خشتەی کارنامەی بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2024 لەپەرلەمانی عێراق پەسەندکرا. پەسەندکردنی ئەم خشتەیە بەدەنگی پەرلەمانتارانی عێراق و هاوشێوەی ساڵانی ڕابردووە. بەڵام بەشێک لەپەرلەمانتارانی کورد خشتەی ئەمجارە وەک مژدە و دەسکەوت یان گەرەنتی کراوی موچەی فەرمانبەران باس دەکەن. هاوکات هیچ بڕە پارەیەک بۆ پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێم لە خشتەی ئەمساڵدا تەرخان نەکراوە.
دەپرسین:
پەسەندکردنی کارنامەی بودجەی ساڵی 2024 ی عێراق چی لەدۆخی هەرێم و عێراق دەگۆڕێت؟
ئایا ئەو خشتەیە لەڕاستیدا هی ئەوەیە وەک دەسکەوت و دڵخۆشی بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان ڕابگەیەنرێت؟
خاڵە بەهێز و لاوازەکانی ئەو خشتەیە چین؟
لە بەرنامەی بابەتی ڕۆژی دەنگی ئەمەریکا تاوتوێی ئەم پرسیارانە دەکرێت بە میوانداری ئەم بەڕێزانە:
سامی ئەتروشی، ئەندامی پێشووی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق.
عومەر گوڵپی، ئەندامی لیژنەی کاروباری دارایی و ئابوری لەخولی ڕابردووی پەرلەمانی کوردستان.
سامی ئەتروشی
"ئەوەی پەیوەستە بە بەشە بودجە یا موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەکارنامەی خشتەی بودجەی ساڵی 2024ی عێراق جێگیرکراوە، ئەوەش لەسەر داوای حکومەتی هەرێم یا پەرلەمانتارانی کورد نەبووە، بەڵکو لەسەر بنەمای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراقی بوو کەحکومەتی عێراقی ناچار کردووە بەناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم. ڕۆژی پەسەند کردنی خشتەکە گوێم لەهەندێک لەپەرلەمانتاران بوو کە وتیان توانیومانە موچەی فەرمانبەران لە نەفەقاتی فیعلیەوە بکەینە سەر موزەنەی گشتی، بەڕاستی ئەو قسەیە هەڵەیە و هیچ بنەمایەکی نییە، چونکە بودجە و موچەی کوردستان هەمووی تائێستاش لە نەفەقاتی فیعلیدا ماوە، ئەوە تەنها بەهەموواری یاسای بودجە دەکرێت و هەرێمی کوردستان پێویستە پێداچونەوەی پێدابکات، بۆ نمونە بابەتی باج، بەڕاستی باج لە کوردستان کارەساتە، کەس موڕاجەعەی ئەوە ناکات، حکومەتی هەرێم لەدەرەوەی یاسا باجێکی زۆری سەپاندووە بەسەر هاووڵاتیاندا، بەجۆرێک لە هەندێک شوێندا لە سەدا گەیشتووەتە 400. دەبێت باج و ڕوسوماتی هەمووی بدرێتەوە بەغداد، دواجار بەغداد بە فەزڵ و کەرەمی خۆی ئەگەر %50 بگەڕێنێتەوە بۆ هەرێمی کوردستان. من وەک هاووڵاتییەک داوا لەسەرۆکوەزیران دەکەم کە وەزیری دارایی هەرێم ڕابسپێرێت بۆ پێداچونەوە بەباج و ڕسومات کەبۆچی دەبێت لە هەموو شتێکدا ئێمە زیادە بدەین؟!
هەروەها بابەتی نەوت و بەنزین، بۆ نمونە دهۆک و موسڵ چەند کیلۆمەتر لەیەکترەوە دوورن، لە موسڵ بەنزین بە 450 دینارە، لە دهۆک، 750 دینار، لەکاتێکدا ئێمەش بەشێک لە عێراقین."
