Accessibility links

لە یەک ڕۆژدا 7 کەس لە ئێران لەسێدارە دەدرێن


ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ ڕایانگەیاند کۆماری ئیسلامی ئێران بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە 7 کەسی لە زیندانەکانی ورمێ، سەڵماس و نەیشابور لەسێدارەداون کە دووانیان ژن بوون.

ڕێکخراوی تۆڕی مافی کوردستان لە هەواڵێکدا لەمبارەیەوە نووسیوێتی سزای لەسێدارەدانی شەش لەو زیندانیانە لە زیندانەکانی ناوەندی ورمێ و سەڵماس جێبەجێکراوە.

ئەو ڕێكخراوەیە ڕایگەیاندووە ئەو 6 زیندانییە ڕۆژی پێنجشەممە 16ی مانگی پێنج گواستراونەتەوە بۆ ژوورە تاکەکەسییەکانی زیندانەکانی ناوەندی ورمێ و سەڵماس و بەرەبەیانی شەممەش سزاکانیان جێبەجێ کراوە.


بە پێی هەواڵەکەی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان و هەنگاو، زیندانییەکانی سەڵماس و ورمێ بە ناوەکانی پەروین موسەوی تەمەن 50 ساڵ خەڵکی مەراغە، ئەسغەر حاجی زادە تەمەن 47 ساڵ خەڵکی سەڵماس، مەنسوور ناسری تەمەن 45 ساڵ خەڵکی بوکان، یوسف سەعیدی تەمەن 32 ساڵ خەڵکی ورمێ، پەرویز قاسمی تەمەن 35 ساڵ خەڵکی ورمێ و ڕامین لوندپوور تەمەن 27 ساڵ خەڵکی ورمێ بە تۆمەتی "ماددە هۆشبەرەکان" دەستبەسەرکرابوون و سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندرابوو.

هەروەها ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێرانیش ڕایگەیاندووە سزای لەسێدارەدانی فاتمە عەبدوڵڵاهی کە بە تۆمەتی "کوشتنی بە ئەنقەست" سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنرابوو، لە زیندانی نەیشابور جیبەجێکراوە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران دەڵێت کۆماری ئیسلامی ئێران بە لەسێدارەدانی لانیکەم 22 ژن لە ساڵی ڕابردوودا، گەورەترین بکوژی ژنان بووە لە جیهاندا.

بە گوێرەی ئەو ڕێکخراوەیە عەبدوڵڵاهی دەیەمین ژن بووە کە لە ساڵی 2024دا لەسێدارە دراوە. هەروەها لە ساڵی 2010ەوە تا ئێستا لەسێدارەدانی 219 ژن لە ئێران تۆمار کراوە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران ماوەیەک پێش ئیستا ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامی ئێران لە نێوان 16ی مانگی چواری ئەمساڵ تا 30ی مانگی چوار، لە هەر پێنج کاتژمێرێکدا، کەسێکی لە سێدارە داوە.

به پێی ڕاپۆرتەکەی ئەو رێکخراوەیە، له ماوەی ئەو دوو هەفتەی ئاماژە پێکراوەدا، 63 زیندانی له زیندانه کانی ئێران له سێداره دراون.

ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ زیادبوونی ژمارەی لەسێدارەدانەکان لە کۆماری ئیسلامی ئێراندا بە "زۆر نیگەرانکەر" ناو بردووە و ڕایانگەیاندووە کە زیندانیانی پەیوەندیدار بە تاوانەکانی ماددە هۆشبەرەکان زۆرجار خەڵکی پەراوێزی شارەکان و لە چین و توێژە هەژارەکانی کۆمەڵگان و لە دادگاییکردنێکی نادادپەروەرانەدا سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا دەسەپێندرێت، ئەمەش لەکاتێکدایە کە بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان تاوانەکانی پەیوەست بە ماددە هۆشبەرەکان نابێت سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا بسەپێنرێت.

XS
SM
MD
LG