Accessibility links

جنین پلاسخارت: مەترسییەکان هەروادێ گەورەتر دەبن لەسەر ڕەوایی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان


ئەنجومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان دانیشتنێکی تایبەت لە سەر عێراق دەکات و سەرۆکی یۆنامی و باڵیۆزی ئەمەریکا بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان بەشدارییان لەو کۆبوونەوەیەدا کردووە.

جنین پلاسخارت، نێردەی سکرتێری گشتی یو ئێن لە وتارەکەیدا لەبەردەم ئەندامانی ئەم خولەی ئەنجومەنی ئاسایشدا ئاماژە بە ئاڵنگارییەکانی بەردەم عێراق دەکات، بەڵام نکوڵیش ناکات لەوەی هەنگاوی بەرەوپێشیش نراون و بە "مژدە بەخش"یش ناودێریان دەکات.

خانم پلاسخارت دەڵێت "ئەمڕۆ عێراق بە بەراورد لەگەڵ نزیکەی 20 ساڵ لەمەوبەر کە یونامی دەستبەکار بووە لەو وڵاتەدا هەڵکشانێک بەدی دەکرێت، بەڵام هێشتاش ڕەوشی پشێوییەکانی ڕابردوو کاریگەرییان ماوەن لەسەر ئێستا، بەڵێ ئاڵنگارییەکان زۆرن و هێشتاش دامەزراوەکانی دەوڵەت لاوازن. لەوبڕوایەدام ئێستا کاتییەتی بڕیار لەسەر ئەم وڵاتە بدرێت لەسەر بنەمای ئەو بەرەوپێشچوونانەی هاتونەتە ئاراوە و هەڵدانەوەی لاپەڕەی دیمەنە تاریکەکانی ڕابردووی عێراق، ئەمە بەو مانایە نییە هەموو شتێک لەوپەڕی باشیدایە."

خانم پلاسخارت دەڵێت "گەندەڵی و دابەشبوون و پارێزبەندی لە سزا و دەستێوەردانی بێ پاساو لە ئەرکەکانی دەوڵەت و ئەو لایەنە چەکدارانەی لە دەرەوەی کۆنترۆڵی دەوڵەتدا کار دەکەن، هێشتاش تەگەرەی گەورەن و پێویستە زاڵبوون هەبێت بەسەریاندا، هەرچەندە حکومەت بەرەنگاری ئە بەڵایانە دەبێتەوە. لەگەڵ ئەم پرسانەدا، بابەتی دوورخستنەوە و لە پەراوێزنان کە لەناو هەندێک لە پێکهاتەکاندا بەربڵاوە، ئەگەر بەبێ چارەسەر بمێننەوە، ئەوا مەترسی ئاگر خۆشکردنی دەبێت لە نێوان و لەناو پێکهاتەکاندا."

سەبارەت بە هەرێمی کوردستانیش، نێردراوی سکرتێری گشتی یو ئێن دەڵێت " پاش چەند جار دواخستن، هەڵبژاردنە چاوەڕوانکراەکەی هەرێمی کوردستان وەها دانراوە ڕۆژی 10ی مانگی 6 بکرێت."

خانم پلاسخارت دەڵێت "وەک لە کۆبوونەوەکانی پێشتردا ئاماژەی پێکراوە، پێویستییەکی زۆر هەیە بۆ کردنی هەڵبژاردنێکی بەرفراوان کە بتوانێت دڵنیایی سیاسی بدات، مەترسییەکان هەروادێ گەورەتر دەبن لەسەر ڕەوایی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان و ئەگەر ئەم قەیرانەی ئێستا بەردەوام بێت، ئەوا ئایندەی هەرێم لە مەحەکدا دەمێنێتەوە."

خانم پلاسخارت لە کۆبوونەوەکەی ڕۆژی پێنجشەممەی ئەنجومەنی ئاسایشدا جەختی کردەوە لەوەی وەک دەڵێت "هیوا هەیە، ڕاستتر وەها چاوەڕوان دەکرێت دەنگدان بکرێت پاش دواخستنێکی کەم، جا لە هەر بارێکدا بێت لە چوار مانگ زیاتر نەبێت و کۆتای کەمایەتییەکانیشی لەگەڵدا بێت."

جنین پلاسخارت، لە وتارەکەیدا ئاماژەی بە ڕەوشی شنگال کرد، کە هێشتاش پاش نۆ ساڵ لە ئازادکردنی لە دەستی داعشدا وەک وێرانەیەک ماوەتەوە.

XS
SM
MD
LG