Accessibility links

دەیان کۆڵبەری منداڵ لە ماوەی ساڵێکدا لەسەر سنووری ئێران و عێراق کوژراون و بریندار بوون


ماڵپەڕی کۆڵبەر نیوز لە ڕاپۆرتێکدا بەبۆنەی 12ی مانگی شەش کە ڕۆژی جیهانی دژ بە کارکردنی منداڵانە، ڕایگەیاندووە لە ماوەی دوازدە مانگی رابردوودا لانیکەم دوو منداڵ بە هۆی کۆڵبەرییەوە کوژراون و 43 منداڵی دیکەش برینداربوون.

بەگوێرەی زانیارییەکانی کۆڵبەر نیوز، ئەو منداڵە کۆلبەرانە کە هەموویان تەمەنیان لە نێوان 14 بۆ 18 ساڵ بووە، لە ماوەی دوازدە مانگی ڕابردوودا لە سنوورەکانی ئێران کوژراو و بریندار بوون، ئەمەش بەهۆی هۆکارەکانی وەک "تەقەکردنی ڕاستەوخۆ لەلایەن هێزە سنوورییەکانی ئێران، ئەشکەنجەدانی کۆڵبەران لەلایەن پاسەوانانی سنووری عێراق، کەوتنە خوارەوە لە شاخەکان و تەقینەوەی مین."

بە پێی ئەو ئامارەی کە ئەم ماڵپەڕە بڵاوی کردۆتەوە، دوو منداڵی کۆلبەر بە ناوەکانی فاروق عەلیزادە تەمەن 17 ساڵ و هەستیار عەبدولکەریمی تەمەن 15 ساڵ بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سنوورییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و ڕەقبوونەوە گیانیان لەدەست داوە.

هەروەها کۆڵبەرێکی منداڵی دیکە بەهۆی تەقینەوەی مینەوە قاچی بریندار بووە و منداڵێکی دیکەش بەهۆی کەوتنەخوارەوە لە شاخێک لەکاتی ڕاوەدوونانی هێزە سنوورییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بریندار بووە.

ئەم ڕاپۆرتە ئاماژە بەوە دەکات کە هەشت کۆڵبەر لە سنووری "بیارە" لە پارێزگای هەڵەبجە لەلایەن هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراقەوە دەستگیرکراون. بەگوێرەی ڕاپۆرتەکەی کۆڵبەر نیوز، ئەو هەشت کەسە دوای لێدانیان، ڕیش و قژیان لەلایەن هێزەکانەوە تاشراوە و سووکایەتیان پێکراوە. چوار لە کۆڵبەرەکان تەمەنیان لە نێوان 16 بۆ 17 ساڵ بووە.

جگە لەوەش مێرمنداڵێکی تەمەن 17 ساڵ بە ناوی دانیال مام ئەحمەد لەلایەن دادگای ئینقلابی ئیسلامی مەریوانەوە، بە دوو ساڵ زیندانیکردن و لێدانی 74 قامچی و غەرامەکردنی دوو ملیار تۆمان سزا دراوە.

لەم ساڵانەی دواییدا هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران به بیانووی بەرەنگاربوونەوەی کاڵای قاچاغ، تەقەیان لە سەدان کاسبکار و کۆڵبەری کورد کردووە و بەو هۆیەوە تاکو ئێستا ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتیانی کورد گیانیان لەدەستداوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ساڵانەی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، تەنها لە ماوەی مانگی سێی ئەمساڵدا، لانیکەم 49 کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستانی ئێران و کوردستانی عێراق بریندار بوون 10 کۆڵبەریش بە تەقەی هێزە سەربازییەکانی ئێران کوژراون.

هەروەها ماڵپەری مافی مرۆڤی کوردپا لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا ڕایگەیاندووە کە لە مانگی سێی ساڵی 2023 تا مانگی سێی ساڵی 2024، 507 کۆڵبەر لە شارەکانی کوردستان یان کوژراون یان بریندار بوون.

کۆردپا ژمارەی کۆڵبەرە کوژراوەکان لەو ماوەیەدا بە 44 کۆڵبەر خەمڵاندووە کەە لەو ژمارەیەش 32 کەسیان بەهۆی تەقەکردنی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە کوژراون.

XS
SM
MD
LG