Accessibility links

ڕێکخراوەی لێبوردنی نێونەتەوەیی نیگەرانی لەمەڕ ئەگەری جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی هەشت کەس دەرەبڕێت


ڕێکخراوەی لێبوردنی نێونەتەوەیی ڕایگەیاند ژیانی هەشت کەس لە ئێران کە بەهۆی ناڕەزایەتییەکانی دوای مەرگی ژینا ئەمینی دەستگیرکراون و سزای لەسێدارەدان بەسەریاندا سەپێندراوە، لە مەترسیدایە و هۆشداریی جێبەجێکردنی سزاکانیانی داوە و داواش دەکات هەنگاوی ڕژد لە دژی لەسێدارەدارەدانیان بگیرێتەبەر.

ڕێکخراوەکە دەڵێت دەسەڵاتداران مافی دادگاییکردنی دادپەروەرانەی ئەو کەسانەی بە شێوەیەکی توند پێشێل کردووە و بەشێکی زۆریان ڕووبەڕووی ئەشکەنجە و مامەڵەی خراپی دیکە بوونەتەوە، لەوانە لێدان و تەزووی کارەبا و توندوتیژی سێکسیش.

ڕێکخراوەی لێبوردنی نێونەتەوەیی دەشڵێت، هاوکاتی شەپۆلی ئێستای لەسێدارەدانەکان لە ئێران، نیگەرانییەکان بەرامبەر بە لەسێدارەدانی زیاتری ئەو کەسانەی کە لە خۆپیشانانە سەرتاسەرییەکانی ناسراو بە بزووتنەوەی " ژن، ژیان، ئازادی" بەشداربوون تا دێت زیاتر دەبێت.

ئەو هەشت زیندانە سیاسییەی کە ئێستا مەترسی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانەکانیان لە ئارادایە بریتین لە فازڵ بهرامیان، توماج ساڵحی، مەحمود مێهرابی، مامۆستا محەمەد خزرنەژاد، مەنوچهر مهمان نەواز، میهران بهرامیان، موجاهید (عەباس) کورکوری و ڕەزا ڕەسایی.

ڕەزا ڕەسایی، تەمەن 34ساڵ و خەڵکی کرماشانە و یەکێک لە دەستبەسەرکراوەکانی دوایین ناڕەزایەتییەکانی ئێرانە کە لە لایەن لقی دووی دادگای تاوانەکانی پارێزگای کرماشانەوە بە تاوانی کوشتنی نادر بەیرامی، بەرپرسی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سەحنەی کرماشان، سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندراوە.

مامۆستا محەمەد خزرنەژادیش پیاوێکی ئایینی ناسراوە و یەکێک بوو لەوانەی دژی سەرکوتکارییەکانی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکان لە شاری بوکان لە وتارەکانیدا هەڵوێستی هەبووە و لە ئێستادا بە تۆمەتی دژی ئاسایشی نیشتمانی سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندراوە.

توماج ساڵحیش گورانبێژێکی لاوی لوڕە کە سەرەڕای هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدانی لەلایەن دادگای باڵای ئێرانەوە، بەڵام جارێکی دیکە ناوبراو لەلایەن دادگای ئینقلابی ئەسفەهانەوە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرایەوە.

ئەم ڕێکخراوە نامەیەکی ناردووە بۆ باڵیۆزخانەی ئێران لە یەکێتی ئەوروپا و تیایدا داوا لە غوڵامحوسێن موحسینی ئیژەیی، سەرۆکی دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی کردووە ئەو سزایانە ڕابگیرێت و نیگەرانی قوڵی خۆی بە ڕوونی خستووەتە ڕوو.

لە نامەکەیدا نیگەرانیی خۆی لە مەڕ لەسێدارەدانی 15 کەس دەربڕیوە و دەشڵێت پێشتر 9 کەسی دیکە لە دۆسێکانی پەیوەست بە ناڕەزایەتییەکانی دوای کوژرانی ژینا ئەمینی، لە کاتێکدا لەلایەن گەشتی ئیرشادەوە (پۆلیسی ئاکار) دەستبەسەر کراوبوو بەهۆی گوایە ڕەوچاو نەکردنی حیجابی زۆرەملێ، لەسێدارەدراون پاش دادگاییکردنێکی ساختەی نادادپەروەرانە.

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی هەروەها ڕایگەیاندووە کە حەوت کەسی دیکە مەترسی وەرگرتنی سزای لەسێدارەدانیان لەسەرە.

XS
SM
MD
LG