بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی راپەڕین ڕایدەگەیەنێت، نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی 14ی مانگی شەش، پێنج کەس لە ڕووباری زێی بچووکدا خنکان کە هەر پێنجیان ئەندامی یەک خێزانن و خەڵکی شارۆچکەی ئاکرێن، خێزانەکە بە مەبەستی مەڕداری هاتوونەتە سنوری ڕاپەڕین.
عەلی قادر، بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی ڕاپەڕین، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" پێنج کەس لە ڕووداوەکەدا خنکاون کە ئەندامی یەک خێزانن، خەڵکی ئاکرێن و شوانکارەن بۆ مەبەستی لەوەڕاندنی مەڕوو ماڵات هاتوونەتە سنوورەکە."
وتیشی،" ڕووداوەکە بەو جۆرە بووە، مێردمنداڵێکی تەمەن 17 ساڵی خێزانەکە ناوی شەهریە و لە ڕەگەزی مێیە، باری دەروونی ناجێگیرە سەرەتا چۆتە ناو ئاوەکە، چوار ئەندامەکەی تر هەوڵیانداوە ڕزگاری بکەن، بەڵام نەیانتوانیوە و سەر ئەنجام هەر پێنجیان خنکاون."
نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی، هەواڵی خنکانی پێنج کەس لە ڕووباری زێی بچووک لە دەڤەری ڕاپەڕین بڵاو کرایەوە، ئەو کەسانەی لە ڕووداوەکەدا خنکاون ئەندامی یەک خێزانن و تەمەنیان لە نێوان 17 تاکو 50 ساڵی دەبێت.
بە وتەی بەرگری شارستانی ڕاپەڕین لە ئێستادا تەرمی هەر پێنج ئەندامی خێزانەکە دەرهێندراونەتەوە و بە مەبەستی بە خاکسپاردنیان بەڕێکراون بۆ زێدی خۆیان لە ئاکرێ.