ئەمڕۆ یەکشەممە، 19ی پێنجی 2024، هەرێمی کوردستان یادی 23 ساڵەی ئەنجامدانی یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی کردەوە، لە کاتێکدا پەرلەمانەکە بۆ ماوەی چەندین مانگە لە کارکردن وەستاوە و چارەنوسی هەڵبژاردن بە نادیاری ماوەتەوە.
بە پێی یاسای ژمارە یەکی بەرەی کوردستانی، ڕۆژی 19ی پێنجی 1992 بە چاودێری نوێنەرانی چەندین ڕێکخراوی بیانی لە بواری مافی مرۆڤ و دیموکراسی و ئەندامانی پەرلەمانی وڵاتانی ئەوروپا و ڕۆژنامەنوسانی بیانی، یەکەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بە بەشداری 967 هەزار و 229 دەنگدەر بەڕێوەچوو و پەرلەمان بەسەرۆکایەتی جەوهەر نامیق سالم پێکهێنرا.
دکتۆر یوسف محەمەد، سەرۆکی خولی چوارەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، هۆکاری لاوازی ئەم دەزگایەی گێڕایەوە بۆ زاڵبوونی ئیرادەی حزبایەتی لە هەرێم و بەدەنگی ئەمەریکای وت، "بە داخەوە هەر لە سەرەتای دروستبوونی پەرلەمانی کوردستانەوە لە ساڵی 1992 لە دوای هەڵبژاردنەوە، بە هۆی دەسبەردارنەبوونی پارتی و یەکێتی بەتاییەت و هێزەکانی تری ناو ئەوکاتەی بەرەی کوردستانی، یان دەستەبەردار نەبوون بۆ هێزی چەکداری و دابەشکردنی دەسەڵاتدارێتی هەرێمی کوردستان لە نێوان خۆیاندا و هاتنە کایەی شەڕی ناوخۆ تا دوو ئیدارەی لێکەوتەوە، هەر لە سەرەتاوە پەرلەمانی کوردستان نەیتوانی بە ڕۆڵی ڕاستەقینەی خۆی هەستێت لەوەی وەکو دامەزراوەیەکی چاودێری بتوانێت کارەکانی خۆی بە دوور لە دەستیوەردانی حزبی بەڕێوەببات، لەوکاتەوە تا ئێستا پەرلەمانی کوردستان نەیتوانی ببێتە دامەزراوەیەکی ڕاستەقینەی نوێنەرایەتیکردنی خەڵک."
لە یەکەم هەڵبژاردنی هەرێمدا پارتی دیموکراتی کوردستان 437 هەزار و 889 دەنگی بەدەستهێنا و و یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەگەڵ حزبی زەحمەتکیشانی کوردستان 423 هەزار و 833 دەنگیان بەدەستهێنا. دوای ئەنجامەکانیش یەکێتی و پارتی ڕێککەوتن لەسەر دابەشکردنی دەستەڵاتەکانی حکومەت لە نێوانیان بە گوێرەی سیستەمی پەنجا بە پەنجا.
لە ساڵانی دواتری کاکردنیدا، پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بەهۆی شەڕی ناوخۆ و قەیرانە سیاسییەکان چەندنین جار ڕووبەڕووی پەککەوتن و داخستن بووەوە کە گرنگترینیان بریتین لە مانە: ساڵی 1994 شەڕی ناوخۆ بووە هۆی پەکخستنی پەرلەمان و ساڵی 1996 بە هۆی تەشەنەکردنی شەڕ و دوایین دانشتنی خۆی ئەنجامدا و تا ساڵی 2002 هیچ دانشتنێکی ئەنجام نەدا؛ ساڵی 2015 بەهۆی ناکۆکی توند لەسەر پرسی درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتی سەرۆکی ئەوکاتی هەرێم مەسعود بارزانی جارێکی تر پەرلەمانی هەرێم دانیشتنەکانی هەڵگیرا.
دوایین پەککەوتنی کاری پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە 30ی مانگی پێنجی ساڵی ڕابردوو بوو، ئەوکاتەی دادگای فیدڕاڵی عێراق بڕیاری درێژکردنەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی لە ساڵی 2022 بە نایاسایی لە قەڵەمدا و جارێکی تر دەرگای پەرلەمان داخرا.
دکتۆر مەجید ساڵح، ڕاوێژکاری خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"کارەساتێکی گەورەیە لە غیابی پەرلەمانی کوردستاندا، خەڵک بگاتە ئەو ئاستەی کە عێراق بە فریادڕەس بزانێت. هۆکاری ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی سەرۆکی هەردوو حزبی دەسەڵات چارەنوسی میلەتیان گەیاندووەتە ئەو ڕادەیەی کە میلەت خۆی داخوازی بکات لە عێراق تا بێت کێشەکانی بۆ چارەسەربکات."
دکتۆر مەجید ساڵح وتیشی، "داخستنی هەر موئەسەسەیەکی دەوڵەتداری، یەکێک لەوانە پەرلەمانە ،کەموکوڕیەکی یەکجار گەورەیە و یەکێکە لە عەیبە زۆر زۆر گەورەکان بۆ هەر دەوڵەتێک بۆ هەر میلەتێک. بەداخەوە داخستنی پەرلەمان تەنها لەوەدا نییە کە وەکو دەزگایەک داخراوە، بەڵکو ئیهانەکردنە بە خەڵک و بە ئیرادەی خەڵک وە ڕێگەنەدان بە ئیرادەی خەڵک ئەوەی کە بەشداربێت لە چارەنوسی خۆیدا."
لە ماوەی تەمەنی قەوارەی هەرێمی کوردستاندا، تائێستا پێج جار پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەنجامدراوە، بەڵام لە ماوەی زیاتر لە سی ساڵی تەمەنیدا نەیتوانیوە هیچ جارێک لە کاتی یاسایی خۆی هەڵبژاردن ئەنجام بدات.
دواکەوتنی هەڵبژاردنەکان دوای خولی یەکەم بەم شێوەیە بووە: خولی دووەم ساڵی 2005 ئەنجامدرا، واتە نزیکەی 10 ساڵ دواخرا بەهۆی شەڕی ناوخۆ؛ خولی سێیەم ساڵی 2009 نزیکەی 2 مانگ دواخرا؛ خولی چوراەم لە ساڵی 2013 نزیکەی دوو هەفتە دواخرا؛ وە خولی پێنجەم ساڵی 2018 زیاتر لە ساڵێک دواخرا.
هەڵبژاردنی خولی شەشەم دەبوایە لە ساڵی 2022 ئەنجام بدرێت و لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا سەرۆکی هەرێم چەندین بەرواری جیاوازی دیاریکرد کە دواترینیان بریتی بوو لە 10ی شەشی ئەمساڵ. بەڵام بەهۆی ناکۆکییەکانی پارتی و یەکێتی لەسەر یاسای هەڵبژاردن و گۆڕانکاری لە کورسییەکانی پەرلەمان، پێناچێت هەڵبژاردن لەو وادەیەشدا ئەنجامبدرێت.
دەشتی سدیق، شارەزایەکی هەڵبژاردن لە هەولێت بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "دەستی حزب لە ڕابردوو و لە ئێستاش بۆ بەسیاسەتکردن و بەحزبیکردنی پەرلەمانی کوردستاندا دیار بووە و ئەوەش زۆر خراپ بە سەر هەرێمی کوردستاندا شکاوەتەوە؛ بۆیە پەرلەمان بەردەوام نەیتوانیوە ڕۆڵی ڕاستەقینەی خۆی بگێرێت."
دەشتی سدیق وتیشی، "بەو هیوایەین هەڵبژاردن بکرێت و ئەو بۆشایە پڕ بکرێتەوە، ئێستاش هەمووان چاوەڕوانی ئەوەن کاتێکی تر بۆ هەڵبژاردن دیاریبکرێت."
دادگای فیدڕاڵی عێراق ڕۆژی 21ی دووی 2024 لەسەر دوو سکاڵای یەکێتی نیشتمانی کوردستان سەبارەت بە سیستەمی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و بڕیاریدا کە 11 کورسی کۆتا لە پەرلەمانی کوردستان نەمێنێت و ژمارەی کورسیەکانی بۆ 100 کورسی کەمکردەوە. لەگەڵ ئەوەشدا شێوازی هەڵبژاردنی لە یەک بازنەیەوە گۆڕی بۆ چوار بازنەی هەڵبژاردن.
پارتی دوای ئەم بڕیارەی دادگای فیدڕاڵی عێراق هەڵوێستی توندی دەربڕی و بڕیاریدا بەشداری هەڵبژاردنەکە نەکات.
دکتۆر مەجید ساڵح، ڕاوێژکاری خولی پێنجەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان پێیوایە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان سەرەڕای ئاستەنگەکان توانیویەتی چەندین بڕیار لە بەرژەوەندی گشتی هەرێمی کوردستاندا دەربکات.
دکتۆر مەجید ساڵح بە دەنگی ئەمەریکای وت، "لە هەموو قۆناغەکاندا سەرەڕای هەموو ئەو کەموکورتیانە، سەرەڕایی ڕێگری زۆر زۆر لەپێش کارەکان کراوە، سەرەڕایی ئەوەی کە حزبەکان ویسووتیانە ئیرادەی پەرلەمان و ئیرادەی خەڵک پێشێل بکەن، بەڵام لە ڕابردوودا چەندین یاسای گرنگ بۆ هەرێمی کوردستان دەرکراوە و زۆرجاریش پەرلەمانی کوردستان بەشداربووە لە چارەسەرکردنی هەندێ لە کێشە و گرفتەکاندا."
ئەو ڕاوێژکارە وتیشی، "بە داخەوە پرۆسەی سیاسی لە کوردستان بە میزاجی شەخسی زیاتر بەڕێوەدەچێت، لەبەر نەبوونی پەرلەمان ئێستا چارەنوسیی میلەت کەوتووەتە دەست حزبە سیاسیەکان و لە ناو حزبە سیاسیەکانیش کەوتووەتە دەست کەسانی سیاسی. جاران دەیانگوت مەکتبی سیاسی بڕیاردەدات، ئێستا مەکتەبی سیاسیش بڕیار نادات، بەڵکو شەخسێک لەناو حزبێکدا بڕیاردەدات لە چارەنوسی میلەت."