وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی سەبارەت بە دۆسیەی سوتانی ژنێک لە شاری سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، بە پێی دانپێدانانی ژنەکە لەبەردەم پۆلیس، خۆی ئاگری لە جەستەی خۆی بەرداوە نەک هاوسەرەکەی سوتاندبێتی، وتیشی، ژنەکە دەڵێت، هۆکاری خۆ سووتاندنەکەی دەگەڕێتەوە بۆ هەبوونی کێشە لەگەڵ هاوسەرەکەیدا.
سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" کچەکە لە حەمامدا سوتاوە، لە دانپێدانانی پۆلیسدا دەڵێت خۆم خۆمم سوتاندووە، بەڵام لە داخی هاوسەرەکەم وامکردووە،."
وتیشی،" ئێستا هاوسەرەکەی بە ماددەی 408 ڕاگیراوە لە پۆلیس، ئەوەی لە میدیاکان با ناوی من بڵاوبۆتەوە ڕاستنییە، چونکە ژنەکە بە دانپێدانانی خۆی دەڵێت خۆم خۆمم سوتاندووە، لەبەر ئەوەی کێشەمان هەبووە، نەک ئەوەی میدیاکان بە ناوی منەوە بڵاویان کردەوە گوایە وتوومە ژنەکە لەلایەن هاوسەرەکەیەوە سوتێنراوە."
شەوی ڕابردوو 6/7 ی مانگی شەش ژنێک لە یەکێک لە گەڕەکاکانی سلێمانی بە سوتێندراوی گەیەندرایە نەخۆشخانەی سوتاوی سلێمانی، هەرچەندە میدیاکان وا بڵاویان کردەوە کە ژنەکە لەلایەن هاوسەرەکەیەوە سوتێندابێت، بەڵام وتەبێژی پۆلیس دەڵێت، ژنەکە خۆی خۆی سوتاندووە.
بە پێی قسەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە نەخۆشخانەی سوتاویەکەی سلێمانی کە نەیویست ناوەکەی ئاشکرا بکرێت، ئەو ژنەی سوتاوە ناوی (ئا_ج) یە و لە دایک بووی ساڵی 2008 ە، ماوەی زیاتر لە 2 ساڵە هاوسەرگیری کردووە و نیشتەجێی گەڕەکی کازیوەی سلێمانین.
سەرچاوەکەی نەخۆشخانەی سوتاوی سلێمانی وتی،" ژنەکە باری تەندروستی ناجێگیرە بەهۆی زۆری ڕێژەی سوتاویەکەیەوە کە نزیکەی %85ی سوتاوە."
وتیشی،" هەر ئەمڕۆش لەبەردەم نەخۆشخانەکە خێزانی هەردوو هاوسەرەکە بووەتە کێشەیان و شەڕ لەبەردەم نەخۆشخانەکە دروستبووە، بەڵام دواتر لەلایەن پۆلیسەوە کێشەکە کۆتایی پیهێنراوە."
هەرچەندە دەنگی ئەمەریکا هەوڵیدا لێدوانی کەس و کاری ئەو ژنە وەربگرێت و هۆکاری سوتانەکەی بزانێت، بەڵام ئامادە نەبوون لێدوان لەبارەی کچەکەیانەوە بدەن.
بە پێی قسەی وتەبیژی پۆلیس ئەو ژنە کێشەی لەگەڵ هاوسەرەکەیدا هەبووە و هۆکاری خۆ سوتاندنەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕیتەوە، سەرکەوت ئەحمەد وتی،" ژنەکە لە دانپێدانانەکەدا دەڵێت، لەگەڵ هاوسەرەکەی کێشەیان هەبووە، بۆیە بۆم خۆی سوتاندووە."
ئێستا هاوسەری ئەو ژنە لە لای پۆلیس دەستبەسەرە بە پێی ماددەی 408، کە تایبەتە بە هاندان بۆ کوشتن و لێکۆڵێنەوە لە دۆسیەکەی بەردەوامە.