Accessibility links

لە دیالە ناکۆکی ناوخۆیی شیعە و لە کەرکوک ناکۆکی پێکهاتەکان ڕێگرن لەبەردەم پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی


لەکاتێکدا لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق حکومەتی خۆجێی پێکهێنراوە، بەڵام ناکۆکی نێوان لایەنە شیعەکان لە پارێزگای دیالە لەسەر پۆستی پارێزگار و ناکۆکی نێوان پێکهاتەکانی کەرکوک لەسەر هەمان پۆست ڕێگرن لەبەردەم پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی لەو دوو پارێزگایەدا.

سەرۆک وەزیرانی عێراق لە هەوڵەکانی بۆ نێوەندگیریکردنی پێکهاتەکانی کەرکوک چڕکردووەتەوە بەردەوامە. لە دیالەش ناکۆکی ناوخۆیی نێوان لایەنە شیعەکان لەسەر پۆستی پارێزگار وایکردووە ڕێککەوتن ئەستەمبێت.

شێرکۆ میروەیس، بەرپرسی مەڵبەندی خانەقینی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "تا ئێستا لایەنە شیعەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی ڕێکنەکەوتوون لەسەر کاندیدێک بۆ پۆستی پارێزگاری دیالە. ئێمە و بەشێک لە لایەنە سوننەکان گەرچی پێمانباشە پارێزگار بۆ لایەنی شیعە بێت، بەڵام نامانەوێت لایەنگیربین لەو ناکۆکییەی لەنێو لایەنە شیعەکاندا هەیە."

بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە، لیستی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و ڕێکخراوی بەدر خاوەنی 4 کورسیین کە 3 کورسییان هی ڕێکخراوی بەدرە، لیستی عەسایبی ئەهلی حەق 2 کورسی، لیستی ئەساسی موحسن مەندەلاوی کورسییەک، لیستی سیادەی سوننە 3 کورسی، لیستی تەقەدومی سوننە 3 کورسی، لیستی عەزمی سوننە کورسییەک و لیستی یەکێتی نیشتمانی کوردستان کورسییەکی لەکۆی 15 کورسی ئەنجومەنی پارێزگاکە بەدەستهێناوە.

واتە لایەنە شیعەکان لە کۆی 15 کورسی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە 7 کورسییان بەدەستهێناوە.

موسەنا تەمیمی پارێزگاری ئێستای پارێزگاکە کاندیدی ڕێکخراوی بەدرە بۆ وەرگرتنەوەی پۆستەکەی، بەڵام لایەنە شیعەکانی تر لەمە ناڕازین.

شێرکۆ میروەیس دەڵێت، "دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی پارێزگاری دیالە لەبەرژەوەندی خەڵک نییە و زۆرێک لە پرۆژەکان ڕاوەستان و چاوەڕوانی دەستبەکاربوونی پارێزگار و ئەنجومەنی نوێی پارێزگان، بەڵام هەتا ئێستا کێشە سیاسییەکان بەردەوامن."

لە مانگی دووی ساڵی 2024، هادی عامری سەرۆکی ڕێکخراوی بەدر لە ژێر فشاری لایەنە شیعەکاندا بڕیاریدا بە گۆڕینی موسەنا تەمیمی و کاندیدکردنی محەمەد جاسم عەبود کوڕی سەرۆکی دادگای فیدراڵی وەک جێگرەوەی، بەڵام لایەنگرانی موسەنا تەمیمی لەبەردەم بینای پارێزگا خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و سەرۆکی ڕێکخراوی بەدریان ناچارکرد لە بڕیارەکەی پاشگەزببێتەوە.

موسەنا تەمیمی پارێزگاری ئێستای دیالە و کاندیدی ڕێکخراوی بەدر بۆ وەرگرتنەوەی پۆستەکەی کە لایەنە شیعەکان دژی ئەوەن پۆستەکەی پێبدرێتەوە، لە ساڵی 2015ەوە پارێزگاری دیالەیە.

سەرچاوەیەکی نزیک لە دانوستانی نێوان لایەنەکانی پارێزگای دیالە بۆ پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کە داوایکرد ناوی ئاشکرانەکرێت، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "لایەنە شیعەکان لەناو خۆیاندا ناکۆکن لەسەر دانانی کەسێک بۆ پارێزگاری دیالە، کوتلەی بەدر دەیەوێت موسەنا تەمیمی پارێزگاری ئێستا لە پۆستەکەی دابنێتەوە و دەوڵەتی یاسا و عەسایبی ئەهلی حەقیش دژی دانانەوەی موسەنا تەمیمین."

سەرچاوەکە وتیشی، "کوتلەی بەدر دەڵێت، موسەنا تەمیمی 45 هەزار دەنگی هێناوە و ناتوانن ڕێز لەو دەنگە زۆرە نەگرن و کاندیدی نەکەنەوە بۆ پۆستەکە."

کۆبوونەوەیەکی ڕابردووی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک
کۆبوونەوەیەکی ڕابردووی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک

هاوکات لەگەڵ ناکۆکی نێوان لایەنە شیعەکانی پارێزگای دیالە لەسەر پۆستی پارێزگار، ململانێی نێوان پێکهاتەکانی کەرکوکیش لەسەر هەمان پۆست ڕێگرە لەبەردەم پێکهێنانی حکومەتی خۆجێییدا.

بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، یەکێتی نیشتمانی کوردستان 5 کورسی، پارتی دیموکراتی کوردستان 2 کورسی، عەرەبی سوننە 6 کورسی، تورکمان 2 کورسی و کوتلەی بابلیۆنیش تەنها کورسییەکی لەکۆی 16 کورسی ئەنجومەنی پارێزگاکە بەدەستهێناوە.

عەرەبی سوننە لە مانگی 10ی ساڵی 2017ەوە پۆستی پارێزگاری لایە و نایەوێت دەستبەرداری ببێت، کوردیش چاوی لە بەدەستهێنانی ئەو پۆستەیە و تورکمانیش داوایدەکات، ئەمەش وایکردووە ڕێککەوتنی پێکهاتەکان قورسبێت.

ڕۆژی 29ی پێنجی 2024، محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بەمەبەستی نزیککردنەوەی لایەنەکان لەیەکتری بۆ سێیەم جار لەگەڵ نوێنەری کورد و عەرەب و تورکمان کۆبوویەوە، بەڵام کۆبوونەوەکە بە بێئەنجام کۆتاییهات.

پەروین فاتح، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لە کوتلەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "دوای سێیەم کۆبوونەوەی نێوان سەرۆکوەزیرانی عێراق و پێکهاتەکان دوو هەفتە دانرا هەتا لایەنەکان ڕێکبکەون، بەڵام ئێستا وەرزی حەجە و سێ ئەندامی ئەنجومەن لە حەجن، بۆیە وا بڕیارە دوای گەڕانەوەی ئەو سێ ئەندامە لە دوای جەژنی قوربان کۆبوونەوە ئەنجامبدرێت."

بڕیاربوو لە ڕۆژی 5ی مانگی دووی 2024، ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک یەکەم کۆبوونەوەی خۆی ئەنجامبدات، بەڵام بەهۆی بایکۆتکردنی کۆبوونەوەکە لەلایەن کوتلەی عەرەبی و تورکمانییەوە کۆبوونەوەکە شکستی هێنا.

پەروین فاتیح دەڵێت، "کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک گرێدراوە بە ڕێککەوتنی نێوان پێکهاتەکانەوە."

سەرباری ڕێکنەکەوتنی لایەنە شیعەکانی دیالە لەسەر پۆستی پارێزگار، بەڵام ئەنجومەنی پارێزگاکە یەک کۆبوونەوەی ئەنجامداوە و ئەمەش وایکردووە مووچە بۆ ئەندامەکانی خەرج بکرێت، لەکاتێکدا بەهۆی ئەنجامنەدانی کۆبوونەوەوە هەتا ئێستا مووچە بۆ ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک خەرجنەکراوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:56 0:00
XS
SM
MD
LG