Accessibility links

دەیان بەندکراو لە زیندانی ورمێ، داوای یارمەتی دەکەن بۆ دەربازبوونیان لە بارودۆخی خراپی زیندانەکە


کۆمەڵێک زیندانی لە گرتووخانەی شاری ورمێ لە نامەیەکدا باس لە بە بارودۆخی خراپی خۆیان و ژمارەیەک هەوڵی خۆکوشتن لە دوو بەشی ئاسایشی زیندانەکە دەکەن و داوایان لە سەرۆکی زیندانەکانی ئێران و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافەکانی مرۆڤ کردووە، یارمەتیان بدەن لەو دۆخە ڕزگاریان بێت.

دەقی نامەکەی ئەو زیندانیانە کە لەلایەن ماڵپەڕی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستانەوە بڵاو کراوەتەوە، باس لە ئەشکەنجەدانی زیندانیانی ناڕازی بە بارودۆخەکە دەکات و دەڵێت زۆرێک لە زیندانییەکان بە هۆیەوە هەوڵی خۆکوشتنیان داوە.

تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان لە ڕاپۆرتێکدا لەمبارەیەوە نووسیوێتی "بەشی ئەمن و بەندی تایبەتی زیندانی ناوەندیی ورمێ لە دوو ژووری بچووکی 30 مەتری پێکهاتووە کە هەریەکەیان تەنها شوێنی 10 کەسە، بەڵام ژمارەی دانیشتوانی هەر ژوورێکی ئەو زیندانە لە ئێستادا بە فەرمانی بەرپرسانی زیندان و بە مەبەستی سزادانی زیندانیەکان، گەیشتوەتە دوو هێندەی توانای خۆی."

ئەو زیندانییە سیاسیانە لە نامەکەدا ڕایانگەیاندووە کە هەوڵەکانیان بۆ دیدار لەگەڵ بەرپرسی زیندانەکە بێ ئەنجام بووە و دەڵێن "ژمارەیەک لە زیندانیانی ئەم بەشە وەک ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە بارودۆخی قورسی زیندان، خۆیان کوشتووە. ئێمە لە ژیان بێهیوا بووین، تا ئەو شوێنەی کە ئاسوودەیی خۆمان لە مردندا دەبینین".

لە درێژەدا نووسیویانە "ئەوانەی ناڕەزاییەتی دەردەبرن لەسەر ئەم دۆخە بە توندی لەلایەن ئەفسەرانی زیندانەوە ئەشکەنجە دەدرێن و تەنانەت پزیشکیش نایەتە ئێرە بۆ چارەسەرکردنمان."

هەروەها لەنامەکەدا هاتووە کە ئەو زیندانیانەی لەو دوو بەشەدان، لە مافی بینین و قسەکردن لەگەڵ خێزانەکانیان بێبەش کراون و دەڵێن لەنێو ئێمەدا کەسانێک هەن کە ماوەی 6 مانگە لەو بەشانەدا دەستبەسەرن و ڕێگەی پەیوەندیان بە خێزانەکانیانەوە پچراوە و زۆرێک لە خێزانەکان لە نیگەرانیدان.

لەنامەکەدا کە ئاراستەی سەرۆکی زیندانەکانی ئێران و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافەکانی مرۆڤ کراوە، داوا لە بەرپرسانی زیندانەکانی ئێران کراوە کە پشکنەرێک بنێرنە ئەو زیندانە بۆ ئەوەی بە چاوی خۆیان زیندانییەکان ببینن و داواشیان لە نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤی ئێران کردووە کە دەنگی ئەو زیندانیانە بگەیەنێت بە خەڵک و دامودەزگاکانی مافەکانی مرۆڤ.

تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان نووسیوێتی پێشتریش لە مانگی سێی ئەمساڵدا، 800 بەندکراوی زیندانی ناوەندیی ورمێ، بە ئاماژەدان بە زیادبوونی حاڵەتەکانی خۆکوژی لەو زیندانەدا بە هۆی هەراسانکردنی بەرپرسان، داوایان کردووە بەرپرسی ئەو زیندانە لە شوێنەکەی لابدرێت.

چالاکوانان و دامودەزگاکانی مافەکانی مرۆڤ بەردەوام ئاماژەیان بە ئەشکەنجە و هەڵسوکەوتی خراپ لەگەڵ زیندانیان لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێراندا کردووە و هۆشدارییان داوە کە ئەم حاڵەتانە لە زیندانەکانی دەرەوەی پایتەختی ئەو وڵاتەدا، زۆر توندتر و باوترن.

XS
SM
MD
LG