Accessibility links

فەرماندەی پۆلیسی کەرکوک: پێنج کەسمان لەسەر سوتانی بازاری قەیسەری دەستگیرکردووە


فەرماندەی گشتی پۆلیسی کەرکوک ڕایدەگەیەنێت لەسەر کەوتنەوەی ئاگر لە بازاڕی قەیسەری کۆنی کەرکوک پێنج کەس دەستگیر کراون، سەرجەمیان ئێشکگرو پاسەوانی بازاڕەکەن.

لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ دەنگی ئەمەریکا، لیوا کاوە غەریب فەرماندەی گشتی پۆلیسی کەرکوک، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"ئەو پێنج کەسەی دەستگیرکراون لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت، ئەو پێنج کەسە پاسەوانی بازاڕەکە بوون و بەرپرسیارن لە پارێزگاریکردن لە بازاڕەکە."

شەوی 20 ی مانگی 5 ی 2024، ئاگر لە بازاڕی قەیسەری کۆنی کەرکوک کەوتەوە، زیانەکانی ئاگرەکە بە نزیکەی یەک ملیۆن دۆلار مەزەندە دەکرێت، بەو پێیەی نزیکەی سەد دوکان و کۆگای جل و بەرگ سوتان.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان تۆمەتی سوتاندنی بازاڕی قەیسەری کەرکوک دراوەتە پاڵ چوار ئەندامی دەزگای دژە تیرۆری یەکێتی نیشتمانی کوردستان، گوایە ئەو چوار کەسە دەستگیرکراون و دانیان بەوەدا ناوە بازاڕەکەیان سوتاندووە.

لیوا کاوە غەریب دەڵێت،"ئێمە تەنها ئەو پێنج کەسەمان دەستگیرکردووە، ئێمە زانیاریمان لەبارەی ئەوەوە نییە کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان باس دەکرێت."

ئیدارەی پارێزگای کەرکوک بڕیاریدا لە ماوەیەکی کەمدا بازاڕی قەیسەری کۆنی کەرکوک نۆژەن بکاتەوە، بە نوسراوێکیش داوای لە سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە قەرەبووی زیانلێکەوتووان بکاتەوە.

لیوا کاوە غەریب، فەرماندەی پۆلیسی کەرکوک دەڵێت،"سەرجەم ئەو دوکاندارانەی دوکانەکانیان سوتاون و زیانیان بەر کەوتووە سکاڵای یاساییان تۆمار کردووە، تا دڵنیابن لەوەی دوکانەکانیان سوتێنراوە یاخود قەزاو قەدەر بووە."

زۆربەی ئەو دوکاندارانەی دوکانەکانیان لە بازاڕی قەیسەری کۆنی کەرکوک سوتاوە گومانیان هەیە و پێیانوایە دەستێک لە پشت سوتاندنی بازاڕەکە و سوتاندنی دوکانەکانیانەوە هەیە.

XS
SM
MD
LG