Accessibility links

ئێران سزای لەسێدارەدان بەسەر هاووڵاتییەکی کوردی تورکیادا دەسەپێنێت


دادگای ئینقلابی ئیسلامی ورمێ سزای لەسێدارەدان بەسەر هاووڵاتییەکی کوردی تورکیا بە تۆمەتی "موحاریبە" لە ڕێگەی ئەندامێتی لە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەسەپێنێت، ئەمەش لەکاتێکدا کە پێشتر سزای لەسێدارەدانی ئەو زیندانییە لەلایەن دادگای باڵای ئێرانەوە هەڵوەشێنرابووە.

بە پێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان و ئاژانسی کوردپا، حاتەم ئۆزدەمیر، زیندانی سیاسی کورد کە هاووڵاتیی تورکیایە، لەلایەن لقی 3ی دادگای ئینقلابی ئیسلامیی ورمێوە بە سەرۆکایەتی دادوەر نەجەفزادە، بە تۆمەتی "موحاریبە" سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندراوە.

لە هەواڵەکەی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستاندا ئاماژە بەوە کراوە ئۆزدەمیر پێشتریش لە لایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی ئیسلامیی ورمێوە بە تۆمەتی "بەغی" سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرابوو، بەڵام سزاکەی ناوبراو لە مانگی سێی ساڵی 2023دا لە لایەن دادگای باڵای ئێرانەوە هەڵوەشێنرابووە.

تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان و کوردپا بە پشتبەستن بە چەند سەرچاوەیەک بڵاویانکردووەتەوە کە ئۆزدەمیر مانگی حەوتی ساڵی 2014 لەگەڵ کۆمەڵێک لە ئەندامانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەکەونە بۆسەی هێزەکانی سوپای پاسداران و بە هۆی لێدانی هاوەنێکی هێزەکانی ئێران، ئۆزدەمیر بێهۆش بووە و لە ئەنجامدا لەلایەن سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەرکراوە و پاش لێپرسینەوە و ئەشکەنجەدانی بۆ ماوەیەکی زۆر لە دەستبەسەرگەری هێزەکانی ئاسایش ئێران، گواستراوەتەوە بۆ زیندانی ناوەندی شاری ورمێ.

حاتەم ئۆزدەمیر لە مانگی سێی ساڵی 2022 دوای 33 مانگ لە دەستبەسەرکردنی و لە کاتێکدا لە مافی هەبوونی پارێزەری خۆی بێبەش بووە، لە لایەن دادگای ئینقلابی ئیسلامی شاری خۆی بە تۆمەتی "بەغی" و "ئەندامبوونی لە پەکەکە" دا، سزای لە سێدارەدان و 5 ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرابوو، بەڵام دوای تانەدان لە بڕیارەکەی، سزاکەی ناوبراو لەلایەن دادگای باڵای ئێرانەوە هەڵوەشێنرابووە و دۆسیەکەی بۆ لێکۆڵینەوەی زیاتر، ڕەوانەی دادگای ئینقلابی ئیسلامی ورمێ کرابووە کە ئەو دادگایە جارێکیتر سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاندووە و سزاکەی ڕۆژی یەک شەممە، 19ی مانگی پێنج بەو زیندانییە کوردە راگەیەندرا.

حاتەم ئۆزدەمیر چەندین ساڵە گیرۆدەی نەخۆشی گورچیلە بووە و ئاژانسی هرانا لەمبارەیەوە نووسیوێتی "سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بارودۆخی ئازدەمیر بە هرانای ڕاگەیاندووە "حاتەم ئۆزدەمیر بەدەست کێشەی گورچیلەیەوە دەناڵێنێت و سەرەڕای پێویستی ئەو زیندانییە بۆ چارەسەری پزیشکی تایبەتمەند و ڕەوانەکردنی بۆ نەخۆشخانە، بەرپرسانی تەندروستی زیندان تەنها دەرمانی ئازاریان پێداوە و ڕێگەیان نەداوە چارەسەری وەربگرێت."

XS
SM
MD
LG