سامی ئەتروشی، ئەندامی پێشووی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق
دەشڵێت "لە بابەتی نەوت دەبێت هەرێمی کوردستان قەناعەت بەوە بکات کە بەتەنها چارەسەر ناکرێت، دەبێت هەرێمی کوردستان بەکۆمپانیا نەوتییەکان بڵێت وەرن کۆمپانیاکان لەگەڵ حکومەتی عێراق ڕێکبکەون، هەندێک کۆمپانیای نەوتی لەهەرێمی کوردستان گرێبەستی لەگەڵ حکومەتی هەرێم کردووە و ئەو کۆمپانیانەش لەو نەوتەی ژێر زەویش کەهێشتا دەرنەهاتووە، بەشیان هەیە. هەرێمی کوردستان بۆئەوەی بەشە بودجەی خۆی لە بودجەی بەگەڕخستن و وەبەرهێنانیش وەربگرێت پێویستە ڕۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت بداتە عێراق، ئیتر ئەوە پەیوەندی بەهەرێمەوە نامێنێت کە عێراق ئەو نەوتە چۆن دەفرۆشێت."
دەشڵیت " هەرێمی کوردستان ئەگەر ئیلتیزامی بە سێ بابەتی نەوت و ڕادەستکردنی داهاتی ناوخۆ و گەنمی جوتیاران کرد، ئەوا دواجار مافی خۆیەتی سکاڵا لەسەر حکومەتی عێراق تۆماربکات و مافی خۆی وەربگرێت، نەک بەتەنها پارەی موچەی فەرمانبەران بەڵکو بەشە بودجەی بەگەڕخستن و وەبەرهێنانیش وەربگرێ کەساڵی ڕابردوو عێراق هیچ لەم بەشە بودجانەی بۆ هەرێم نەناردووە جگە لەموچە، ئەگەر هەرێم ئیلتیزامی بکردایە بەئیلتیزاماتەکانی خۆی ئەوا دەیتوانی سکاڵا تۆمار بکات هەروەک ئەوەی سەرۆکوەزیران سکاڵای لەسەر کورسی پێکهاتەکان کرد و مافەکەیان بۆ گەڕایەوە. هەرێمی کوردستان لەم چەند مانگەدا دەیتوانی گرێبەستەکان لەهەر وەزارەتێک لەگەڵ ناوی تەواوی فەرمانبەرانی و هەروەها ناوی لیستی موچەی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی و خانەنشینانیش بەهەمان شێوە بینێرێت بۆ بەغداد و بڵێت با وەک بەغداد موچەکەیان بێت، بەڵام ئەوەی من پێم سەیرە لێرەدا ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان بەپلان کارناکات، ناڵێم بۆ هەموو شتێک بێ پلانە، بەڵام لێرەدا وامامەڵە دەکات کەبەشێکە لە دەرەوەی بەغداد و چەند پێبکرێت لەگەڵ بەغداد ڕێکناکەوێت و ئیلتیزام ناکات، ئەگەر موچەش بەبڕیاری دادگای فیدراڵی نەبووایە بڕوای بەوە نەبوو بچێتە بەغداد. هەرێمی کوردستان لانیکەم دەێت بچێت لەبەغداد شەڕی مافی هاووڵاتییەکانی بکات، هەرهیچ نەبێت مادام بەغداد بڕیاری داوە کە باج و ڕسوماتی هەرێم بۆ بەغداد بروات، با هەرێم باج و ڕسومات کەمبکاتەوە وەک بەشەکانی تری عێراقی لێبکات. بۆچی حکومەتی هەرێم باج و ڕسوماتی زیاتر لە هاووڵاتی کورد دەسێنێت، لەکاتێکدا دەبێت پارەکەش بۆ بەغداد بێ؟!"
سامی ئەتروشی دەڵێت "دواکەوتنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەڕاستی خەتای هەرێمی کوردستانە، دوو ڕۆژ لەمەوبەر حکومەتی هەرێم وتی ئەمڕۆ من لیستی موچەخۆرانم ناردووە، لەکاتێکدا بەغداد وادەستدەکات بەموچەی مانگی حوزەیران کەچی هەرێم تازە لیستی مانگی پێنج دەنێرێت، دەبێت هەرێمی کوردستان لەماوەی یەک هەفتەدا لیستی موچەخۆران بنێرێت. بۆچی خۆی دوادەخات تا مانگێکی تر لیستی موچەی مانگی شەش بنێرێت؟! کەواتە خەتای هەرێمی کوردستانە کەموچەی فەرمانبەران دوادەکەوێت، پێویستە وەزارەتی دارایی ستاف بهێنێت و 24 کاتژمێّری کار لەسەر ئەو لیستە بکات و ئەو کات دەیتوانی لەماوەی هەفتەیەکدا لیستی مانگی شەش بنێرێت. خۆ ئەمە بۆ حکومەتی هەرێم خۆی باشە دەتوانێت بیکات بەدەسکەوت بۆ خۆی."
