Accessibility links

پێوەرەکانی حکومەتی هەرێم بۆ دامەزراندنی 500 کەس لە هەڵەبجە گومانی "ناشەفافی" لێدەکەوێتەوە


شێوازی کردنەوەی دەرگای دامەزراندن بۆ 500 میلاک بە شێوەی گرێبەست لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بۆ پارێزگای هەڵەبجە و دانانی ژمارەیەک پێوەری "ناڕوون" نیگەرانی دەرچوانی دانەمەزراو و ڕێکخراوەکانی چاودێری دامەزراندنی لێکەوتووەتەوە و دەڵێن، دانانی ژمارەیەک پێوەری "ناشایستە" هەوڵێکن بۆ یاریکردن بە پرۆسەی دامەزراندنەکەوە، وە لە ڕابردوودا بەهەوڵی حزب دەیان کەسی ناشایستە لەم ڕێگایانەوە خراونەتە ناو پرۆسەی دامەزراندنەوە.

بەڵام بەرپرسانی حکومی ئەم تۆمەتانە ڕەتدەکەنەوە و دەڵێن پێوەرەکانی دامەزراندنیان بەشێوەیەک دیاریکردووە دەرفەت بۆ زۆرترین گەنج بڕەخسێنێنن.

سەروەت محەمەد ئەندامی ڕێکخراوی هەڵوێست کە تایبەتە بە چاودێریکردنی دامەزراوەکانی حکومەت لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "دانانی ژمارەیەک پێوەر و دیارینەکردنی ژمارەی خاڵەکان لەبەرامبەر میلاکی دامەزراوەکە، بەڵگەی ناشەفافی پرۆسەکەن."

وتیشی، "لە دوو ساڵی ڕابردوو پرۆسەی دامەزراندن بۆ هەڵەبجەکراوە، لە هەندێک لە دامەزراوەکان ڕوون بووە، بەڵام لە هەندێک لە دامەزراوەکانی دیکە، خەڵکی دەرەوەی هەڵەبجە بە نا یاسایی، بەهەوڵی شەخس لەناو حزبدا هێنراون دامەزراون، ئێستا داوای گواستنەوە دەکەن بۆ شوێنەکانی خۆیان و بەوەش کێشەی ناونیشانی ئیداری لە شوێنەکانیان دروستدەبێت."

ڕۆژی 4ی شەشی 2024 ، دیوانی پارێزگای هەڵەبجە فۆڕمێکی ئۆنلاینی بۆ دامەزاندنی 500 میلاک بەشێوەی گرێبەست بۆ دامەزراوە ئیداریەکانی هەڵەبجە بڵاوکردەوە کە چەند مەرجێکی لەخۆگرتووە، لە وانە لە دایکبوانی 1988 بە کۆتا ساڵ دانراوە کە دەتوانن فۆڕمەکە پڕبکەنەوە. پێوەرەکانی تری وەرگرتن لە فۆڕمەکەدا بریتین لە بەشداریکردن لەخول و ڕاهێنان و کاری خۆبەخشی لە ڕێکخراو و کەرتی گشتیدا.

سەروەت مەحەمەد ئەندامی ڕێکخراوی هەڵوێست دەڵێت ئەم مەرجانە دەرفەتی نادادپەروەری دەڕەخسێنن لە پرۆسەی وەرگرتندا چونکە "لە ئێستادا پشتگیری خۆبەخشی و خول و کارکردن لە ڕێکخراو هەمووی بە ئاسانی دەکرێن بۆ وەگرتنی نمرە؛ بەو جۆرە نازانرێت دواتر ئەوانەی دامەزراون یان دانەمەزراون لەڕێگەی کام پێوەرەوە بووە، یاخود ئایا ئەونمرانەی دراون بە کەسی دامەزراو شایستەن یان نا."

ئەنجومەنی دانەمەزراوانی پارێزگای هەڵەبجە ماوەی دوو ڕۆژە لەبەردەم دیوانی پارێزگا کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی ئەنجامدەدەن و دەڵێن پێویستە خاڵبەندی پرۆسەی دامەزراندنەکە ئاشکرابکرێت.

بیلا عەباس نوێنەری دەرچوانی دانەمەزراو لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "داوای لابردنی مەرجی تەمەن و دیاری کردنی خاڵبەندی بۆ پرۆسەی دامەزراندنەکە دەکەین و داواوش دەکەین لیژنەیەک لە نوێنەرانی دانەمەزراو ئیدارە و ڕێکخراوەکان بۆ چاودێری پرۆسەکە دروست بکرێت، تاوەکو ڕادەی شەفافیەتی پرۆسەکە ڕوون بێت."

