لەگەڵ هەموو هەوڵەکانی سەرەک وەزیری عێراقدا تا نیشانی بدات ڕەوشی ئاسایشی و سیاسی وڵاتەکەی جێگیرن و بە ئاڕاستەی سەقامگیریدا دەڕۆن، بەڵام ئەوەی ڕوودەدات لە هەردوو ڕووی سیاسی و ئاسایشییەوە، دەشێت وەک پێچەوانەی هیواکانی حکومەتی وڵاتەکە لێی بڕوانرێت.
لەم ماوەیەی ڕابردوودا، هێرشەکان و هەڕەشەکردنەکانی بەشێکی هێزە میلیشیاییەکان زیادیان کردووە و ئەو زیادکردنەش نیگەرانیی لە نێو شەقامی عێراقیدا هێناوەتە ئاراوە.
دکتۆر عماد ئەلڕەشید، شیکەرەوەی سیاسی وەک باسی دەکات ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر ڕێستۆرانت و بەرژەوەندییەکانی تری ئەمەریکا لە عێراق و لە ناوچەکەشدا دەشێت وەک کاردانەوە لێیان بڕوانرێت بەهۆی ڕووداوەکانی غەززەوە، بەڵام نکوڵیش ناکات لەوەی ناکۆکی سیاسییش لە ناوخۆی عێراقدا دەشێت وەک هۆکارێک سەیر بکرێت و دەڵێت "هەندێک لایەن هەن دەیانەوێت ئەو ڕەوشی سەقامگیرییەی هەیە و ئەو دەستکەوتانەی سەرەک وەزیری عێراق بە دەستی هێناون، لەباری بەرن یان بچوکیان بکەنەوە. ئەو لایەنانە دەیانەوێت لە ڕێی توندوتیژییەوە ململانێکانیان بەڕێوەبەرن."
یەکێک لە کێشەکانی تری لە عێراق هەیە، جێبەجێنەکردنی یاسا و ڕەخساندنی پارێزبەندییە بۆ بەشێک لەو چەکدارانەی یاساکان پێشێل دەکەن.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا نیگەرانی خۆی دەردەبڕێت لەسەر ڕەوشی ئاسایشی عێراق و زۆربوونی هێرشکردنەکانیش.
ماثیو میللەر، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دەڵێت هێزە میلیشیاییەکان جموجۆڵی خراپیان هەن بۆ ناسەقامگیرکردنی ڕەوشی عێراق و هەروەها سوریاش و نیگەرانی خۆیشی دەربڕی کە دەشێت حکومەتی عێراق نەتوانێت کۆنترۆڵیان بکات.
دکتۆر عماد لەوبڕوایەدایە لە ئێستادا سەپاندنی یاسا و سەپاندنی شکۆی دەوڵەت پێویستییەکی هەنوکەییە، وەک دەڵێت پێداچوونەوەی سیاسیانەش بەو کەتوارەی ئەمڕۆی عێراقدا کارێکی گرنگە و دەشڵێت "ئەو هێرشانە زیان لە بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا نادەن، بەو ئەندازەیەی زیان لە هێزی کار دەدات لە عێراقدا و هەروەهاش ئەو زیانانەی لە وەبەرهێنانی دەدات لە وڵاتەکەدا و بەبێ هیچ گومانێکیش کاریگەریی نەرێنیشیان دەبێت لەسەر هاندان بۆ وەبەرهێنان، هەربۆیە لەسەر حکومەتی عێراقە هەنگاوی گرنگ بنێت بۆ کۆتاییهێنان بەو با ڕەشانەی لەم عێراق دەدەن."
زۆربەی هەرە زۆری هێزە میلیشیاییەکانی عێراق، لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی وڵاتەکەدا نین.
دکتۆر عماد دەڵێت "ناسنامەی دەوڵەتی عێراق بزر بووە بەهۆی مشتومڕەکان و ململانێکانەوە لەسەر دەسەڵات و سەپاندنی ڕوانین و دەستێوەردان لەناو دامەزراوەکانی دەوڵەتدا و چەندان بابەتی تریش کە کاریگەرییەکی تەواو نەرێنییان کردۆتە سەر کۆمەڵگە و هەرگیزیش ئەمانە ناتوانن لە یەک بۆتەدا کۆببنەوە بۆ تۆکمەکردنی دامەزراوەکانی دەوڵەت، هەربۆیە هەر یەکێک لەو هێزانە توانایی هەیە بۆ کودەتا کردن بەسەر ڕەوایی حکومەتدا چونکە تەواوی توخمەکانی ململانێکردن وان لە بەردەستدا. ئەم ململانێیە لە عێراقدا وەک ڕوناکیی و تاریکییە، خێر و شەڕە و لە نێوان دوو جۆر چەکدایە، یەکێکیان شكۆی دەوڵەت دەپارێزێت و یەکێکیشیان هەڕەشە لە دەوڵەت دەکات؛ جا ئاوەها ڕەوشێک تەنها لەم کەتوارەی ئێستاێ عێراقدا هەیە."
بەپێی بەندی ژمارە 9ی دەستوری عێراق پێکهێنانی هێزی میلیشیایی لە دەرەوەی هێزی لەشکری وڵاتەکە، قەدەغەیە.
دکتۆر عماد، بە بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، ئاوەها نادیارییەک لە ڕەوشەکەدا و بوونی چەکی نایاسایی لەسەر شەقامەکان و بەدەست ئەو هێزانەوەی لە دەرەوەی دەسەڵاتی حکومەتدان، هەروەهاش لاوازیی دامەزراوە یاساییەکان وەهایان کردووە کە نەتوانرێت چاوەڕوانی سەقامگیری و ئارامی بیت.
دکتۆر عماد ئەلڕەشید دەڵێت "زۆر بەداخەوە دەڵێم، ئەو مەینەتییەی ئێستا گەلی عێراق تیایدایەتی بەهۆی نەبوونی ستراتیژیەتەکانی بەڕێوەبردنی قەیرانەکانەوەیە، هۆکاری ئەمەیش دەگەڕێتەوە بۆ دەستوری عێراق کە ڕێک بۆ دروستکردنی ئەم گێژاوە و ئەم گاڵتەبازاڕییە نوسراوەتەوە و وەک دەبینین دەسەڵاتی سیاسی داوەتە دەست لایەنە نەیارە پەرش و بڵاوەکان بە مەبەستی ڕێگەگرتن لە گەیشتن بە بڕیارێکی بەکۆمەڵ. هەربۆیە ئێستا لەسەروەختی وەرچەرخانێکی قورس و مەترسیدارداین."