Accessibility links

باڵیۆزی ئەمەریکا: سەرەڕای پرسی غەززە، تورکیا پەیوەندییەکی قووڵی لەگەڵ ڕۆژئاوادا هەیە


جێف فڵەیک باڵیۆزی ئەمەریکا لە ئەنکەرە بە ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە تورکیا بە توندی لە ڕۆژئاوا لەنگەری گرتووە و پەیوەندییەکانیشی لەگەڵ ئەمەریکا هەرگیز تا ئەم ئاستە بەهێز و قووڵ نەبووە، تەنانەت لە کاتێکدا بۆچوونی لایەنەکان لەسەر شەڕی ئیسرائیل لە غەززە بە تەواوی جیاواز و دوور لە یەکترە.

فڵەیک کە بڕیارە لە پاییزی ئەمساڵدا پۆستەکەی بەجێبهێڵێت، ڕایگەیاند پشتگیریکردنی تورکیا بۆ فەراوانکردنی ناتۆ و گرێبەستەکەی بۆ کڕینی فڕۆکەی ئێف 16ی ئەمەریکایی ئاماژەیە بۆ خواستی ئەنکەرە بۆ نزیکبوونەوە لە ڕۆژئاوا و زەمینەی گەشەی بەردەوامی بازرگانی و وەبەرهێنان دەستەبەر دەکات.

جێف فڵەیکی تەمەن 61 ساڵ لە چاوپێکەوتنەکەیدا لە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆی لە ئەنکەرە وتی "هاوبەشی ستراتیژی نێوان تورکیا و ئەمەریکا هەرگیز بەم شێوەیە بەهێز نەبووە و ئێمە لە شوێنێکی باشداین."

واشنتن فشاری خستووەتە سەر ئەنکەرە بۆ ئەوەی رێگری بکات لە هەر جۆرە خۆدزینەوەیەک لە سزاکانی سەر مۆسکۆ و هەروەها پشتگیری لە فەراوانکردنی ناتۆ بکات.

فڵەیک ئاماژەی بەوەشکردووە سەرەڕای پەیوەندییە بەهێزەکانی تورکیا لە بواری ئابووری، بازرگانی و وزە لەگەڵ ڕوسیا، بەڵام شەڕی ئۆکرانیا تیشکی خستوەتە سەر پابەندبوونی تورکیا بە ناتۆ و ڕۆژئاوا.

فڵەیک بە ئاماژەدان بە وەستاندنی کەشتییە جەنگییەکانی ڕووسیا لە دەریای ڕەش و ڕێگریکردن لە دابینکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ کیێڤ گوتی تورکیا لە پشتگیریکردنی یەکپارچەیی خاکی ئۆکرانیا و سەروەری ئۆکرانیادا بە باشی هەنگاوی ناوە.

ئاماژەی بەوەشکرد ڕای هەردوو پارتەکەی ئەمەریکا بەرامبەر بە تورکیا ئەمساڵ ئەرێنی بووە و ئەمەش بەبێ گوێدان بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا لە مانگی نۆڤەمبەردا بەردەوام دەبێت.

گرژی و ئاڵۆزییەکانی نیوان ئەمەریکا و تورکیا لەم ساڵانی ڕابردوودا بەهۆی هاوپەیمانی ئەمەریکاوە بووە لەگەڵ کوردەکانی سوریا کە تورکیا بە تیرۆریستیان ناو دەبات، هەروەها لەسەر کڕینی بەرگری ئێس-400ی ڕووسی لەلایەن تورکیاوە کە بووە هۆی سزاکانی ئەمەریکا و دوورخستنەوەی لە بەرنامەی فڕۆکەی ئێف 35.

دوایین گرژی و ئاڵوزیش لەسەر پرسی شەڕی غەززەیە کە بەهۆیەوە تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا ڕەخنەی توندی گرتووە لەوەی کە ئەو بە تاوانی جەنگی ئیسرائیل ناوی دەبات و پشتیوانی ئەمەریکا بۆ ئۆپەراسیۆنی دژی گروپی چەکداری فەلەستینی حەماس سەرکۆنە کردووە.

لێدوانەکانی فڵەیک دوای ئەوە دێت کە ئەنکەرە هەفتەی ڕابردوو ڕایگەیاندبوو بیر لە بەشداریکردن لە گروپی وڵاتانی بریکس دەکاتەوە کە پێکهاتووە لە بەرازیل، ڕووسیا، هیندستان، چین، باشووری ئەفریقا و وڵاتانی دیکە.

هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی ئەو ولاتە لەم هەفتەیەدا لە ڕووسیا چاوی بە ڤلادیمێر پوتن سەرۆککۆمار کەوت و بەشداری کۆبوونەوەی بریکسی کرد. دواتر لەلایەن میدیای دەوڵەتی تورکیاوە راگەیەندرا کە فیدان ئاماژەی بەوەداوە کە پەیوەندییەکانی تورکیا و ڕووسیا "بەڕاستی بە شێوەیەکی خەیاڵی بە باشی بەڕێوەدەچێت".

پوتن ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند کە ئەردۆغان لە مانگی حەوتدا بەشداری لە لوتکەی ڕێکخراوی هاوکاریی شەنگەهای دەکات و هیوای خواست لەوێ چاوی پێی بکەوێت.

فڵەیک ئاماژەی بەوەشکرد لەکاتێکدا هیوادارە تورکیا پەیوەندی بە بریکسەوە نەکات، بەڵام هەنگاوێکی لەو شێوەیەش پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ ڕۆژئاوا ناگۆڕێت.

سەرچاوە/ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG