Accessibility links

کۆماری چیک گومانبارێکی هیندستانی ڕادەستی ئەمەریکا دەکات


گورپەتوانت سینگ پانون، سەرکردەی جوداخوازی سیخەکان
گورپەتوانت سینگ پانون، سەرکردەی جوداخوازی سیخەکان

وەزیری دادی کۆماری چیک ئەمڕۆ دووشەممە ڕایگەیاند، پیاوێکی هیندی کە گومانی لێدەکرێت دەستی لە پیلانێکی سەرکەوتوو نەبوودا هەبووە بۆ کوشتنی جوداخوازێکی سیخەکان لەسەر خاکی ئەمەریکا، لە چیکەوە ڕادەستی ئەمەریکا کراوە.

نیکهێل گوپتا لەلایەن داواکاری گشتی فیدراڵی ئەمەریکاوە تۆمەتبار کراوە بە پیلانگێڕی لەگەڵ بەرپرسێکی حکومەتی هیندستان بۆ کوشتنی گورپەتوانت سینگ پانون، دانیشتووی ئەمەریکا و داکۆکاری دەوڵەتێکی سەربەخۆی سیخەکان لە باکووری هیندستان.

گوپتا مانگی شەشی ساڵی ڕابردوو لە هیندستانەوە گەشتێکی بۆ پراگ کرد و لەلایەن دەسەڵاتدارانی چیکەوە دەستگیرکرا. مانگی ڕابردوو دادگایەکی چیک داواکارییەکەی بۆ ڕادەستنەکردنی بە ئەمەریکا ڕەتکردەوە، ئەمەش ڕێگەی بۆ وەزیری دادی چیک خۆشکرد تا ڕادەستی بکاتەوە.

وەزیری دادی کۆماری چیک پاڤێڵ بلازێک لە پلاتفۆرمی ئێکس (تویتەر) دەڵێت "لەسەر بنەمای بڕیارەکەم لە (3ی شەش)، هاووڵاتی هیندی نیکهێل گوپتا کە گومانی پیلانگێڕی بۆ ئەنجامدانی کوشتنی لێدەکرێت، ڕۆژی هەینی (14ی شەش) ڕادەستی ئەمەریکا کرا بۆ دادگایی کردنی لە تۆمەتێکی تاوانکاریدا."

ئەم لێدوانانە هەواڵێکی پێشووی ئاژانسی ڕۆیتەرزی پشتڕاستکردەوە کە باسی ڕادەستکردنەوەکەیان کردبوو کە ئاماژەیان بە ماڵپەڕی نووسینگەی فیدراڵی زیندانەکان و سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بابەتەوە کردووە.

گەڕان لە ناوی زیندانییەکان لە ماڵپەڕی نووسینگەی زیندانەکان ڕۆژی یەکشەممە دەریخست کە گوپتا تەمەن 52 ساڵ لە سەنتەری دەستبەسەرکردنی میترۆپۆلیتان لە برۆکلینی ئەمەریکا ڕاگیراوە، کە شوێنێکی دەستبەسەرکردنی حکومەتی فیدراڵییە.

وتەبێژی وەزارەتی دادی ئەمەریکا ڕەتیکردەوە هیچ لێدوانێک بدات. پارێزەری گوپتا کە بنکەکەی لە ئەمەریکایە، پارێزەر جێفری چابرۆ، هیچ لێدوانێکی دەستبەجێی نەبوو.

دەرکەوتنی پیلانی گوایە تیرۆرکردنی جوداخوازە سیخەکان لە ئەمەریکا و کەنەدا، پەیوەندییەکان لەگەڵ هیندستان دەخاتە ڕەوشێکی سەختەوە، کە لەلایەن گەلانی ڕۆژئاواوە وەک بەرپەرچدانەوەیەک بۆ بەرزبوونەوەی کاریگەرییە جیهانییەکانی چین سەیر دەکرێت. حکومەتی هیندستان ڕەتیدەکاتەوە دەستی لەم جۆرە پیلانانەدا هەبێت.

کەنەدا لە مانگی نۆی ڕابردوودا ڕایگەیاندبوو، دەزگا هەواڵگرییەکانیان بەدوای ئەو تۆمەتانەدا دەگەڕێن کە حکومەتی هیندستان بە کوشتنی هاردیپ سینگ نیجار، سەرکردەی جوداخوازی سیخەکان لە مانگی شەشی ساڵی ڕابردوو لە کەنەدا.

لە مانگی یازدەدا دەسەڵاتدارانی ئەمەریکا ڕایانگەیاندبوو، بەرپرسێکی حکومەتی هیندستان پیلانەکەی هەوڵی کوشتنی پانون کە هاووڵاتییەکی ئەمەریکایی و کەنەدییە، داڕشتووە. گوپتا تۆمەتبارە بە تێوەگلان لەو پیلانەدا.

پانون ڕۆژی یەکشەممە بە ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، لەکاتێکدا ڕادەستکردنەوەکە هەنگاوێکی باشە، بەڵام "نیکهێل گوپتا تەنها بەکرێگیراوێکە."

حکومەتی هیندستان خۆی لە پیلانی دژی پانون جیاکردەوە و ڕایگەیاندووە، ئەمە دژی سیاسەتی حکومەتەکەیە. دەشڵێت کە بە فەرمی لێکۆڵینەوە لەو نیگەرانییە ئاسایشییانە دەکات کە لەلایەن واشنتنەوە هاتووەتە ئاراوە.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG