سەرۆکوەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سودانی و سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی، بڕیارە ڕۆژی چوارشەممە سەردانی ئێران بکەن بە مەبەستی بەشداری کردن لە پرسەی سەرۆکی ئێران ئیبراهیم ڕەئیسی و وەزیری دەرەوە حسێن ئەمیرعەبدوڵاهیان.
دڵشاد شەهاب گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێم بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی نزیک لە سەرۆکی هەرێمی ڕاگەیاندووە " نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی شاندێکی باڵا دەچێتە تاران و بەشداری پرسەی سەرۆکی ئێران دەکات. "
هەندێک لە سەرچاوەی هەواڵیش لە عێراقەوە وەک دەڵێن محەمەد شیاع سوادانی سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕۆژی چوارشەممە سەردانی تاران دەکات بە مەبەستی بەشداریکردن لە پرسەی سەرۆکی کۆچکردووی ئێران ئیبراهیم ڕەئیسی.
عێراق ڕۆژێک ماتەمینی بەبۆنەی مەرگی ڕەئیسی ڕاگەیاندووە.
ڕۆژی یەکشەممە هەلیکۆپتەرەکەی سەرۆکی ئێران ئیبراهیم ڕەئیسی لە ناوچەیەکی شاخاوی هاوکاتی کەشوهەوایەکی تەموژاویدا کەوتە خوارەوە لەو کاتەی کە شاندە باڵاکەی ئێران لە مەڕاسیمی کردنەوەی پرۆژەی بەنداوێک لە سنووری ئێران و ئازەربایجان دەگەڕانەوە.
لەو ڕووداوەدا حسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوە، محەمەد عەلی ئەلهاشم، ئیمامی تەورێز، مالیک ڕەحمەتی، پارێزگاری ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات و تیمێکی فڕین و بەرپرسی ئاسایش و یەکێک لە پاسەوانەکانی کە لە ناو هەلیکۆپتەرەکە بوون سەرجەمیان گیانیانلەدەستدا.
ڕێبەری باڵای ئێران ئایەتوڵا عەلی خامنەئی 5 ڕۆژی مەتەمینی لە ئێران ڕاگەیاند بڕیارە تەرمی ڕەئیسی ڕۆژی پێنجشەممە لە زێدی خۆی لە مەشهەد بە خاک بسپێردرێت.