Accessibility links

عوسمان ئیسماعیلی چالاکوانی کرێکاری کورد بە کەفالەتی یەک ملیار تمەن بۆ ماوەی 5 ڕۆژ ئازاد دەکرێت


عوسمان ئیسماعیلی، چالاکوانی کرێکاری خەڵکی سەقز رۆژی شەممە، 25ی مانگی پێنج بە دانانی بارمتەی یەک ملیار تمەن بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ مۆڵەتی پێدرا لە زیندان بێتە دەرێ بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی.

بە پێی ڕاپۆرتێکی کۆڵبەر نیوز و تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان، دوای بەدواداچوونێکی زۆری بنەماڵەی ئەو چالاکوانە، داواکاری گشتی سەقز ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر مۆڵەتی چوونە درەوەی ئیسماعیلی لە زیندان بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ بۆ ئەنجامدانی پشکنینی پزیشکی و وەرگرتنی چارەسەر لە دەرەوەی زیندان.

تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان بڵاویکردووەتەوە کە ئازادکردنی کاتی عوسمان ئیسماعیلی دوای چەندین مانگ لە کاتێکدایە کە پێشتر دوای ئەوەی پشکنینی پزیشکی لەلایەن پزیشکی دادوەری پارێزگای کوردستانەوە بۆ بارودۆخی ئەو زیندانییە سیاسییە تەمەن 64 ساڵەیە کراوە، ڕایگەیەندرابوو کە بەردەوامی ڕاگرتنی ئەو زیندانییە لە زینداندا دەبێتە هۆی مەترسی پەککەوتنی قاچەکانی.

ئەو چالاکوانە کرێکارییە کە تووشی فتق و تەسکبوونەوەی کەناڵی بڕبڕەی پشت بووە، بە هۆی دژایەتیی هێزەکانی ئیتلاعاتەوە بۆ ماوەیەکی زۆرلە دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزاری پزیشکی بێبەش کرابوو.

عوسمان ئیسماعیلی، چالاکوانی ناسراوی کرێکاری و زیندانی سیاسی پێشوو، مانگی 2ی ساڵی 2023 لە سەقز لە لایەن هێزەکانی ئاسایشەوە دەستبەسەر کرا و پاش نزیکەی دوو مانگ لە دەستبەسەر کردنی بە دانانی بارمتەی یەک ملیار تمەن بە شێوەی کاتی لە زیندانی سەقز ئازاد کرا.

دواتر ناوبراو لە مانگی 6ی ساڵی ڕابردوو لەلایەن دادگای ئینقلابی ئیسلامی شاری سەقزەوە بە تۆمەتی "چالاکی دژ بە ئاسایشی نیشتمانی" لە ڕێگەی ئەندامێتی لە حزبی کۆمەڵەدا بە 31 مانگ و 15 ڕۆژ زیندانیکردن و هەروەها بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی حکومەت" و بە هۆی بەشداریکردنی لە پرسەی ژینا ئەمینی بە 7 مانگ و 15 ڕۆژ زیندانیکردن سزا درا.

سزاکەی ئەو زیندانییە کوردە لە مانگی 11ی ساڵی ڕابردوو کەمکرایەوە بۆ سزای زیندانیکردن 16 مانگ و دوای ئەوە سزاکەی لەلایەن دادگای باڵاوە پشتڕاستکرایەوە، ناوبراو چەند ڕۆژ دواتری هەمان بەروار، گواسترایەوە بۆ زیندان بۆ جێبەجێکردنی سزاکەی.

عوسمان ئیسماعیلی لە ماوەی ساڵانی رابردوودا بە هۆی کار و چالاکییەکانیەوە، چەندین جار بە هۆکاری جۆراوجۆر، وەک بەشداریکردن لە کۆبوونەوە و ناڕەزایەتییەکان دەستبەسەر و ڕەوانەی زیندان کراوە.

ئەو چالاکوانە لە ساڵی 1986دا لە میانەی هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی ئێراندا بۆ سەرکوتکردنی نەیارانی، بە 25 ساڵ دوورخستنەوە لە شار و دیاری خۆی سزا درا و ناچارکرا بڕواتە شاری کرمان کە نزیکەی 1500 کیلۆمەتر لە شاری خۆیەوە دوور بووە. دواتر پاش کۆتایی هاتنی سزاکەی و گەڕانەوەی بۆ شارەکەی، بە بەردەوامی لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکانەوە بانگهێشت و چەندین جار دەستبەسەر کراوە.

XS
SM
MD
LG