Accessibility links

ئیسرائیل ناوی سێ ئەندامی دیاری حەماس ڕادەگەیەنێت کە لە هێرشەکانی ئەم دواییەی سەر غەززە کوژراون


سوپای ئیسرائیل ڕۆژی شەممە 1ی مانگی شەش ڕایگەیاند لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا سێ ئەندامی بەناوبانگی حەماسی لە هێرشە ئاسمانییەکانیدا لە کەرتی غەززە کوشتووە.

ڕۆژنامەی تایمزی ئیسرائیل، لە ڕاپۆرتێکدا بە پشتبەستن بە لێدوانەکانی سوپای ئەو وڵاتە، ڕایگەیاندووە لە هێرشەکانی ڕۆژی پێنجشەممەی ئێسرائیل بۆ سەر ناوەندی غەززە، مەنسور عادل قەشلانیان کوشتووە کە بە گوتەی سوپای ئیسرائیل یەکێک بووە لەوانەی بەشدار بووە لە هێرشەکان بۆ سەر ئیسرائیل.

سوپای ئیسرائیل رایگەیاندووە "ئەم تیرۆریستە پلان و چالاکی تیرۆریستی ئەنجامداوە و هەروەها لە هەماهەنگی و هاوکاری لەگەڵ گرووپە تیرۆریستییەکانی کەرتی غەززە و وڵاتانی دیکەش بەشدار بووە."

بە پێی ڕاپۆرتەکەی تایمزی ئیسرائیل، لە هێرشێکی دیکەی هەفتەی ڕابردوو بە ڕێگەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان بۆ سەر غەززە، وەلید عابد ئەبو دەلال کوژراوە کە بە گوتەی سوپای ئیسرائیل، ناوبراو جگە لە بەرپرسیارێتی خۆی لە باڵی سەربازیی حەماسدا، وەک سەرۆکی بەشی تەکنەلۆجیا لە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی ئەو بزووتنەوەیەدا کاری کردووە.

سوپای ئیسرائیل دەڵێت "هێزە ئەمنییەکانی ناوخۆی بزووتنەوەی حەماس و بەتایبەتی کەرتی تەکنۆلۆژیای حەماس، زیان بە ئازادیی کردەوەی سوپای ئیسرائیل لە کەرتی غەززە دەگەیەنن و هەروەها بەرپرسی بەشێکی گرنگی چالاکییەکانی دژە هەواڵگریی حەماسن".

هەواڵەکە باس لەوە دەکات کە لە هێرشێکی دیکەی ڕۆژی هەینیدا، "تاریق دەروێش" لە نوسەیرات کوژراوە. بە گوتەی سوپای ئیسرائیل، دەروێش ئەندامێکی دیاری کەتیبەی نوسەیرات بووە.

لەلایەکی دیکەوە، سوپای ئیسرائیل دەڵێت، لە کاردانەوە بە هێرشە موشەکییەکانی هەینی حزبوڵڵای لوبنان، فڕۆکە جەنگییەکانی لە هێرشی شەوانەدا شوێنە "گرنگەکانی" حزبوڵڵای لە باشووری لوبنان کردووەتە ئامانج.

ئەم هەواڵانە لەکاتێکدایە کە جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا ئێوارەی ڕۆژی هەینی پلانێکی نوێی ئیسرائیلی خستەڕوو بۆ ئازادکردنی بارمتەکان لە بەرامبەر ئاگربەست لە غەززەدا و وتی ئەم پلانە دەتوانێت نزیکەی هەشت مانگ شەڕی ئەم کەرتە کۆتایی پێبهێنێت.

لە هەمان کاتدا گرووپی توندڕەوی حەماس کە ئەمەریکا و ئەوروپا بە گرووپێکی تیرۆریستی دەزانن، ڕایانگەیاند کە "ڕوانگەیەکی ئەرێنی"یان هەیە بۆ پێشنیازە نوێیەکەی بایدن.

بەڵام دوای چەند کاتژمێرێک، ڕۆژی شەممە 1ی مانگی شەش، نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە پەیامێکدا لە کەناڵی ئێکس پشتڕاستی کردەوە کە مەرجەکانی بۆ ئاگربەستی تەواوەتی نەگۆڕاوە.

ڕۆژی هەینی 31ی مانگی پێنج سەرۆکی ئەمەریکا لە وتارێکدا لە کۆشکی سپی پلانەکەی ڕوونکردەوە و ڕایگەیاند، قۆناغی یەکەمی پلانەکە کە ماوەی شەش هەفتە بەردەوام دەبێت، "ئاگربەستێکی تەواوەتی و کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لە ناوچە قەرەباڵغەکانی غەززە، ئازادکردنی ژمارەیەک بارمتە، لەنێویاندا ژنان، بەساڵاچووان و بریندارەکان لە بەرامبەر ئازادکردنی سەدان زیندانی فەلەستینیدا، لەخۆدەگرێت."

هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە پاش هێرشی حەماس لە 7 ی مانگی دەی ساڵی ڕابردوو بۆ سەر ئیسرائیل دەستیپێکرد کە تێیدا زیاتر لە 1200 کەسی ئیسرائیلی و بیانی کوژران و زیاتر لە 240 کەسیش کە ژمارەیەکیان منداڵن لەلایەن حەماسەوە بە بارمەتە بران.

XS
SM
MD
LG