تیمێکی ئەندازیاری شارستانی ڕادەگەیەنێت ئاراستەی قیبلەی 90%ی مزگەوتەکانی هەرێمی کوردستان کێشەی تێدایە و مزگەوتی وا هەیە ئاراستەکەی 20 بۆ 22 پلە دوورە لە قیبلەوە، وەزارەتی ئەوقافیش ڕەتیدەکاتەوە و دەڵێت،" هەندێک مزگەوت هەبوو کە کێشە لە قیبلەیان هەبووە و ئێستا چارەسەریان بۆ کراوە و گەر بزانین مزگەوتی وا هەیە ئەوە بە دڵنیایەوە چارەسەری دەکەین."
ماوەیەکە لە هەرێمی کوردستان هەڵایەکی زۆر لە سەر ئاراستەی قیبلەی بەشێک لە مزگەوتەکانی کوردستان دروستبووە، ئەوەش نیگەرانی نوێژخوێنانی لێکەوتوەتەوە و داوای یەکلاکردنەوەی ئەو گرفتە دەکەن کە باس دەکرێت.
نەبەز ئیسماعیل، وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف بۆ کاروباری ئاینی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" بابەتی دیاریکردنی قیبلەی مزگەوتەکان سڕف شەرعیە و ئێمە وەکو وەزارەت هەر مزگەوتێک دروست بکرێت پرس و ڕا بە لیژنەی فەتوا دەکەین و ئەوان دێن لەگەڵ تیمێکی ئەندازیاری پێش ئەوەی بناغەی مزگەوتەکە لیبدرێت، سەرەتا قیبلەکەی دیاری دەکرێت بۆیە ئێستا هیچ مزگەوتێکمان نیە کە ئاراستەی قیبلەکەی کێشەی تێدا بێت."
وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف بۆ کاروباری ئاینی، وتیشی،" لە ماوەی ڕابردوودا چەند مزگەوتێکمان هەبوو لە سنوری پارێزگای سلێمانی ئەو گرفتەیان هەبوو، لیژنەیەک لە سەر ئاستی باڵا پێکهات و کێشەی قیبلەی ئەو مزگەوتانە چارەسەرکرا، بۆیە هەر مزگەوتێک ئاراستەی قیبلەکەی تەواو نەبێت و بۆمان دەرکەوێت ئەوە بەدڵنیایەوە کاری لەسەر دەکەین و چارەسەر دەکرێن."
تیمێکی ئەندازیاری کە بریتین لە سێ ئەندازیاری شارستانی بەگوتەی خۆیان بە شێوەی خۆبەخشانە ماوەی زیاتر لە دوو مانگە هەستاون بە ئەنجامدانی توێژینەوەیەک بە شێوەی تیۆری و کرداری لە بەشێک لە مزگەوتەکانی هەرێمی کوردستان و بۆیان ڕوونبووەتەوە کە زۆرینەی مزگەوتەکان ئاراستەی قیبلەیان نا ڕاستە.
هەردەوان دیاری ئەندازیاری شارستانی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"ئێمە کە باسی قیبلەی مزگەوتەکان دەکەین مەبەستی ئێمە ئەوەی نیە ڕەخنە لە ئاراستەی مزگەوتەکان بگرین، بەڵکو ئامانجمانە ئەو هەڵانەی کە لە ڕابردوودا کراون ڕاستی بکەینەوە، ئێمە تیمێکی ئەندازیارین و خۆبەخشانە هەستاوین بەم ئەرکە و بە شێوازی تیۆری و کرداری کارمان لەسەر مزگەوتەکان کردووە و بۆمان ڕوونبووەتەوە کە لە 90% ی مزگەوتەکان، ئاراستەی قیبلەیان تەواو نیە."
ئەو ئەندازیاری شارستانییە وتیشی،" مزگەوتی وامان هەیە لە کوردستان زیاتر لە 20 بۆ 22 پلە لایداوە، ئەگەر ئەم 20 پلەیە وەربگرین و بیکەین بە دووری هەتاوەکو کەعبەی پیرۆز کە دووریەکەی 1700 کلیۆمەتر دوورە لە کوردستان، ئەوە ڕووندەبیتەوە کە 600 کیلۆمەتر لە قیبلە لایداوە، ئەوەش دەرئەنجامێکی دڵخۆشکەر نیە، بەڵام بە هەر شێوازێک بێت چارەسەرکردنیان قورس نیە."
بەپێی ئامارێکی وەزارەتی ئەوقاف بۆ کاروباری ئاینی، لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان پێنج هەزار و 820 مزگەوت هەیە، لەو ژمارەیە لە سێ هەزار و 380 مزگەوتیان وتاری هەینی تێیاندا پێشکەش دەکرێت.
بەڕێوەبەری گشتی ئەوقافی سلێمانی لەسەر کێشەی ئاراستەی قیبلەی مزگەوتەکانی سنورەکەیان ڕایدەگەیاند،" لەماوەی ڕابردوودا دوو بۆ سێ مزگەوتی کۆنمان هەبوون کە ئاراستەی قیبلەیان تەواو نەبوو، بەڵام چارەسەرمانکرد و ئێستا گرفتی قیبلە نەماوە."
هاوژین ڕەوف، بەڕێوەبەری گشتی ئەوقافی سلێمانی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" بۆ ئەوەی گرفتی ئاراستەی قیبلە دروست نەبێتەوە، هەر مزگەوتێکی نوێ لە سنوری بەڕێوەبەرایەتیمان دروست بکرێت، ئەوە کۆمپانیایەکی تایبەت لە ڕێگای ئامێری پێشکەوتووەوە قیبلەمان بۆ دیاری دەکات."
مامۆستایەکی ئاینی کە نەیوست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" تەواو نەبوونی ئاراستەی مزگەوتەکان لە شارێک و دوان نیە و لە تەواوی کوردستان ئەو کێشەیە هەیە، بەڵام بە هۆکاری ئەوەی ئێستا چۆن دەستکاریان بکرێت و قیبلەیان ڕاستبکرێتەوە، تێچوویەکی زۆر لەسەر حکومەت دەکەوێت بۆیە کەس نایەوێت ئەو بابەتە بورژێنێت."
هەردەوان دیاری ئەندازیاری شارستانی ئەوەشی بە دەنگی ئەمەریکا وت،" ئێمە گەر بمانەوێت قیبلەیەکی ڕاستی 100% دیاریبکەین، ئەوە پێویستمان بە تۆڕێکی ڕووپێوی سەرتاسەریە، بۆ ئەوەی دەرئەنجامێکی زۆرباشمان هەبێت، ئەوەش پێویستی بە بودجەیەکی زۆرە."
ئەو ئەندازیارە ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد لەگەڵ هاوڕێ ئەندازیارەکانی ئامادەن خۆبەخشانە کار بۆ هەر ڕاستکردنەوەیەک بکەن.