ناوبراو لە کۆتایی قسەکانیدا دەڵێت "ئەگەر بەڕێز سەرۆکوەزیران پەلە نەکات لەکەمکردنەوەی باج لەسەر هاووڵاتیان، ئەوا باوەڕم وایە سبەی کۆمەڵێک هاووڵاتی دەچنە بەغداد سکاڵا لەسەر هەرێمی کوردستان تۆمار دەکەن لەسەر بابەتی باج و ڕسومات، ئەوکاتیش بڕیارێک لەدادگای فیدراڵی دەردەچێت دژی حکومەتی هەرێمی کوردستان. نازانم بۆ دەبێت ئێمە خەڵکی خۆمان فێر بکەین بچن دژی هەرێم قسە بکەن لەبەغداد، بۆئێمە خۆمان ئەو هەنگاوە هەڵنەگرین بۆ ئەوەی باج و ڕسومات هاوشێوەی عێراق لێبکەین. ئێمە لە بادینان پەندێکمان هەیە دەڵێت ئەم عێراق و کوردستانە ئاشی نەزانە خوا دەیگێڕێت، بەڕاستی ئەم عێراق و کوردستانە لەبواری ئابوری لێزان نین، ئەگەر نەوت نەبووایە عێراق و کوردستان وێران دەبوو."
عومەر گوڵپی
"ناکرێت بڵێین ئەوەی لە خشتەی پەسەندکراوی بودجەدا جێگیرکراوە، دەستکەوتە بۆ کوردستان، چونکە هەرێمی کوردستان چۆن ئیلتزاماتی هەیە، ئەوا مافیشی هەیە لەبودجە و خەیر و بەرەکەتی عێراق، نەک بەتەنها شەڕ و ئاژاوە و بۆردومانمان بۆ بێ لە بەغداوە. ئێستا ئەوەی هەیە ئەوەیە کە دەبێت هەرێمی کوردستان ئیلتیزاماتەکانی خۆی جێبەجێبکات بەپێی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی کەبریتیە لە تەوتین لەبانکە حکومییەکانی عێراق، هەروەها ڕادەستکردنی داهاتی ناوخۆ، چونکە جگە لە 964 ملیارەکەی موچەی مانگانە، هەرێمی کوردستان پشکی بودجەی بەگەڕخستن و وەبەرهێنانیشی هەیە. هەروەها دەبێت هەرێمی کوردستان لە دۆسیەی نەوتیشدا بگاتە خاڵی ڕێککەوتن لەوەزیاتر بەوجۆرە مامەڵە لەگەڵ نەوتدا نەکات. ئێمە دەزانین کە هەرێمی کوردستان لەماوەی ڕابردوو سیاسەتێکی چەوتی هەبووە لەبواری نەوتدا، ئێستا کاتییەتی لەگەڵ بەغداد و کۆمپانیا نەوتییەکان دەستبکاتە گفتوگۆ و ڕێکبکەون نەئەو 8دۆلارەی بەغداد دەیڵێ و نە ئەوەی کۆمپانیا نەوتییەکان دەیڵێن، با لەسەر نرخێک ڕێکبکەون و دواتر ئەگەر هەرێمی کوردستان هەم بەداهاتی ناوخۆ هەم بەنەوت بەشدار بێت لە داهاتی گشتی عێراق، ئەوکات مافی خۆمانە داوای ئەو بیست ترلیۆن دینارە بکەین کەهەمووی بنێردرێت بۆ هەرێم کە لەکارنامەی خشتەی ساڵی 2024 وەک پشکی هەرێم دیاریکراوە، ئەگەر ئەو بڕە بودجەیە بێت، هەمووی بە نەفەقاتی حاکیمەشەوە، ئەوا ئابورییەکەی هەرێمی کوردستان قۆناغێکی گەورە دەچێتە پێش."
