Accessibility links

کام لە بەرپرسان و سەرۆک وڵاتان بەشداریان لە ڕێوڕەسمی ماتەمینی ئیبراهیم ڕەئیسی لە تاران کردووە؟


کۆمەڵێک لە بەرپرسانی باڵای وڵاتە جیاجیاکانی جیهان بەمەبەستی بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی ماتەمینی ئیبراهیم ڕەئیسی و حوسێن ئەمیرەبدوڵڵاهیان و هاوەڵەکانیان ڕۆژی چوارشەممە سەردانی تارانیان کرد.

شاندە باڵاکانی وڵاتانی جیهان کە بەشدار بوون لەو ڕێوڕەسمەدا بریتین لەمانە:

عێراق و هەرێمی کوردستان


محەممەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بەمەبەستی بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی ماتەمینی ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران و هاوەڵەکانی سەردانی تارانی کرد و هەروەها لەگەڵ ڕێبەری باڵای ئێران کۆبوویەوە.

ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران لە دیدارەکەیدا لەگەڵ سودانی، ڕەئیسی وەک "بەرپرسێکی کارامە و لێهاتوو" ناودێر کرد و گوتی "کەسایەتییەکی گەورەمان لەدەستداوە و جەنابی سەرۆک برایەکی زۆر باش و بەرپرسێکی کارامە و لێهاتوو و دڵسۆز و جدی بوو".

شاندی باڵای هەرێمی کوردستانیش برتی بوو لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، مستەفای سەید قادر جێگری سەرۆکی هەرێم، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم و ڕێبەری ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێم لە تاران بەشداریی پرسەی ئیبراهیم رەئیسی بوون.

عەرەبستانی سعودیە

شازادە فەیسەڵ بن فەرحان وەزیری دەرەوەی سعودیە بە مەبەستی بەشداریکردن لە پرسەی ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆککۆماری پێشووی ئێران سەردانی تاران دەکات

هەروەها شا سەلمان بن عەبدولعەزیز، شازادەی سعودیە و محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعودیە ڕۆژی پێشتر بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە و هاوخەمی خۆیان بۆ گیانلەدەستدانی ئیبراهیم ڕەئیسی و هاوەڵەکانی لە کەوتنەخوارەوەی هەلیکۆپتەرەکەدا دەربڕی.

میسر

سامح شوکری، وەزیری دەرەوەی میسر بە مەبەستی بەشداریکردن لە پرسەی ئەو کەسانەی لە کۆپتەرەکەی سەرۆکایەتیدا کوژراون، دەڕواتە تاران و لەگەڵ عەلی باقری، بەرپرسی بەوەکالەتی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران دیدار و وتووێژ دەکات.

ئەمە یەکەم سەردانی وەزیری دەرەوەی میسرە بۆ تاران.

پەیوەندی نێوان میسر و ئێران ئاڵۆزە و شەقامێکی تاران بە ناوی خالد ئیسلامبولی بکوژی ئەنوەر سادات سەرۆککۆماری میسرەوە ناونراوە.

ڕووسیا

سەرچاوەکانی هەواڵ بڵاویان کردەوە کە سەرۆککۆماری ڕووسیا لە لایەن سەرۆکی پەرلەمانی ئەو وڵاتەوە پەیام و سەرەخۆشی خۆی بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران ناردووە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکان ، پوتن لە پەیامەکەیدا وتویەتی "دڵنیام تاران هەموو ئەم قوناغانە تێدەپەڕێنێت و بە ئاراستەی چەسپاندنی سەروەری خۆی درێژە بە ڕێبازەکەی دەدات."

دیمیتری پێسکۆڤ، وتەبێژی سەرۆکایەتی ڕووسیا، دوێنێ ڕایگەیاند سەرۆکی دومای دەوڵەتی لە ڕێوڕەسمی پرسەی ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆککۆماری ئێران بە سەرۆکایەتی شاندێک بەشداری دەکات.

لە درێژەی بەیاننامەکەی وتەبێژی سەرۆکایەتیی ڕووسیادا هاتووە "وەک دۆستێکی ڕاستەقینەی ڕووسیا، ئیبراهیم ڕەئیسی ڕۆڵێکی بەنرخی هەبوو لە پەرەپێدانی پەیوەندییە دراوسێیەتییە باشەکانی نێوان وڵاتەکانمان."

ئازەربایجان

میدیا ناوخۆییەکانی ئێران بڵاویان کردەوە کە عەلی ئەسەدۆڤ سەرۆکوەزیران و جیحۆن بایرامۆڤ وەزیری دەرەوەی کۆماری ئازەربایجان گەشتیان کردووە بۆ تاران بۆ بەشداریکردن لە پرسەی سەرۆککۆمار و وەزیری دەرەوەی ئێران.

تاڵایبانی ئەفغانستان

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تاڵیبان ڕایگەیاندووە بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە مەلا عەبدولغەنی جێگری ئابوری سەرۆکوەزیران و ئەمیر خان موتەقی، وەزیری دەرەوەی تاڵیبان بە ئامانجی بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی پرسەی ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران گەشتیان بۆ تاران کردووە.

قەتەر

شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی ئەمیری قەتەر، لەگەڵ شێخ محەمەد عەبدولڕەحمان ئال سانی، سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە، ڕۆژی چوارشەممە بەمەبەستی بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی پرسەی ئیبراهیم ڕەئیسی، گەشتی تارانیان کرد.

جگە لەو وڵاتە ئاماژە پێکراوانە، وەزیری دەرەوەی کوەیت بە نوێنەرایەتی میری کوەیت بەشداری لە پرسەی ئیبراهیم ڕەئیسی کردووە و هەروەها پێشتر ڕاگەیەندرابوو کە ئیمام عەلی ڕەحمان، سەرۆکی تاجیکستان، قوربانقولی بەردیموحەمەدۆڤ، ڕێبەری نیشتمانی تورکمانستان، قەیس سەعید، سەرۆکی تونس و سەرۆکوەزیرانی پاکستان بۆ ڕێزگرتن لە ئیبراهیم ڕەئیسی سەردانی تارانیان کردووە و بەشداری پرسەی سەرۆککۆماری ئێران و هاوەڵەکانی بوون.

هەروەها جێگری سەرۆک و وەزیری دەرەوەی تورکیا و نوێنەرانی پارتەکانی سەعادەت و پارتی وەتەنی تورکیا، سەرۆکی پەرلەمانی ئۆزبەکستان، نوێنەری تایبەتی پاشای عومان، نێردەی تایبەتی ئوردن، جێگری سەرۆکوەزیرانی سربیا، جێگری سەرۆکوەزیرانی هیندستان، وەزیر و نێردەی تایبەتی نیکاراگوا، وەزیری نیشتەجێکردن و نوێنەری تایبەتی ماڵدیڤ بەشێکی دیکە لەو کەسایەتییە سیاسیانە بوون کە بەشدارییان لە پرسەی ئیبراهیم ڕەئیسیدا کردووە.

XS
SM
MD
LG