Accessibility links

ئەشواق جاف: تا ڕادەیەکی باش تێبینەکانی پارتی چارەسەرکراوە و مەبدەئییەن بەشداری هەڵبژاردن دەکەین


جارێکی تر کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەرگای تۆمارکردنی هاوپەیمانێتی و پارتەکان و کاندیدان بۆ بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کردەوە، ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت،" تا ڕادەیەکی باش ئەو تێبینیانەی کە پارتی لەسەر هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان هەیبوو چارەسەرکراوە و مەبدەئین بەشداری هەڵبژاردن دەکات و چاوەڕوانین لە ئایندەیەکی نزیکدا هەڵوێستی بە فەرمی ڕابگەیەنێت."

د. ئەشواق جاف ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" پارتی لە هەڵبژاردن نەترساوە، بەڵکو لەگەڵ هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەری بێ دەستێوەردانە، ئێمە لە ماوەی ڕابردوودا تێبینیمان هەبوو لەسەر چەند خاڵێک لەوانە بێبەشبوونی 400 هەزار دەنگدەر کە پەنجە مۆریان نەیدەخوێندەوە، هەروەها گەڕانەوەی کورسی پێکهاتەکان و سەرپەرشتی هەڵبژاردن و فەرزکردنی دەنگەکان بە شێوەی دەست و ئەلیکترۆنی هەر هەمان ڕۆژ و لە هەمان شوێن تاڕادەیەکی باش ئەوانە چارەسەر کراوە."

رۆژی 18ی مانگی 3ی 2024، پارتی دیموکراتی کوردستان دوایی کۆبوونەوەیەکی چەند کاتژمێری لە ڕاگەیەنراوێکی شەش خاڵیدا بایکۆتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی بۆ ڕایی گشتی ڕاگەیاند، کە بڕیار بوو لە 10ی مانگی 6ی 2024 بەڕێوەبچێت.

لە ڕاگەیەندراوەکەی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستاندا هاتبوو،" بڕوامان بە خۆمان و گەلەکەمان هەیە کە هێزی یەکەمی کوردستانین، بەڵام لە سۆنگەی تێگەیشتنمان لە پێگە و بەرپرسیارێتی مێژووییمان لە پاراستنی مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان و سیستەمی دیموکراسی و فیدراڵی عێراق، هەروەها ڕەوایی نەدان بە هەڵبژاردنێکی نا دەستوری و نا دیموکراسی و وەستانەوە لە بەرامبەر سەرجەم ئەو پێشێلکاریانەی دەستور کە لەلایەن دادگای باڵای فیدراڵییەوە بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان و دامەزراوە دەستورییەکانی ئەنجام دەدرێت، بایکۆتی هەڵبژاردن دەکەین."

لە دوای گەڕانەوەی 5ی کورسی بۆ کۆتاکان و چارەسەرکردنی بەشێکی زۆر لە نەخوێندنەوەی پەنجە مۆری دەنگدەران، پارتی گەشتووەتە ئەو بڕوایەی کە بەشداری هەڵبژاردن بکات، گەرچی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئامادەیە ڕۆژی 5ی مانگی 9ی 2024 پرۆسەکە بەڕێوەببات، بەڵام تا ئێستا سەرۆکی هەرێمی کوردستان مەرسومی دیکەی بۆ دیاریکردنی ڕۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەرنەکردووە.

د. ئەشواق جاف ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕاشیگەیاند،" کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق وتویەتی کە 5ی مانگی 9ی ئەمساڵ پرۆسەکە بەڕێوەبچێت، هەربۆیە سەرۆکی هەرێم ئێستا لەسەر هێڵە و پرس و ڕا بە لایەنە بەشداربووەکان دەکات و ڕایان وەردەگرێت لەوەی چ کات گونجاوە بۆ هەڵبژاردن، ئیدی یان پێش ڕاگەیاندنی وادەیەکی نوێ بۆ هەڵبژاردن یان دوا وادەکە سەرکردایەتی پارتی بە فەرمی هەڵویستی خۆی ڕادەگەیەنێت، بەڵام مەبدەئیەن بەشداری پرۆسەکە دەکات."

وتیشی،" گەڕانەوەی کورسی کۆتاکان لە تموحی کۆتا و ئێمەشدا نیە، چونکە ڕێژەیان لەو ژمارەیە زۆر زیاترە کە لە کوردستاندان، هەروەها کێشەکانی دیکەش بەو هیوایەین بە خێرایی کاریان لەسەر بکرێت بۆ ئەوەی هەمووان بەشداری پرۆسەکە بکەن و پرۆسەیەکی بێ تەزویر و پاک و بێگەرد بێت."

نیگەرانیەکانی پارتی و کۆتاکان لە بارەی هەڵبژاردنی پەرلەمان وایکرد، ڕۆژی 21ی مانگی 5ی 2024، بە بڕیاری دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکان، کە سەر بە ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراقە، بڕیاریدرا لە 100 کورسیی پەرلەمانی کوردستان 5 کورسی بۆ پێکهاتەکان تەرخانبکرێت، لەو پێنج کورسیەش دوو کورسی بۆ پێکهاتەکانی پارێزگای سلێمانی و دوان بۆ هەولێر و کورسیەکیش بۆ دهۆک، بەڵام یەکێتی نیگەرانبوو لە بڕیارەکە.

کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بڵاویکردەوە کە سەرلەنوێ دەرگای تۆمارکردنیان کردووەتەوە.

ئەحمەد مازن، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لقی هەولێر، دوێنی پێنج شەممە 6ی مانگی شەش ڕایگەیاند،" بە پشت بەستن بە بڕیارەکانی دەستەی کۆمسیارانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ژمارە(1) بڕیاردرا لە بەرواری 28ی 5ی 2025، دەرگای تۆمارکردنی هاوپەیمانێتی و پارتەکان و کاندیدی تاک و کاندیدی تاک لە پێکهاتەکانی ئارەزووی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بۆ ساڵی 2024 دەستپێبکاتەوە."

پارتی دیکمواتی کوردستان جگە لە ڕەوینەوەی بەشێک لە نیگەرانیەکانی بەڵام لە هەمانکاتدا نیگەرانە لەوەی دادگای فیدڕاڵی عێراق بەردەوام پێشێلی ماددەی 117 ی دەستور دەکات، ماددەکە لە دوو بڕگە پێکهاتووە و لە بڕگەی یەکەم دەڵێت،" ئەم دەستوورە لە بەرواری پیادەکردنیەوە دان بە هەرێمی کوردستان و ئەو دەسەڵاتەی ئێستایدا دەهێنێت وەک هەرێمێکی فیدراڵی، لە بڕگەی دووەمدا ئاماژەی بەوەکردووە ئەم دەستوورە دان بەو هەرێمە نوێییاندا دەنێت کە بە گوێرەی بڕگەکانی دەستوور دا دەمەزرێنرێن."

ئەشواق جاف ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەوەشی بە دەنگی ئەمەریکا وت،" دادگای فیدراڵی پێشێلی ماددەی 117ی کردووە، چونکە یاسایەک کە پەرلەمانی کوردستان دەریبکات و چەند خولێک کاری پێبکات، هاتووە دەڵێت یاساکەی دەستووری نیە، ئەمەش پێچەوانەی دەستورە."

XS
SM
MD
LG