عومەر گوڵپی، ئەندامی لیژنەی کاروباری دارایی و ئابوری لەخولی ڕابردووی پەرلەمانی کوردستان دەشڵێت "لەڕاستیدا ئێستا بەغداد هەم نییەت باشی خۆی و هەمیش پابەندبوونی بەبڕیارەکەی دادگای فیدراڵییەوە پیشان داوە،کەچی هەرێمی کوردستان تائێستاش بەتەواوی پابەند نییە بەو بڕیارەی دادگای فیدراڵی و ناوی وەزارەتەکانی بەتەواوەتی نەداوەتە بانکێکی حکومەتی فیدراڵ بۆ تەوتین کردن. دواکەوتنی موچەی هێزە ئەمنیەکانیش هۆکارەکەی هەرێمی کوردستانە نەک بەغداد،باشە چ نهێنییەکی تێدایە کەناوی سیانی پێشمەرگەیەک یا پۆلیسێکی دارستان نەچێتە بەغدادەوە؟! خۆ دەکرێت لیستی سەرەکی هێزە سەربازییەکان لە لیستی دەزگا هەواڵگرییەکان جیابکرێتەوە و ئەمە ئاساییە، کەئەویش پێنج هەزار بۆ دە هەزار کەس دەبن، خۆناکرێت بڵێین سەد هەزار هەواڵگریم هەیە! بەڕاستی لەهەرێمی کوردستان حوکمڕانی بەپێی یاسا و دەستور نییە، بەڵکو بەپێی مەزاجی پارتی و یەکێتییە. لیستی ناوی هێزەکانی 70 و 80 نەدراوەتە وەزارەتی پێشمەرگە و دارایی هەرێمیش، تەنانەت لەدیوانی چاودێری دارایش کەس نەیتوانیووە بچێت وردبینی لەم لیستانەدا بکات، هەر بەگوێنی پارە بەناوی موچەی ئەو هێزانەوە براوە و ئیتر چەندی ڕاستە و چەندی بندیوارە کەس نەیتوانیووە لێپرسینەوەیان لێبکات."
دەشڵێت "خەڵک بۆچی هەژماری من ڕەتدەکاتەوە، بەڕاستی ناحەقییان نییە، چونکەیەکێتی و پارتی لەماوەی ڕابردوو گسکیان لەبانکەکانی هەرێم دا، پارەیان تێدا نەهێشتن،دەستیان بۆ پارەی خەڵک برد لەبانکەکان کەبەئەمانەت دایاننابوون، دەستییان بۆ سندوقی خانەنشینی و شێرپەنجە برد، چەکی بێ ڕەسیدییان دا بە وەبەرهێنەکان لەڕێگای کۆمەڵێک بەرپرسی نابەرپرسەوە لەبانکی تی بی ئای و چەند ساڵ لەمەوبەر بەوهۆیەوە چوار ملیار دۆلار قەرز هاتوەتە سەر هەرێمی کوردستان کەمانگانە لەبەشە بودجەی خەڵک بۆ ئەو قەرزە دەبڕدرێت، لەکاتێکدا نازانرێت ئەوپارەیە بۆچی و چۆن سەرفکراوە؟! لەڕاستیدا ئەو متمانەیەی ئەوان لای هاووڵاتیان دۆڕاندییان بەبانک بە دە سالی تر دروست نابێتەوە."
ئەندامی لیژنەی کاروباری دارایی و ئابوری لەخولی ڕابردووی پەرلەمانی کوردستان دەشڵێت "دۆسیەی نەوت لەهەرێمی کوردستاندا هەرچۆنێک باسی بکەیت قێزەونە و لەدەرەوەی یاساکانە، تائێستا بۆ یەکجاریش ڕێگەنەدراوە دیوانی چاودێری دارایی هەربچێتە ناو وەزارەتی سامانەسروشتییەکانەوە. هەروەها سەبارەت بە موچەش بەڕاستی ئامادەکردنی لیستی موچە هێندە ئاسانە کەجێی پێکەنینە لە 4ی مانگی شەش لیستی مانگی پێنج بنێرن بۆ بەغداد، هەموو پڕۆسەکە دوو ڕۆژ ناخایەنێت، بەراستی دەبێت حکومەتی هەرێم بەرپرسیارێتی دواکەوتنی موچە لەبەردەم خەڵکی کوردستان هەڵگرێت چونکە دەبوو لیستی مانگی5 ،لە 20ی مانگی 5دا بنێرێت، نەک لە 4ی مانگی شەش بینێرێت."