دیاریکردنی تەمەن بۆ پرۆسەی دامەزراندن لە دامەزراوەکانی حکومەت، یەکێکە لە نیگەرانییە سەرەکییەکانی کەسانی ناڕازی. ئەوان دەڵێن ئەو پێوەرە پاڵپشتی یاسایی نیە، بەڵکۆ هەوڵێکە بۆ ئەوەی ئەو کەسانەی کە دادەمەزرێن بتوانن ساڵانێکی زۆر خزمەتبکەن و تەمەنەکانیان نزیک نەبێت لە تەمەنی خانەنشینەوە.

خوپیشاندانی کۆمەڵێک کەس لە هەڵەبجە بەهۆی نیگەرانییان لە "ناشەفافی" دامەزراندن لە مانگی شەشی 2024.
خوپیشاندانی کۆمەڵێک کەس لە هەڵەبجە بەهۆی نیگەرانییان لە "ناشەفافی" دامەزراندن لە مانگی شەشی 2024.

بەڵام ئەنجومەنی ڕاژەی هەرێمی کوردستان کە پێوەرەکانی دیاریکردووە دەڵت مەرجی تەمەن بە هەماهەنگی لەگەڵ ئیدارەی پارێزگای هەڵەبجە دیاریکراوە بۆ ڕەخساندنی هەلی کار بۆ گەنجان. ئەوان دەڵێن تا ئێستا نزیکەی 10 هەزار هاوڵاتی فۆڕمی دامەزراندنەکەیان پڕکردوەتەوە و لابردنی مەرجی تەمەنیش ئەگەرێکی لاوازە.

دیاری ڕەفیق جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی ڕاژەی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "دیاریکردنی تەمەن لە یاسا و عورفیشدا نیە، بەڵام لە وەزارەتەکان کە دیاریکراوە بۆ ئەوەیە کەسانێکی گەنج دابمەزرێن. دیاریکردنی تەمەنی 1988 بە ئامادەبوونی پارێزگاری هەڵەبجە و تەواوی ئەنجومەنی ڕاژە بووە، چونکە پێشبینی نەدەکرا تەمەنی 1988 بەرەو خوارەوە مابێت کە دانەمەزرابێت."

دیاری ڕەفیق وتیشی، "نزیکەی 9 بۆ 10 هەزار کەس فۆڕمەکەیان پڕکردووەتەوە، ئەو ڕێژەیەی کە نیگەرانن، ژمارەیان کەمە، سبەینێ دێنە لامان و کۆدەبینەوە، من هاوکاریان دەبم، هەرچەندە ڕێژەکەشیان کەمە، دەکرێت چارەسەربکرێت، ئەگەر بەدیاریکردنی ڕێژەیەکی تایبەتیش بێت بەوان، لەبەر ئەوەی کە دەرفەتی دامەزراندنیان بۆ نەڕەخساوە."

هاوپەیمانی بە دواداچوون کە لە ژمارەیەک ڕێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی بۆ بە دواداچوون بۆ بڕیارەکانی حکومەتی هەرێم تایبەت بە پارێزگای هەڵەبجە پێکهێنراوە، دەڵێت ئەو بڕیارانەی کە لەدواین سەردانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ هەڵەبجە دەریکردن، لەکۆی 9 بڕیار سەرجەمیان جێبەجێکراون، وە "سەرەڕای دەستخۆشیمان داوا دەکەین سەرنجەکانمان بۆدامەزران لەبەرچاو بگیرێن."

عاسی فائیق ئەندامی ئەنجومەنی هاوپەیمانی بەدواداچوون لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "پێویستە لەگەڵ پڕکردنەوەی فۆڕمەکە، ئەو کەسەی پڕیدەکاتەوە بزانێت خاوەنی چەند خاڵە، مەرجی تەمەن لاببرێت و بۆ هەر ساڵێکی دەرچوون خاڵێکیان بۆ دابندرێت."

پارێزگای هەڵەبجە دوای کۆبوونەوە لەگەڵ ئەنجومەنی دانەمەزراوانی هەڵەبجە، یاداشتێکی ڕەسمی ئاڕاستەی دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات بۆ گەیاندنی داواکاری دانەمەزراوان.

پەڕەی ڕەسمی دیوانی پارێزگای هەڵەبجە لە فەیسبووک بلاویکردووەتەوە، "دوای بینینی نوێنەرانی ئەنجومەنی دانەمەزراوانی هەڵەبجە، پارێزگای هەڵەبجە یاداشتێکی لە داواکاری دانەمەزراون ئامادەکردووە، ئاڕاستەی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی دەکات بۆ گەیاندنی داواکاری دانەمەزراوان."

هەڵەبجە لە ساڵی 2014 بەبڕیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە قەزاوە کراوەتە پارێزگا، لەماوەی 10 ساڵی ڕابردوودا بەهۆی فراوانکردنی دامەزراوە ئیداریەکان، کێشەی میلاکات گرفتی سەرەکی بەردەم ئیدارەی پارێزگاکە بووە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:09:20 0:00
XS
SM
MD
LG