Accessibility links

ئیسرائیل هێرشەکانی لە غەززە چڕدەکاتەوە لە کاتێدا سەربازەکان بەرەو ناوەڕاستی ڕەفەح دەڕۆن


هێزەکانی ئیسرائیل ڕۆژی هەینی سەرانسەری کەرتی غەززەیان کردە ئامانج، گەواهیدەرانیش هەواڵی هێرشە ئاسمانییەکانیان لە دەوروبەری باشووری شاری ڕەفەح ڕاگەیاندووە.

ئیسرائیل لە سەرەتای مانگی پێنجدا هێرشی سەربازی خۆی بۆ سەر ڕەفەح دەستپێکرد سەرەڕای ناڕەزایەتییە نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بە سەلامەتی ئەو هاووڵاتییە مەدەنییانەی کە بەهۆی شەڕەکەوە پەنایان بۆ ئەو شارەی سەر سنووری غەززە لەگەڵ میسردا بردووە.

هێرشێک لە هەفتەی ڕابردوو بووە هۆی ئاگرکەوتنەوە و کوژرانی دەیان کەس لە کەمپێکی ئاوارەکان لە کۆتایی هەفتەی ڕابردوو و شەپۆلێکی نوێی ناڕەزایی بەدوای خۆیدا هێنا.

شایەتحاڵەکان ڕۆژی هەینی ڕایانگەیاند کە هێرشەکانی ئیسرائیل ناوچەی ڕەفەح و هەروەها ناوچەی نوسرەتی ناوەڕاستی غەززەی گرتووەتەوە و پەیامنێری ئاژانسی فرانس پرێس هەواڵی بۆردومانی توندی لە باکووری غەززە بڵاو کردووەتەوە.

سەرچاوە پزیشکییەکانی یەکێک لە نەخۆشخانەکانی دێر ئەلبەلەح و کەمپی پەنابەرانی نوسرەت بڵاویانکردەوە، بەهۆی هێرشە ئاسمانی لە دوو شوێنی جیاواز لە شەوێکدا بە گشتی 11 کەس گیانیان لەدەستداوە.

سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، سەربازەکانیان "بەردەوامن لە چالاکییە ئۆپەراسیۆنییەکان" لە ناوچەی ڕەفەح، هەروەها دەشڵێت موشەک هەڵگر و چەک و تونێلیان لە ناوەندی شارەکەدا دۆزیوەتەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، هێرشێکی ئاسمانی چەکدارێکی لەو ناوچەیە کردووەتە "ئامانج و لەناوی بردووە".

سوپای ئیسرائیل بەبێ ئەوەی وردەکاری زیاتر بدات دەشڵێت لە ناوەڕاستی غەززە، هێرشی ئاسمانی "چەند تیرۆریستێکی لەناوبرد کە لە نزیک" سەربازەکان چالاکییان دەکرد."

هێرشەکانی ئیسرئیل بۆ سەر حەماس لە کەرتی غەززە پاش 7 ی مانگی 10 ی ساڵی ڕابردوو دەستیپێکرد کە چەکدارانی حەماس هێرشێکی بیپێشینەیان کردە سەر باشووری ئیسڕائیل و بەپێی بەرپرسانی ئیسڕائیل 1200 کەسییان لەو هێرشەدا کوشت کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون و بێجگە لەوەش نزیکەی 250 کەسیشییان بە بارمتە گرت، کە هێشتا بەشێک لە بارمتەکان لە ژێر دەستی حەماس ماونەتەوە. ئیسڕائیلیش لە وەڵامدا هەڵمەتێکی سەربازیی لە کەرتی غەززە دەستپێکرد و ڕایگەیاند ئامانج لێی لە ناوبردنی چەکدارانی حەماسە لە غەززەدا. بەرپرسانی تەندروستی غەززەش دەڵێن بەهۆی هێرشەکانی ئیسڕائیلەوە زیاتر لە 36,000 فەلەستینی کوژراون، دەشڵێن زۆربەی کوژراوەکان ژن و منداڵ بوون.

سەرچاوە: فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG