Accessibility links

توێژەرانی نیوزلەندا دەڵێن ژیریی دەستکرد دەتوانێت ئاستی کارامەیی نەشتەرگەری بەرز بکاتەوە


توێژەرانی نیوزلەندا دەڵێن ژیریی دەستکرد (AI) دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە چارەسەرکردنی گرفتی نەخۆشەکان و پزیشکەکان.

توێژینەوەیەکی نوێ لە زانکۆی ئۆکلاند باس لەوە دەکات بواری ژیریی دەستکرد AI لە کاتی نەشتەرگەرییەکاندا بە بەکارهێنانی ڕوانگەی بینینی کۆمپویتەری سودی لێوەردەگیرێت.

توێژینەوەکە لە گۆڤاری Nature Medicine دا بڵاوکراوەتەوە، لێکۆڵینەوەی کردووە لە بارەی ئەوەی کە ژیریی دەستکرد توانای دەستنیشانکردنی دۆخی نائاسایی و شێواوی هەیە لە کاتی نەشتەرگەریدا و بارگرانی لەسەر نەخۆشخانەکان زۆر کەمدەکاتەوە لەڕێگەی بەرزکردنەوەی چاودێریکردنی نەخۆشەکان بۆ ئەوەی یارمەتیان بدات دوای نەشتەرگەری لە ماڵەوە چاکببنەوە.

توێژینەوەکەى زانکۆکەی نیوزلەندا بە وردى باس لەوە دەکات کە چۆن "ئامڕازەکانی ژیریی دەستکرد بە خێرایی گەشەدەکەن بۆ بەکارهێنانی پزیشکی. جەخت لەوەش دەکاتەوە کە بواری پزیشکی خەریکە دەچێتە قۆناغێکی سەرنجڕاکێشی داهێنانی دیجیتاڵیەوە."

تیمی نیوزلەندا لێکۆڵینەوە لە ڕوانگەی بینینی کۆمپیوتەری دەکات، کە تێگەیشتنی ئامێرێک ڕووندەکاتەوە سەبارەت بە ڤیدیۆ و وێنەکان.

دکتۆر کریس ڤارگێز توێژەری دکتۆرا لە بەشی نەشتەرگەری لە کۆلێژی زانستە پزیشکی و تەندروستییەکان لە زانکۆی ئۆکلاند ڕێبەرایەتی تیمی توێژینەوەی AI ی کرد و بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند کە ئەم تەکنەلۆژیایە توانایەکی گەورەی هەیە.

"بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد لە نەشتەرگەریدا بەڕاستی بوارێکە و سەریهەڵداوە. ئێمە زۆر توێژینەوەی سەرنجڕاکێش دەبینین کە توێژینەوە لە ڕونگەی بینینی کۆمپیوتەریەوە دەکات، کە AI هەوڵدەدات بزانێت پزیشکانی نەشتەرگەری چی دەبینن، ئامێرەکانی نەشتەرگەری چۆن کاردەکەن، ئەندامە جیاوازەکان چۆن دەردەکەون."

هەروەها دەشڵێت "ئەو توانایەی کە هەیە بۆ دەستنیشانکردنی کۆئەندامی نائاسایی یان ئایا سەلامەتترین ڕێگە چی دەبێت بۆ نەشتەرگەرییەک کە ڕەنگە بەکارهێنانی وێنەی کۆمپویتەری و بینینی سێ ڕەهەندی پێشکەوتوو بۆ پلاندانان پێش نەشتەرگەرییەکان لەئارادان کە بەڕاستی دەتوانێت سوودی هەبێت بۆ بڕینی خانە و شانە شێرپەنجەییەکان و شتی لەو جۆرە."

ڤارگێز دەشڵێت پزیشکان لە نیوزلەندا لە ئێستاوە ژیریی دەستکرد بەکاردەهێنن بۆ یارمەتیدانی ڕیزبەندکردنی نەخۆشەکان بەپێی پێویستی و چارەسەرکردنی نەخۆشەکان.

"ئێمە بەشێوازێکی ئۆتۆماتیکی ڕیزبەندەکان بەکاردەهێنین بۆ جیاکردنەوەی لیستە درێژەکانی چاوەڕوانی. بۆیە، ئەو کەسانە پێشوەختە دیاریدەکرێن کە پێویستە لە پێشەنگی لیستەکەدا بن و کاتی چوونیان بۆ نەخۆشخانەکان دیاری دەکرێت. لەسەر بنەمای پێویستی، پشکنینی گونجاو لەکات و شوینی گونجاودا ئەنجامدەدرێت."

توێژەران ئاماژەیان بەوەشکردووە، بەکارهێنانی ژیریی دەستکردیش سنووردارە، بەهۆی نیگەرانییەکان لەبارەی تایبەتمەندی زانیارییەکان و ئاکارە گشتییەکانەوە.

لە دەرئەنجامدا ڕاپۆرتەکە بەو ئەنجامە دەگات کە "زۆرێک لە نیگەرانییەکان هێشتا لەئارادان سەبارەت بە تێکەڵکردنی ژیری دەستکرد لە کاتی ئەنجامدانی نەشتەرگەریدا، لەگەڵ ئەوەشدا زۆرێک لە پزیشکانی ناوەندە تەندروستییەکان هەست بە مەودایەکی سنووردار دەکەن لە بوارێکدا کە تەکنەلۆژیای ئەزموونی زاڵە بەسەریدا.

هەروەها توێژینەوەکە دەشڵێت کە "نەشتەرگەری لە ڕێی ڕۆبۆتەکانەوە سەربەخۆیانە؛ ئەو ئامانجە دوورانەن کە شیانی جێبەجێکردنی هەیە لە ڕێی نەشتەرگەری ژیریی دەستکردەوە."

ڕاپۆرتی فیل مێرسێر دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG