپکراو پانزە ڕۆژە موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی دواخستووە، ئەوکاتیش بیانوویەکی تر دەدۆزنەوە و دەڵێن لە50%ی داهاتی نانەوتیمان ناوێ، بەڵکو لە 100%مان دەوێ، یا دەڵێن بەقاچاغ نەوت دەفرۆشن. ئەوان بیانوو دەگرن، ئەسڵەن چارەسەر ئەوەیە کە موچەی فەرمانبەران بەدەر بکەن لەهەموو کێشە سیاسییەکان، ئەوە دادگای فیدراڵی و دامەزراوە هەیە ئەگەر بیانوو نییە و کێشەیە با ڕێوشوێن لەگەڵ حکومەتی هەرێم بگرنەبەر نەوەک کۆی فەرمانبەرانی هەرێم."


شێروان میرزا

"من وای بۆناچم کە کێشەی دواکەوتنی ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم کێشەی سیاسی بێت، چونکە ئێستا پەیوەندییە سیاسییەکانی نێوان هەرێم و بەغداد باشن، سەرۆکی هەرێم لەبەغداد بووە،بەڕاستی نەدەبوو ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دوابکەوێت، چونکە بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی، سەرۆکوەزیرانی عێراق مولزەم دەکات بەتەمویلی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم، هەروەها سەرۆکوەزیرانی هەرێمیش بەپێشکەشکردنی هەرداتا و زانیارییەکی فەرمانبەران بۆ بەغداد. بە بۆچونی من کێشەی دواکەوتنی موچە پەیوەندیدارە بە دوو بابەتەوە، بابەتی یەکەم دەستپێنەکردنی (تەوتین)ە کە لە ڕونکردنەوەکەی دادگای فیدراڵی عێراق هاتبوو، مەرج ئەوەیە ئەو پڕۆسەیە دەستپێبکات. دووەمیش بابەتی داهاتی نانەوتی و فیدراڵییە کە ئەمەش ڕای جیاوازی لەسەرە کە چ داهاتێک دەگرێتەوە بەپێی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی، بەڵام ئەو داواکاریەی وەزارەتی دارایی عێراق کە داوای کردبوو لیستی فەمانبەران بەچاپکراوی بنێردرێت، لەکاتێکدا خۆی بە رێگەی سیدی و ئیمەیلەوە لەلای بێ و تەنها پێویستی بەوە بێت کەخۆی چاپی بکات، بەڕاستی ئەوە مەهزەلەیە و بەشێکە لەئاڵۆزکردن. بەڕاستی داواکارییەکی نالۆژیکی و نامەعقول بوو. ئەگەر هۆکاری نەناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم ئەوە بێت، ئەوا حەقە ئەگەر وڵاتەکە وڵاتێکی دامەزراوەیی و یاساییە، ئەوا ئەو کەسانە دادگایی بکات کە پانزە ڕۆژە ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمییان لەسەر شتێکی وا نالۆژیکی دواخستووە."

ئەندامی لیژنەی دارایی لە خولی ڕابردووی پەرلەمانی عێراق دەشڵێت "من لەگەڵ قسەکەی کاک شواندام کە تائێستاش بەشێک لە بەغداد بەعەقڵیەتێکی شۆڤێنی مامەڵە لەگەڵ هەرێم دەکەن و بڕوایان بەفیدراڵی نییە، ڕاستە ڕەنگە زۆر نەبن، بەڵام دواجار ڕەنگە کاریگەرییان هەبێ، بەڵام من پێموایە ئێمە وەک هەرێمی کوردستان ئیستیجابەی دروست و خێرامان بۆ بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراق نەبوو. من جاری تریش لەم بەرنامەیەوە وتوومە لەماوەی دە ساڵی ڕابردوودا باشترین بڕیار کە بۆ گرفتی موچە دەرچوبێت ئەو بڕیارەی دادگای فیدراڵییە، بەداخەوە دەبوو هەرێم بە پەرۆشتر بووایە لە حکومەتی عێراق لەبەدەمەوەچونی ئەو بڕیارە، چونکە کێشەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی لەئەستۆ نەدەما، نەدەبوو لەسەر (هەژماری من) گرفت دروست بکەین."

دەشڵێت "حکومەتی هەرێم سورە کە تەوتین بەمجۆرە جێبەجێبکرێت، ئەو بڕە پارەیەی لەبەغدادەوە بۆ موچەی فەرمانبەران تەرخان دەکرێت بخرێتە سەر ژمارە حسابی وەزارەتی دارایی هەرێم، وەزارەتی دارایی هەرێمیش لە ڕێگای خۆیەوە دەیداتە ئەو بانکانەی کە لە هەژماری مندا بەشدارن و دواجارلە ڕێگای ئەوانەوە بدرێتە موچەخۆر. بەڕاستی کورد نابێت هەمان ئەزمونی عادل عەبدولمەهدی دووبارە بکاتەوە کە لەسەردەمی ئەودا بەشی بودجەی هەرێم بەتەواوی دەهات، کەچی ئێمەی کورد لەبری ئەوەی وەک دەرفەتێکی زێڕین سەیری بکەین و هاوکاری بین، بوینە یەکێک لەهۆکارەکانی ئەوەی نەیارەکانی وەک چەکێک بەکاری بهێنن دژی. تەنانەت بەکوردی دەوت ئەگەر پەنجا هەزار بەرمیل نەوتیش بێت ڕادەستی بکەن تا لە ئیحراجی دەرچم، ئەوەبوو کورد نەیکرد، ئێستاش سودانی دەیەوێ کێشەی موچەی هەرێم چارەسەر بکات، خاڵی لاواز و بیانووش لەهەرێمەوە هەیە، بۆ نمونە ئەم پێداگریەی لەسەر هەژماری من. بەرپرسێکی حکومەتی هەرێم وتویەتی ئەگەر حکومەتی عێراقی هەژماری من قبوڵ نەکات ئامادەین هەموو موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی بکەینە قوربانی. خۆ من لە100% دژی هەژماری من نیم، دەکرێت بەشێک بێت لە پڕۆسەکە، نەک هەموو پڕۆسەکە قوربانی بکرێت لەو پێناوەدا. من بومایە ئەگەر دڵنیابومایە کەموکوڕی لە حکومەتی هەرێم نییە، ئەم مانگە لەسەر لیستی چاپکراو و ناوی فەرمانبەران کە موچەی فەرمانبەرانی 15 ڕۆژ دواخستووە ئەوا پەنام دەبردە بەردەم دادگای فیدراڵی، حەقە نوێنەرانی کورد و حکومەتی هەرێم بیر لەو هەنگاوە بکەنەوە تا مانگەکانی تر وەزارەتی دارایی هەمان شت دووبارە نەکاتەوە و شتەکە ببێتە ئاسایی."

XS
SM
MD
LG