Accessibility links

نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت غەززە جەهەنەمی سەر زەوییە


هێرشە ئاسمانییەکەی ئیسرائیل بۆ سەر کەمپێکی پەنابەران لە شاری ڕەفەحی باشووری غەززە ئاگرێکی گەورە و کوشندەی لێکەوتەوە و دەیان کەس بەو هۆیەوە کۆژراون و ئەمەش کاردانەوەیەکی زۆری لێکەوتووەتەوە.

ژمارەیەک لە سەرکردەکانی جیهان ناڕەزایەتیان دەربڕی بەرامبەر هێرشەکەی شەوی یەکشەممەی ئیسرائیل و داوای جێبەجێکردنی فەرمانی "دادگای نێونەتەوەی"یان کرد بۆ ڕاگرتنی هێرشەکە.

بە گوتەی ڕزگاربووان، هێرشەکە لە کاتێکدا بووە کە خێزانەکان خۆیان بۆ جێگا ئامادە دەکرد.

هێرشەکە لە گەڕەکی تەل ئەلسوڵتان بووە کە زیاتر لە دوو هەفتە لەمەوبەر بە هەزاران کەس پەنایان بۆ ئەم گەڕەکە بردووە، ئەوەش دوای هێرشی زەمینی هێزەکانی ئیسرائیل بۆ ڕۆژهەڵاتی ڕەفەح.

دەسەڵاتدارانی تەندروستی غەززە کە لەژێر دەسەڵاتی حەماسدایە، ژمارەی گیانلەدەستدانیان بە 45 کەس ڕاگەیاند و گوتیان کە زیاتر لە نیوەی ئەو کەسانە ژن و منداڵ و بەساڵاچوون. ئاماژەیان بەوەشکردووە، ئەگەری زۆرە ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی سووتانی قورسەوە بەرزبێتەوە.

ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەرانی فەلەستینی ڕۆژی دووشەممە دۆخی غەززەی بە دۆزەخی سەر زەوی وەسف کرد لە دوای هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ڕەفەح.

هەروەها ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، توڕەیی خۆی لە هێرشەکەی ئیسرائیل دەربڕی. ماکرۆن گوتی "دەبێت ئەم ئۆپەراسیۆنە بوەستێنرێت و لە ڕەفەح هیچ ناوچەیەکی ئەمن بۆ هاوڵاتیانی مەدەنی فەلەستینی نییە."

هەروەها ئانالینا بێربۆک وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا و جۆزێپ بۆرێل بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا ڕایانگەیاند ئیسرائیل دەبێت ڕێز لە بڕیارەکەی دادگای نێونەتەوەیی بگرێت.

هەروەها وەزارەتی دەرەوەی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک هێرشەکەی ئیسرائیلی لە شاری ڕەفەح شەرمەزار کرد. لە بەیاننامەکەی ئیماراتدا جەختی لەسەر گرنگی جێبەجێکردنی بڕیارەکەی دادگای دادی نێونەتەوەیی سەبارەت بە پێویستی ڕاگرتنی دەستبەجێی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە ڕەفەح کردەوە. ئیمارات دوای "پەیمانی ئیبراهیم" پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی کردەوە.

دادگای نێونەتەوەیی لقێکی نەتەوە یەکگرتووەکانە، بەڵام هیچ میکانیزمێک نییە بۆ جێبەجێکردنی فەرمانەکانی.

وەزارەتی دەرەوەی قەتەریش ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند کە ئەم هێرشە دەتوانێت هەوڵەکان بۆ نێوندگیری ئاگربەست و گەڕانەوەی بارمتەکان لە غەززە ئاڵۆزتر بکات.

دوابەدوای ئەو هەواڵانەی کە باس لەوە دەکەن کە دەیان کەس لە کەمپی ڕەفەح کوژراون، سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند کە دوو بەرپرسی باڵای بزووتنەوەی حەماسیان کوشتووە.
ئیسرائیل دەڵێت دەیەوێت چەکدارانی حەماس کە لە ڕەفەح جێگیر بوون لە ڕەگەوە لەناو ببات و ئەو بارمتانە ڕزگار بکات کە بە وتەی خۆی لە ناوچەکەدان. بەڵام ئیسرائیل بەوە تۆمەتبار کراوە کە نەیتوانیوە ژیانی خەڵکی مەدەنی بپارێزێت و ڕووبەڕووی شەرمەزارکردنی جیهانی بووەتەوە.

دەسەڵاتدارانی تەندروستی خۆجێی لە غەززە ڕایانگەیاند، ڕۆژی دووشەممە تانکەکانی ئیسرائیل بەردەوام بوون لە تۆپبارانکردنی ناوچەکانی ڕۆژهەڵات و ناوەڕاستی شاری ڕەفەح و بەهۆیەوە هەشت کەس گیانیان لەدەستدا.

هێرشە ئاسمانییەکەی شەوی یەکشەممەی ئیسرائیل چەند کاتژمێرێک دوای ئەوە هات کە گرووپی توندڕەوی حەماس لە کەرتی غەززەوە موشەکیان ئاراستەی ئیسرائیل کرد.تا ئێستا هیچ هەواڵێک لەبارەی زیانی مرۆیی بە هۆی موشەکەکانی حەماسەوە بڵاونەکراوەتەوە. باڵی سەربازی حەمس بەرپرسیارێتی هێرشەکەی لە ئەستۆ گرتووە.

هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە پاش هێرشی حەماس لە 7 ی مانگی دەی ساڵی ڕابردوو بۆ سەر ئیسرائیل دەستیپێکرد کە تێیدا زیاتر لە 1200 کەسی ئیسرائیلی و بیانی کوژران و زیاتر لە 240 کەسیش کە ژمارەیەکیان منداڵن لەلایەن حەماسەوە بە بارمەتە بران.

سەرچاوەکان/AP/AFP

XS
SM
MD
LG