Accessibility links

کۆمیسیۆنێکی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت ئیسرائیل و حەماس تاوانی جەنگیان ئەنجامداوە


کۆمیسیۆنی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان (COI) ڕۆژی چوارشەممە، 12ی مانگی شەش رایگەیاند ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی دەریدەخات کە هەم ئیسرائیل و هەمیش حەماس و گروپە چەکدارەکانی دیکەی فەلەستینی لە 7ی ئۆکتۆبەری 2023 ەوە تاوانی جەنگیان لە کەرتی غەززە ئەنجامداوە.

پشکنەرانی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتەکەیاندا باسیان لە کوشتن، کوشتنی بە ئەنقەست، ئەشکەنجەدان، توندوتیژی سێکسی و پێشێلکردنی کەرامەتی مرۆڤ کردووە.

ناڤی پیڵای سەرۆکی کۆمیسیۆنی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاتی ڕاگەیاندنی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان لە جنێڤ ڕایگەیاند "بە تەواوەتی پێویستە هەموو ئەوانەی ئەم تاوانانەیان ئەنجامداوە لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت".

ئەنجامە پێشکەشکراوەکان لەسەر بنەمای دوو ڕاپۆرتە، ڕاپۆرتێک لەسەر هێرشی ڕێکخراوی تیرۆریستی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە 7ی ئۆکتۆبەری 2023 و ڕاپۆرتەکەی دیکەش لەسەر وەڵامە سەربازییەکانی ئیسرائیل بۆ ئەم ڕووداوە تا کۆتایی مانگی دوازدەی ساڵی 2023. ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان بەنیازە هەفتەی داهاتوو تاوتوێ و ڕاوێژ لەسەر ئەم ڕاپۆرتە بکات.

کۆمیسیۆنی لێکۆڵینەوەی ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتەکەیدا تاوانە جەنگییەکانی حەماس و شەش گروپی چەکداری فەلەستینیی خستۆتە لیستی تاوانەکانی شەڕەوە، وەک "هێرشکردنە سەر هاووڵاتیانی مەدەنی، ئەشکەنجەدان، مامەڵەی نامرۆڤانە و ترسناک و بارمتەگرتن".

پیڵای گوتی بە بارمتە گرتنی مرۆڤ تاوانی جەنگییە و داوای کۆتایی هێنان بە هێرشەکانی گرووپە چەکدارەکانی فەلەستینی بۆ سەر ئیسرائیل و ئازادکردنی هەموو بارمتەکان کرد کە لەلایەن حەماسەوە دەستبەسەر کراون.

هەروەها ڕاپۆرتەکە ئیسرائیل تۆمەتبار دەکات و دەڵێت هێرشه کانی ئیسرائیل و ئۆپەڕاسیۆنه سەربازییەکان له کەرتی غەززه به هۆی زۆری ژماره ی قوربانییەکان، تاوانی دژ به مرۆڤایەتییه و داوای کۆتایی هێنانی ئۆپەراسیۆنەکانی ئیسرائیل کردووە و ڕایگەیاندووە "ژمارەی زۆر بەرزی قوربانیانی مەدەنی لە غەززە و وێرانکردنی بەربڵاوی بینا و ژێرخانی مەدەنی کەرتەکە، دەرئەنجامی ستراتیژییەکە کە ئامانج لێی گەیاندنی زۆرترین زیانە".

بەپێی ڕاپۆرتەکە، ئیسرائیل تاوانێکی دیکەی جەنگیشی ئەنجامداوە، لەوانە "برسیکردنی خەڵک وەک ئامرازێکی جەنگ".

لە ڕاپۆرتی کۆمیسیۆنی لێکۆڵینەوەی ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتووە کە ئیسرائیل "نەک هەر لە گەیاندنی کەلوپەلی گرنگ و پێداویستییەکاندا، وەک ئاو، خۆراک و دەرمان بۆ دانیشتوانی غەززە کەمتەرخەمی کردووە، بەڵکو ڕێگری لە هاوکارییەکانی خەڵکی دیکەش کردووە".

کۆمیسیۆنەکە هەروەها ئیسرائیلی بەوە تۆمەتبار کردووە کە ئاستەنگ لە کار و چالاکییەکانیدا دروست دەکات و ڕێگە نادات ئەندامانی کۆمیسیۆنەکە سەردانی ناوچەکانی ئیسرائیل و فەلەستین بکەن.

ئیسرائیل ڕەتیکردۆتەوە هاوکاری ئەم کۆمیسیۆنە بکات و تۆمەتباری دەکات بەوەی کە ڕوانگەیەکی دژە جووی هەیە. لە بەیاننامەیەکدا کە باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە جنێڤ لەم پێوەندییەدا بڵاویکردووەتەوە، هاتووە کە ئەو کۆمیسیۆنەی ئاماژەی پێکراوە دیدێکی یەکلایەنەی بە نیسبەت رووداوەکەوە هەیە".

ئیسرائیل هێرشی خۆی بۆ سەر غەززە دەستپێکرد دوای هێرشێکی حەماس بۆ سەر باشووری ئیسرائیل لە 7ی مانگی دە کە تێیدا چەکداران هەزار و 200 کەسیان کوشت و زیاتر لە 250 کەسیان بە بارمتەیان گرت. بەگوتەی دەسەڵاتدارانی تەندروستی غەززە لەو کاتەوە تا ئێستا بەهۆی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە، زیاتر لە 37 هەزار کەس کوژراون و هەزاران کەسیش بوون بە ژێر داروپەردووەکانەوە.

سەرچاوە/ڕۆیتەرز/ئەی پی

XS
SM
MD
LG