داتا نوێیەکانی ڕاپرسییەکانی سەنتەری توێژینەوەی پیو دەریدەخەن کە جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا لە ئاستی جیهانیدا ڕێژەی پەسەندکردنی زیاترە لە دانۆڵد ترامپ سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا.
لە 5ی 1 تا 21ی پێنج، ڕاپرسییەک کە 40,566 کەس لە 34 وڵاتی جیاوازەوە تیاید بەشداربوون جگە لە ئەمەریکا، دەریخستووە کە 43% ی بەشداربووان بە متمانەیەکی مامناوەندییەوە بڕوایان وایە بایدن "کارێکی دروست لە جیهاندا دەکات"، لەکاتێکدا 28% ئەو بڕوایەیان بە ترامپ هەیە.
لە کاتێکدا ئەو کەسانەی لە ڕاپرسییەکەیاندا بەشداربوون لە 24 وڵاتدا متمانەیان بە بایدن زیاتر بووە بە بەراورد بە ترامپ، بەڵام سەرۆکی پێشوو لە هەنگاریا و تونس لە پیش بوو، لە کاتێکدا لە هەشت وڵاتەکەی دیکەدا هیچ جیاوازییەکی بەرچاو نەبووە. فلپین یەکێک بووە لەو وڵاتانەی کە متمانەی بە هەردووکیان زۆر نیشان داوە، کە بایدن 77%ی بەدەستهێناوە، ترەمپیش 68%ی بەدەستهێناوە.
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ڕێژەی پەسەندکردنی بایدن بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو دابەزیوە. لە کۆی 21 وڵاتدا ڕیژەی متمانەکردن بە بایدن لە 14 وڵاتدا دابەزیوە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی 2003.
هەندێک لە نەرێنیترین بۆچوونەکان بریتی بوون لە شەڕی ئیسرائیل و حەماس لە غەززە. لەو 34 وڵاتەدا بە ڕێژەی 57% ناڕەزایی بەرامبەر بە شێوازی مامەڵەکردنی بایدن لەگەل شەڕەکە دەربڕاوە. بە پێی نێوەندی پیو، ئەو ڕاپرسییە پێش ڕاگەیاندنی پێشنیازی کۆتاییهێنان بە شەڕەکە لەلایەن بایدن ئەنجام دراوە.
هەروەها داتاکان دەریدەخەن کە لە چەند وڵاتێکی بەشداربووی ئەم ڕاپرسییەدا پیاوان زیاتر لە ژنان متمانەیان بە ترامپ دەربڕیوە. بەڵام، ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، "زۆرجار ژنان کەمتر لە پیاوان وەڵامی ئەم پرسیارە دەدەنەوە."
پێدەچێت ڕەوتی دابەزینی پەسەندکردن بۆ هەردوو کەسایەتی سیاسی پەیوەندی هەبێت بە دابەزینی متمانە بە ئەمەریکا وەک دیموکراسییەکی نموونەیی لە جیهاندا.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، لە سەرانسەری هەموو ئەو وڵاتانەی کە بەشدارییان لە ڕاپرسییەکەدا کردووە، نزیکەی چوار لە هەر 10 بەشداربووان پێیان وایە لەکاتێکدا ئەمەریکا سەردەمانێک نموونەی دیموکراسی بووە لە ئاستی جیهانیدا، بەڵام ئێستا وا نەماوە.