Accessibility links

هەڵبژاردنەکانی ڕۆژئاڤا لە نێوەندی هەڕەشەکانی ئانکەرە و پەیامەکانی واشنتندا


ئەو هەڵبژاردنانەی کە بڕیارە لە 11ی حوزەیران لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەڕێوەبچێت، ئێستا بووەتە بابەتێکی سەرەکی جێگای مشتومڕ لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیدا.

هەڵبژاردنەکەی کە بڕیارە هەفتەی داهاتوو ئەنجام بدرێت لەو ناوچانە دەبێت کە لە ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریادان. ئەم ناوچەیە لە چەند ساڵی ڕابردوودا لەلایەن هێزە کوردییەکان و هاوپەیمانەکانیانەوە کۆنترۆڵکراوە.

بەڵام تورکیا بە توندی بەڕێوەچوونی ئەو هەڵبژاردنانە ڕەتدەکاتەوە و ئاماژە بە ئۆپەراسیۆنی سەربازی دەکات لە باکووری سوریا، ئەگەر ئەو هەڵبژاردنانە ئەنجام بدرێت.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا هەفتەی ڕابردوو ڕایگەیاند، "هەرگیز ڕێگە نادات ناوچەیەکی تیرۆریستی لە سوریا دروست بکرێت".

حکومەتی تورکیا هێزەکانی سوریای دیموکراتیک و لایەنەکانی تری سەر بە هێزەکانی سوریای دیموکرات بە ڕێکخراوی تیرۆریستی دەزانێت. بەڵام لە چەند ساڵی ڕابردوودا ئەم گرووپانە بوونەتە هاوبەشی گرنگی ئەمەریکا لە شەڕی دژی داعشدا.

ئەردۆغان گوتیشی "ئەوەی پێویستە لە دژی دۆخەکە بکرێت، پێشتر کردوومانە و درێغی ناکەین لە گرتنەبەری هەنگاو ئەگەر جارێکی دیکە ڕووبەڕووی هەمان دۆخ ببینەوە".

هەروەها ئەمەریکاش لە هەفتەی ڕابردوو ڕایگەیاند کە ئێستا کاتی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە سوریا نییە.

جێگری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، ڤێدانت پاتێل ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند "هەر هەڵبژاردنێک کە لە سوریا بەڕێوە دەچێت، پێویستە ئازاد و دادپەروەرانە و شەفاف و هەمەلایەنە بێت، وەک لە بڕیارنامەی 2254ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتووە و باوەڕمان بەوە نییە کە پێویستی بەو جۆرە هەڵبژاردنانە هەبێت لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لەم کاتەدا."

بڕیارنامەی ژمارە 2254ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لە ساڵی 2015 پەسەند کرا، داوای گواستنەوەی سیاسی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ لەو وڵاتە دەکات.

پاتێل گوتیشی "ئێمە ئەمەمان بە ژمارەیەک لایەنی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا گەیاندووە، لەنێویاندا بەڕێوەبەرایەتی خۆسەریش و داوامان لێکردن لەم کاتەدا هەڵبژاردن ئەنجام نەدەن".

بەڵام بەرپرسانی کورد دەڵێن ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە ناوچەکەیان دژی پرەنسیپەکانی جێبەجێکردنی بڕیارەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان نییە.

لوقمان ئەحمێ، ئەندامی دەستەی کارگێڕی ئەنجومەنی سوریای دیموکراتیک بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " بڕیاری 2254 لەسەر ئاستی سیاسی ئاماژەیە بۆ هەڵبژاردنی گشتی لە سوریا، نەک هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە پێناو خزمەتگوزارییەکاندا."

گوتیشی "پێویستە جیاوازی هەبێت. ئەمە پەیوەندی بەو بڕیارەوە نییە. ئەگەر بمێنینەوە تا چارەسەری سیاسی لە سوریا دروست دەبێت، ڕەنگە دوای 10 ساڵی تربێت."

ئێمی ئۆستین هۆڵمز، پرۆفیسۆری کاروباری نێودەوڵەتی لە زانکۆی جۆرج واشنتۆن ڕایگەیاند، پێویستە ئەمەریکا پشتیوانی لە هەڵبژاردنی ئازاد و دادپەروەرانە بکات لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا.

ئێمی ئۆستین هۆڵمز، پرۆفیسۆری کاروباری نێودەوڵەتی لە زانکۆی جۆرج واشنتۆن
ئێمی ئۆستین هۆڵمز، پرۆفیسۆری کاروباری نێودەوڵەتی لە زانکۆی جۆرج واشنتۆن

هۆڵمز گوتیشی "ئەمەریکا مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە لە پاڵپشتیکردنی هەڵبژاردنی ئازاد و دادپەروەرانە لە سەرانسەری جیهاندا، لەنێویاندا لە کۆمەڵگا دابەشبووەکانی وەک ئەڵمانیای ڕۆژئاوا لە سەردەمی جەنگی سارددا. ئەمەریکا پاڵپشتی لە هەڵبژاردنەکانی ئەڵمانیای ڕۆژئاوا کرد وەک هەنگاوێکی گرنگ لە گواستنەوە بۆ دیموکراسی، هەرچەندە ئەڵمانیای ڕۆژهەڵات لەژێر کۆنترۆڵی سۆڤیەتدا بوو. لە سوریا ئەو ناوچانەی لەژێر دەسەڵاتی ڕژێمدان لەلایەن ڕوسیا پاڵپشتی دەکرێن. هەروەها پێویستە ئەمە هۆکارێک بێت بۆ ئەوەی ئەمەریکا پشتگیری لە هەڵبژاردنی ئازاد و دادپەروەرانە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بکات."

هەرچەندە هێشتا بڕیارە هەفتەی داهاتوو هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت، بەڵام ئەو چوار لایەنە کوردییەی بەشدارن لە دەنگدانەکەدا، ڕۆژی سێشەممە داوای دواخستنی هەڵبژاردنیان لە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان کرد.

بەڵام مەسعود یەگەن، زانای سیاسی لە پەیمانگای چاکسازی لە ئەستەنبوڵ دەڵێت، پێشبینی ناکات ئەم لێدوانانەی ئەمەریکا و تورکیا ببێتە هۆی دواخستنی هەڵبژاردنەکان.

یەگەن بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "ماوەیەکی زۆر کەم ماوە تا 11ی شەش، ئەگەر ڕووبدات، پێشبینی ناکەم تورکیا وەڵامی سەربازی بداتەوە".

گرووپەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا لە تورکیا بەتوندی دژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان وەستانەوە و داوای خۆپیشاندان لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیان دەکەن. بەڵام حکومەتی سوریا هیچ لێدوانێکی سەبارەت بە هەڵبژاردنەکان نەداوە.

مەحموت بۆزارسەلان لە بەشی تورکی دەنگی ئەمەریکا هاوکاربووە بۆ نوسینی ئەم ڕاپۆرتە

XS
SM
MD
LG